ئایا دیموكراتیەت دینە، ئایا هەركەسێك ڕازیبێت بە دیموكراتیەت كافرە، ئاشكرایە كە لە دیموكراتیەت گەل یاسا دادەنێت؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دیموكراتیەت دینە، ئایا هەركەسێك ڕازیبێت بە دیموكراتیەت كافرە، ئاشكرایە كە لە دیموكراتیەت گەل یاسا دادەنێت؟

بسم الله الرحمن الرحيم

دوو حاڵەت هەیە
یەکەم : كەسێك لە دیموكراتیەت تێ بگات.
دووەم : كەسێك لە دیموكراتیەت تێ نەگات .

جا یەکەم : ئەو كەسەى تێى بگات و بزانێت كە دیموكراتیەت واتە گەل خۆى حوكم بكات واتە حوكمى خوا واز لێبهێنن، بڵێین ئەو خوایەى كە زەوى و ئاسمانی دروست كردووەو ئەو قورئانەى ناردووە، ئەو حوكمەى ئەو بە كەڵك نایەت، گەل دەبێت خۆى حوكم بۆ خۆى دابنێت، گەل چى پێ چاكە دەبێت ئەوە بە دەستورى وڵات دابنرێت، گەل نێربازى پێ باش بوو دەبێت بڵێین دروستەو یاسا ڕێگەى پێ بدات، گەل پێى باشبوو ژنێك دوو مێردى هەبوو دەبێت ڕێگەى پێ بدرێت، گەل بەباشى زانى كە مارەیى بەدەستى ئافرەتیش بێت ڕێی پێبدرێت، هەركەسێك بزانێت دیموكراتییەت واتە حوكمى گەل وە بەو مانایە تێى گەیشتبێت و باوەڕى پێبێت كافر دەبێت.

بەڵام كەسێك كە وابزانێت دیموكراتى واتە ئازادى یاخود دیموكراتى واتە ڕادەربرین بە ڕاشكاوى یان زوڵم و زۆرو دیكتاتۆرییەت نەبێت، ئەوا ناتوانین بڵێین كافرە چونكە ئەوە كوفر نییە، ئیسلامیش لەگەڵ ئەوەدا نییە دیكتاتۆرییەت هەبێت وە لەگەڵ ئەوەدا نییە زوڵم و ستەم هەبێت.

جا دەبێت پرسیار لەو كەسە بكرێت ئایا تۆ دیموكراتیەت بەباش دەزانیت، دەزانیت دیموكراتیەت واتاى چى؟ مانا ڕاستەقینەكەى خۆى دەزانێت یان نا، بۆیە نابێت حوكمێكى (مطلق) بدرێت بەسەر خەڵكدا، دەبێت ئەوە وەربگیرێت كە ئایا وەكو خۆى تێگەیشتووە لە دیموكراتیەت وە باوەڕى پێى هەیە، ئەوەیان كوفرە پەنا بە خوا، یان مەبەستت ئەوەیە دیكتاتۆریەت نەبێت و شتەكان بە هاوكارى خەڵك بێت و ئارەزوى خەڵك (كە خراپ نەبێت) كپ نەكرێتەوەو پێداویستى خەڵك جێبەجێبكرێت، ئەگەر بەو شێوەیە تێگەیشتبێت ئەوە كوفر نییە.
لە لایەن مامۆستا (عبداللطيف)ە وە وەڵام دراوەتەوە.

سەردان: ٢,٤٣٦ بەش: بیروباوه‌ڕ