حوكمى دانى زەكات چییە بۆ دروست كردنى مزگەوت؟ وە ئایا كەسی هەژار كێیە؟
زەكات دروست نییە تەنها بۆ ئەو هەشت جۆرە نەبێت كە خواى گەورە باسیانى كردووە
زەكات دروست نییە تەنها بۆ ئەو هەشت جۆرە نەبێت كە خواى گەورە باسیانى كردووە، وەكو دەفەرموێت: (إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ فَرِيضَةً مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ) (التوبة:60) ، واتە: زەكاتە فەرزەكان تەنها دەدرێت بەم كۆمەڵە خەڵكانە : ئەو نەدارانەى كە هیچیان نیە ، و ئەو كەمدەستانەى كە بەپێى پێویست بژێویان نیە ، و ئەو كرێكارانەى كە زەكات و سەدەقەكە كۆدەكەنەوە ، و ئەوانەى كە بەزەكاتەكە دڵنەواییان دەكەنەوە ، لەوانەى كە ڕجاى ئیسڵام بوونیان دەكرى یان ئومێدى پتەوبوونى باوەڕیان دەكرێت ، یان سوودى بۆ موسڵمانان هەبێت ، یان بەهۆیانەوە شەڕ و خراپەیەك لە موسڵمانان دوور دەخەنەوە ، وە دەدرێت بۆ ئازادكردنى ئەو كۆیلە و بەندانەى كە گرێبەندیان لەگەڵ گەوەرە و خاوەنەكانیان نوسیوە بۆ ئازادبوونیان ، وە بە قەرزارانیش ( ئەوانەى كە قەرزاربوون لە ئاشتەوایى نێوان دوو كەسدا ، و ئەوانەش كە قەرزارى بارى سەرشانى قورس كردوون لەشتێك كە خراپە و ئیسراف و زیادڕەوى نەبووبێت ، ئێستا تواناى دانەوەیان نیە ) ، وە بۆ تێكۆشەرانى ڕێگاى خواى پەروەردگار ، و بەو ڕێبوارانەى كە بژێویان لێبڕاوە و ناگەنە جێگاى خۆیان ، ئەم دابەشكردنە خواى پەروەردگار دیارى كردوون وبڕیارى لەسەر داوە . و خواى پەروەردگاریش زانایە بەبەرژەوەندى بەندەكانى و كارزان وكاربەجێیە لە بەڕێوەبردن و شەرعەكەیدا .
جا بۆیە دروست نییە بۆ دروست كردنى مزگەوت و فێركردنى عیلم و شتى لەو شێوەیە، بەڵام صەدەقەى سوننەت باشتر وایە لە شتى بەسوددا سەرف بكرێت.
ئەو هەژارەى كە شایستەى زەكاتە ئەوەیە كە ئەوەندە بژێـوى خۆى و خێزانى نییە كە پێویست بێت بۆ ماوەى ساڵێك ئەوەش بەپێى شوێن و كات، بۆ نمونە لەوانەیە هەزار ریال لە شوێن و كاتێكدا بە دەوڵەمەند لەقەڵەم بدرێت و لەشوێن وكاتێكى تردا بە دەوڵەمەند هەژمار نەكرێت، وە لە كات و شوێنێكى تریشدا بە دەوڵەمەند دانەنرێت لەبەر گرانى گوزەران و شتى لەو بابەتە.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -
