چۆنیەتی دەرکردنی زەکات لەماڵێک کە لەقەرزدایە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆنیەتی دەرکردنی زەکات لەماڵێک کە لەقەرزدایە
پرسیار:

چۆنیەتی دەرکردنی زەکات لەماڵێک کە لەقەرزدایە

دروست نییە كەسێك قەرزى بەلاى كەسێكەوە بێت زەكاتەكەى بدات پێش ئەوەى وەرى بگرێتەوە، چونكە لە ئێستادا ئەو قەرزە لەدەستیدا نییە، بەڵام ئەگەر قەرزەكە بەلاى كەسێكى دەوڵەمەندەوە بوو ئەوا هەموو ساڵێك زەكاتى هەیە، جا ئەگەر لەگەڵ ماڵەكەیدا زەكاتەكەى دەركرد ئەوا ئەستۆپاك بووە، وە ئەگەریش لەگەڵ ماڵەكەیدا زەكاتەكەى دەرنەكرد ئەوا هەركات قەرزەكەى بۆ هاتەوە دەبێت زەكاتى هەموو ساڵەكانى پێشوو دەربكات، ئەوەش لەبەر ئەوەى كەسی دەوڵەمەند دەكرێت داواى قەرزەكەى لێ بكرێت، جا وازلێ هێنانى بەئارەزووى خاوەن قەرزە، بەڵام ئەگەر قەرزەكە بەلاى كەسێكى نەدار وهەژارەوە بوو یان كەسێكى دەوڵەمەند بەڵام ناتوانرێت داواى قەرزەكەى لێ بكرێت ئەوا زەكاتى هەموو ساڵێكى لەسەر واجب نییە، ئەوەش لەبەر ئەوەى ئەو بڕە پارەیە ناتوانرێت بەدەست بخرێت و خواى گەورەش فەرموویەتى: (وَإِنْ كَانَ ذُو عُسْرَةٍ فَنَظِرَةٌ إِلَى مَيْسَرَةٍ ) (البقرة: الآية280) واتە: ئەگەر قەرزپێدراو تواناى دانەوەى نەبوو ، ئەوا مۆڵەتى پێبدەن تا خواى پەروەردگار ڕزقێكى بۆ ئاسان دەكات و بەهۆیەوە بتوانێت ماڵەتان بداتەوە. جا هەر ماڵێك نەتوانرا وەدەست بخرێت و سوودى لێ وەربگیرێت ئەوا زەكاتى لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر وەرى گرتەوە ئەوا ئەهلى عیلم هەیە دەڵێن: سەرلەنوێ ساڵێك چاوەڕێ دەكات تا ساڵى بەسەردا بچێت. وە هەشیانە دەڵێن: زەكاتى یەك ساڵى لێ دەردەكات و ئەگەر ساڵێكى ترى بەسەردا تێپەڕی ئەوا دیسانەوە زەكاتى لێ دەردەكات و ئەمەش لە بۆ احتیات باشترە والله أعلم.

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -  

سەردان: ١٧ بەش: زەکات و سەرفیترە