کە زانیم مێردەکەم خیانەتم لێ دەکات لێى جیابومەوە و منداڵەکەم لەبار برد ئایا تاوانبار دەبم؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کە زانیم مێردەکەم خیانەتم لێ دەکات لێى جیابومەوە و منداڵەکەم لەبار برد ئایا تاوانبار دەبم؟
پرسیار:

من لە دوای چەند مانگێك لە شووكردنم لە مێردەكەم جیابوومەوە چونكە زانیم كە لە گەڵ ئافرەتی تردایە و ئەچێت بۆ شوێنی تر و زۆر شتی خراپ و نابەجێ و ناشەرعی، بۆیە كە دڵنیا بووم لە گەڵی بمێنمەوە ئەوا خۆم و دینەكەم و شەرەفم لە دەست ئەدەم بۆیە جیابوومەوە پێش چەند مانگێك، ئەو كاتە سكم نەگەشتوە چل ڕۆژ بێ پرسی ئەو منداڵەكەم لەبار برد، هەندێك جار زۆر هەست بە تاوان دەكەم، ئایا تاوانم كردووە بێ پرسی ئەو ئەو كارەم كردوە ؟

بسم الله الرحمن الرحیم

سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
لەبار بردنی منداڵ تاوانە و دروست نى یە، وە ئەگەر ڕۆحی بە بەردا كرابێت ئەوا دەبێتە كوشتن (قەتل) كە یەكێكە لە تاوانە گەورەكان، وە زانایانی ئیسلام جیاوازییان تێدایە سەبارەت بە كاتی (ڕۆح بە بەراكردنی منداڵ) ئایا لە40 چل ڕۆژەی پەیدا بوونى یەوە دەبێت یان لە 120 چوار مانگانەوە دەبێت، جا ئەو حاڵەتەی تۆ پێی تاوانبار دەبی بەڵام بە كوشتن (قەتل) حیساب ناكرێت (إن شاء الله) چونكە پێش چل ڕۆژ بووە، بۆیە پێویستە لە سەرت تەوبە بكەیت و داوای لێبووردن لە خوا بكەیت و پەیشمان ببیتەوە لەو كارەت
ئەمە لە لایەكەوە، لە لایەكی تریشەوە تۆ بە بێ پرسی (مێردەكەت) منداڵەكەت لە بار بردووە ئەمەش تاوانە چونكە ئەو منداڵە حەقی ئەویشی تێدا هەبووە لە بەر ئەوەی بەشێكی هی ئەویش بووە، بەڵام ئەم تاوانەش بە تەوبە كردن و پەشیمان بوونەوە و بەخۆداچوونەوە خوا لێت خۆش دەبێت (إن شاء الله).
بەڵام بە پێویستی دەزانم كەوا هەندێك شتت بۆ ڕوون بكەمەوە:
1 ـ پێویستە لە سەر ئافرەت و (هەروەها لە سەر سەرپەرشتیارەكەشی بە تایبەت لە باوك و برا و كەسوكاری) كەوا پێش ئەوەی شووبكات و بە شووبدرێت بیربكاتەوە و پرسیار بكات و بكەن: ئایا ئەو كوڕەكەی كە هاتووەتە خوازبێنی ئەو كچە كێیە ؟ وە ئایا دین و ئەخلاق و ڕەوشتی چۆنە ؟
بەڕاستی نابێت نە كچەكە خۆی و نە سەرپەرشتیارەكەشی زوو بە زوو بڕیارێكی سەرپێیانە بدەن و پێش تێڕوانین و پرسیار كردن و هەڵسەنگاندنی كوڕی خوازبێنیكار ئەو بڕیارە ترسناكە بدەن، بۆیە پێغەمبەری خوا لەم بارەیەوە فەرموویەتی: ((إذا أتاكم من ترضون دينه وخلقه فانكحوه، إنْ لا تفعلوه تكن فتنة في الأرض وفساد كبير)) [صحيح سنن الترمذي رقم: (1084)] .
واتە: ئەگەر كەسێك هات بۆ خوازبێنی ژن لێتان لە دین و ئەخلاقی ڕازی بوون ئەوا ژنی بدەنێ، ئەگەر وا نەكەن ئەوا فیتنە و ئاشوب و فەساد و بەدڕەوشتى یەكی گەورە ڕوودەدات لە زەویدا.
لە ڕوانگەی ئەم فەرموودەیەوە ئاشكرا دەبێت تۆ هەر لە سەرەتاوە هەڵەت كردووە لە شووكردنت بەو كوڕەی كە خۆت دەڵێیت: (چونكە زانیم كە لە گەڵ ئافرەتی تردایە و ئەچێت بۆ شوێنی تر و زۆر شتی خراپ و نابەجێ و ناشەرعی، بۆیە كە دڵنیا بووم لە گەڵی بمێنمەوە ئەوا خۆم و دینەكەم و شەرەفم لە دەست ئەدەم) !!!
2 ـ بەڕاستی زۆر چاكت كردووە كەوا زوو فریای خۆت كەوتوویت و لێی جیابوویتەتەوە بە مەبەستی ئەوەی (خۆت و دینەكەت و شەرەفت لە دەست نەدەیت)، ئەمەش بەڵگەیە لە سەر لە خوا ترسان و خۆپارێزیت لەوەی كە زیان بە دین و شەرەفت دەگەیەنێت.. جا ئەمە نیشانەی ئیمان و ڕەوشت بەرزی و ئەدەب و شەرم و حەیا و حیشمەتە..
چونكە بەڕاستی هاوەڵێتی كردن و هاوسەرێتی و خێزاندارێتی لە گەڵ كەسێكی بێ دین و ڕەوشت خراپدا ووردە ووردە دین و ئەخلاقت پێناهێڵێت و ژیانی دونیا و دینت دەسوتێنێت، چونكە پێغەمبەری خوا لەم بارەیەوە فەرموویەتی: ((الـمَرْءُ على دين خليله، فلْينظُرْ أحدُكم مَنْ يُخالِـلْ ؟)) [صحيح أبي داود رقم: (4833)] .
واتە: مرۆڤـ لە سەر دینی برادەرەكەیەتی، جا با یەكێك لە ئێوە بڕوانێت بۆ ئەوەی بزانێت برادەرێتی و تێكەڵی كێ دەكات ؟
ئەمە بە نیسبەت برادەرەوە، كەواتە هاوسەر لە پێش ترە !
هەروەها پێغەمبەری خوا لەم بارەیەوە فەرموویەتی: ((لا تُصاحِبْ إلاَّ مؤمناً، ولا يأكلْ طعامك إلاَّ تَقي)) [صحيح أبي داود رقم: (4832)] .
واتە: هاوەڵێتی ئیماندار نەبێت نەیكەیت، وە با كەس خواردنت نەخوات ئیللا كەسێكی لە خوا ترس و خۆپارێز لە تاوان نەبێت.
3 ـ لە ئسلوبی نووسینی پرسیارەكەتەوە وا تێدەگەم كەوا تۆ لەوڵاتی كافر و بێباوەڕەكاندا دەژیت ! بۆیە ئامۆژگاریت دەكەم بە گەڕانەوە بۆ وڵاتی موسڵمانان و بە جێهێشتنی وڵاتی بێباوەڕان، چونكە مانەوە و نیشتەجێبوون (إقامة‌) لە وڵاتی كافران حەرامە و یەكێكە لە تاوانە گەورەكان (الكبائر) بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیە
پێغەمبەری خوا فەموویەتی: ((أنا بريء من كل مسلم يقيم بين أظهر المشركين، قالوا: يا رسول الله لـمَ ؟ قال: لا تراءى ناراهما)) [صحيح أبـي داود رقم: (2645)] .
واتە: من بەریم لەو موسڵمانەی كەوا نێشتەجێدەبێت (إقامە دەكات) لە نێوەنی بێباوەڕ و موشریكەكاندا، وتیان: ئەی پێغەمبەری خوا بۆ چی ؟ فەرمووی: نابێت ئاگری یەكتر ببینن.
داواكارم خوای گەورە لە هەموو خراپەیەك بتپارێزێت لە دونیا و قیامەتدا.. وە داواكارم خوا لە هەموو تاوانەكانت خۆش ببێت و دامەزراوت كات لە سەر دین داری و ڕەوشت بەرزی و شەرەف پارێزی.. وە داواكارم خوای گەورە مێردێكی صاڵح و لە خوا ترس و چاكەكار و ڕەوشت بەرز و بە خەلاق بكات بە قیسمەتت كەوا پارێزگاری بكات لە (خۆی و خۆت و دینەكەی و دینەكەت و شەرەفـی هەردوو لاتان بپارێزێت).. اللهم آمین.
لە لایەن مامۆستا (محمد عبدالرحمن) ەوە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٣,٢٨١ بەش: تەڵاق و جیابونەوە