چۆن ئەمن و ئاسایشی وڵاتمان بپارێزین ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن ئەمن و ئاسایشی وڵاتمان بپارێزین ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

ئاشكرایە كە بەرقەراربوونی ئەمن و ئاسایش لە وڵاتماندا دەسكەوت و كۆشش و ماندوبوونی هەموو دڵسۆزانی میللەتی كوردە بە كاربەدەستان و هاوڵاتیانەوە، بۆیە پارێزگاری كردن لە ڕەوشی هێمنی و ئارامی وڵات و گەلەكەمان لە سەر دوو لایەن پێویستە:
لایەنی یەكەم: كاربەدەستان كە ئەركی سەرشانیانە پارێزگاری بكەن لەم نیعمەتی ئاسایشەی وڵات، وە (ئامۆژگاری و پێشنیار بۆیان) بریتیە لە : 
1ـ كاربەدەستان بە خۆیاندا بچنەوە و بگەڕێنەوە لای خوا بۆ ئەوەی خواش لەگەڵیان بێت و بیانپارێزێت، چونكە خوای گەورە فەرموویەتی [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ تَنْصُرُوا اللَّهَ يَنْصُرْكُمْ وَيُثَبِّتْ أَقْدَامَكُمْ] [محمد:٧ ] .
واتە: ئەی ئەو كەسانەی ئیمان و باوەڕتان هێناوە، ئەگەر ئێوە خوا سەر بخەن واتە پشتیوانی لە ئاینی خوا بكەن و هەوڵی سەركەوتنی بدەن، ئەوا خوایش پشتیوانی لە ئێوە دەكات و سەرتان دەخات و پایەدار و جێگیرتان دەكات.
كەوابوو پێویستە كاربەدەستانمان ئاوڕێك لەخوا و ڕۆژی دوایی بدەنەوە و مردن و ناو گۆڕیان بێتە یاد و خۆیان چاكتر بكەن و لە خۆیانەوە دەست پێ‌ بكەن بە چاك سازی ئەم هەموو دەسەڵات و خێر و بێرەی كە لە بەردەستیانە لە خواوەی بزانن نەك لە شان و بازووی خۆیان، وە نەك بە هی بێگانەی دابنێن!!
* سوێند بە خوا ئەگەر وا نەكەن با بزانن توڕەیی خوا زۆر ترسناك و گەوریە و خوای گەورە دەتوانێت لە كەمترین ماوەدا لەسەر كورسی دەسەڵات لایان دەبات هەر وەكو چۆن فڵان و فڵان سەركردەی والێكرد و دوای زەلیل كردنیان خەڵكیش نەفرەتیان لێ دەكەن نەك ڕەحمەت.
* وە هەروەها باهەوڵی چاكردنی یاساكانی وڵات بدەن و هەریاسایەك پێچەوانەی حوكمی خوا بێت با نەیهێڵن، وە لە خوا بترسن و باچاك بزانن كە هەر وەكو چۆن زەوی و خۆر و ئاسمان و ئاو و هەوایەكەی بۆ هەموو سەردەمێكە و ناگۆڕێت و كۆن نەبووە بەهەمان شێوەش شەریعەتەكەشی بۆ گشت سەردەمیك و بۆ گشت گەلێكە و كۆنەپەرستی و دواكەوتویی نیە و گەڕانەوە نیە بۆ سەردەمی دێرین !!
وە خوای گەورە فەرموویەتی: [ وَلَو أنَّهُمْ فَعَلُوا مَا يُوعَظُونَ بِهِ لَكَانَ خَيْراً لَهُمْ وأَشَدَّ تَثْبِيتًا وَإِذًا لَآتَيْنَاهُمْ مِنْ لَدُنَّا أَجْرًا عَظِيمًا وَلَهَدَيْنَاهُمْ صِرَاطًا مُسْتَقِيمًا] [النساء:66-68] 
واتە:ئەگەر بە پێی ئامۆژگاری و فەرمانەكانی خوا و پێغەمبەر رەفتاریان كردبا و ئەم فەرمانەیان ئەنجامدابا بۆ دنیا و قیامەتیشیان چاك دەبوو و باوەڕیشیان پتەوتر دەبوو، ئینجا ئێمەش بۆ خۆمان پاداشتێكی گەورەمان پێ دەبەخشین، ئەوساش بە تەواوی ئەمانخستنە سەر رێگەی راست و لە سەری دامەزراومان ئەكردن.
* وە پێویستە كاربەدەستانمان دادپەروەربن و بەدەنگ كێشەی گەلەكەیانەوە بێن، نەك تەنها لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا قسەی لوس و قەڵەو و وەعدی زل بە خەڵكی بدەن و دوایی لێیان بێمنەت بن !!
كەوابوو پێویستە كاربەدەستانی حكومەت بە خۆیاندا بچنەوە و ئاوڕێكیش لە فەقیر و هەژار بدەنەوە و حاجەت و پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكەن بە گوێرەی توانا، وە كەمتەرخەمی نەكەن تیایدا ئەگینا ژیان لە هەموو لایەك تێك دەچێت.
كەوابوو پێویستە هەوڵی سەرەكی كاربەدەستان خزمەتكردنی خەڵكی بێت نەك خۆ دەوڵمەندكردن و بەفیڕۆدانی ماڵ و سامانی میللەت! چونكە ئەگەر وانەكەن پەشیمانی دونیا و قیامەتیان لە ڕێیە كە دواجار دادیان نادات، ئەمە وەك ئامۆژگاریەك بۆ كاربەدەستان.
* وە هەروەها پێویستە ڕێگری بكرێت لە توندڕەوی بە هەموو شێوەكانیەوە، توندڕەوی بێ‌ دینی و توندڕەوی دینیش، توندڕەوە بێ‌ دینەكان كە لە گۆڤار و ڕۆژنامەكان بێ‌ ئەدەبی دەكەن بەرامبەر بە ئیسلام ئەوە پێویستە حكومەت ڕێگەیان لێ‌ بگرێت، وە هەر نەبێت با چەندە لەسەر ناموسی خۆیان بە جواب دێن با ئەوەندەش لەسەر خوای خۆیان و پێغەمبەر بەجواب بێن !!!!!
* وە پێویستە لە قوتابخانەكان و دام و دەزگا حكومیەكان ڕێگە بە كەسانی توندڕەوی عەلمانی نەدرێت كە كاری كەسانی پاپەند بەدینەوە قورس بكەن و ئیهانە بەدین بكەن، ئەگینا زەرەری ئەم كارە بە سەلبی دەگەڕێتەوە سەر حكومەت و ئەو لێی بەرپرسیار دەبێت.
* وە پێویستە تێكڕای مامۆستایانی ئایینی و قوتابخانە و كۆلێژەكانیش ئامۆژگاری دڵسۆزی ئەم میللەتە بن و بەرەو ئەمان و ئیمان و ڕەوشتی بەرز و بەختەوەری بیان بەن، نەك بەرەو بێ‌ ئیمانی و كاول كاری و سەرلێشێواوی.
* وە پێویستە گەلەكەمان بە حكومەت و خەڵكیەوە بیرێكی تەواو و ڕاستەقینە بكەنەوە لە عەلمانیەت و دیموكراسیەت كە بەڕاستی هی ئەوە نین لە شوێنی ئیسلامەكەی خوا دابنرێن.
لایەنی دووەم: میللەت، وە (ئامۆژگاری و پێشنیار بۆیان) بریتیە لە:
1 ـ خەڵكی پێویستە لە سەریان پارێزگاری بكەن لەو هێمنی و ئاسایشەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە سوپاس بۆ خوا. كە ئەمەش ئەركی سەرشانی خەڵكیە بە تێكڕایی.
كەوابوو با بە دەستی خۆمان ئەو بارودۆخە هێمنەی كە ڕەخساوە نەیشێوێنین و با ئەو نیعمەتەی خوای گەورە لە دەستمان نەچێت، چونكە كەسی عاقڵ سوود نابینێت لە تێكچونی بارودۆخی كوردستان، بەڵكو تەنها دوژمنان و دەوروبەر سوودمەند دەبن!!
2 ـ وە پێویستە خۆتان بپارێزن لە ئاژاوەگێڕی و تێكدان و وێرانكاری و كوشتار و خوێن ڕێژی چونكە ئەمە تاوانێكی گەورەیە لای خوای گەورە و زیانێكی ئاشكرایە لە خۆمان بە گشتی.
وە هەر كەسێك ببێتە هۆی ڕژانی خوێنی كەسێك بە ناهەق ئەوە تاوانێكی گەورەی ئەنجام داوە كە شایستەی دۆزەخ و غەزەبی خوایە.
3 ـ وە پێویستە هیچ هەنگاوێك بەناو گۆڕانكاری نەنێن تاوەكو دڵنیا نەبن لەوەی كە هەنگاوەكەتان جێی خۆی دەگرێت و پەشیمانی بەدواوە نابێت و چاكەی لێ‌ دەكەوێتەوە نەك خراپە و خوێنڕێژی و ئاشوب.
4 ـ خوشكان و برایانی بەڕێز وریابن و تێگەیشتوو بن خۆتان مەكەنە سوتەمەنی ململانێی سیاسی و دەسەڵاتی حزبەكان جا چ عەلمانی بن، وە چ ئیسلامی، چونكە تەنها ئێوە تێدەچن، كەچی لە سەرەوەش ئەوان پێك دێنەوە و لەگەڵ یەكتری دادەنیشنەوە و حزبی گەورە قەناعەت بە حزبە بچوكەكان دەكات بە هەندێ‌ لە پارە و كورسی، ئەو كاتە ئەوان دۆست دەردەچن و ئێوەش كوڕ كوژرا و و ماڵ وێران و دەربەدەر كراو و پیاو خراپ!!!
5 ـ وە بە دوری مەزانن كە ئەم فیتنە و ئاژاوەیەی كە لەزۆر وڵاتانی ئیسلامی دەستی پێكردووە دەستێكی دەرەكی و پلانێكی ڕۆژئاوایی لە پشت بێت بۆ تێك دانی ئارامی و سەقامگیری وڵاتانی موسڵمانان لە ڕێگای ئینتەرنێت (فەیس بووك) و ڕاگەیاندە ئاسمانیەكانەوە خەڵكی هاندەدەن، ئەمەش سیاسەتێكی كۆنی ماسۆنیەتە بۆ دوژمنایەتی دروست كردن لە نێوان موسڵمانان خۆیاندا، وە ئاژاوە نانەوەی ناوخۆ و بەیەكتری لەناوبردنیان و لاواز كردنیان، وە خوا دەزانێت پاشەڕۆژی ئەم پلانەیان چیە و نەخشەكەیان بۆچی داڕشتووە، وە دەبێت دوای لاواز كردن و تێك دانی دەسەڵاتی ئەم حكومەتانە چ پلانێكیان لەژێر سەردا بێت و بەتەمای چی بن؟ !!
وە سوێند بەخوا ڕۆژئاوا لەگەڵ ئێمە و وڵاتانی تری موسوڵمانانیش نین، بەڵكو دەستمان لەپشت دەدەن تا دەمانگەیەننە هێڵە سورە ترسناكەكە، وە دوایی وازمان لێ‌ دەهێنن و هاوكاریمان ناكەن، خۆ ئەگەر ـ بۆ نموونە ـ ڕۆژئاوا ڕاستی كردبایە لەگەڵ كورد ئەوە دەیتوانی بەیەك تاكە بڕیار كەركوك بگەڕێنێتەوە سەر هەرێم ؟!.
بەڵام نەیكردوو ناشیكات چونكە نایەوێت كوردستان دەوڵەمەند و بەهێز و سەربەخۆ بێت، بەڵكو بەرژەوەندی ڕۆژئاوا لەوەدایە گشت وڵاتەكان بكاتە پارچە پارچە و بچوكیان بكاتەوە و دەسەڵاتیان لاواز بێت و كێشەی ناوخۆ هەبێت لە نێوانیاندا، بۆ ئەوەی بەردەوام پێویستیان بەو بێت و ملكەچی ئەو بن، ئەمەش پێی دەوترێت سیاسەتی: (فَرِّقْ تَسُدْ)، واتە: {پارچە پارچەیان بكە خۆت گەورەیی بە دەست دەهێنیت}.
كەوابوو پێویستە بە فیتووی كەس چەپڵە لێ‌ نەدەین و بە پلانی كەس بەڕێوە نەچین، چونكە دڵسۆزی ڕاستەقینەمان یان هەر نیە وە یان كە بشبێت زۆر كەمە.
وە پێویستە بارودۆخی ناوخۆمان چاك بكەین بە ئامۆژگاری و هاوكاری و نەخشەی حەكیمانە، نەك بە وێرانكاری خۆپیشاندان و خوێن ڕێژی و وڵات كاول كردن.
وە باش بزانن ئەگەر ئەم هەل و بارودۆخە لەخۆمان تێك بدەین ئەوە لایەنی دەرەكی زۆر هەیە كە چاویان لە خێر و بێری وڵاتەكەمانە و ئەیانەوێت بە هەرشێوەیەك بێت ئامانجەكانیان بەرنە سەر و ئەم هەلەی ئاژاوەیی ئێمە بقۆزنەوە، ئەو كاتە كە لاواز بووین كەس حیسابی هیچمان بۆ ناكات و بەرەو زیانێكی گەورە دەچین !!

دکتۆر عبداللطیف أحمد

تەماشاى ئەمەش بکە : 

هۆکارەکانى دابینکردنى ئەمن و ئاسایش لە خاک و وڵاتدا چیە ؟

سەردان: ٦,٠٣٧ بەش: هەمەجۆر