ئایا دروستە كاتێك دەچێت بۆ سوژدە شەرواڵەكەت هەڵبکەى پاشان بچیتە سوژدە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دروستە كاتێك دەچێت بۆ سوژدە شەرواڵەكەت هەڵبکەى پاشان بچیتە سوژدە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەکێک لەو کارانەى کە قەدەغەیە لە ناو نوێژدا ئەنجام بدرێ بریتیە لە كۆكردنەوەی پۆشاك وپرچ وە هەروەها پۆشاک دان بەسەر چاندا بە بێ ئەوەى قۆڵی پێوە بکەى .
خاڵى یەکەم : كۆكردنەوەی پۆشاك وپرچ
مەبەست لەكۆكردنەوەی پۆشاك وپرچ پاراستنێتی لە بڵاوبونەوەی لە نوێژدا وەیان كۆیان بكاتەوە لەكاتی سوژدە بردندا، زۆریك لەموسڵمانان لەنوێژدا كاتێك دەچێت بۆ سوژدە شەرواڵەكەی هەڵدەكات پاشان دەچێت بۆسوژدە .
هاوەڵی خۆشەویست ابن عباس ڕەزاى خواى گەورە لە خۆى و باوکى بێ دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: ( أُمِرْت أن أَسْجُدَ على سبعة أعظمٍ لا أَكُفَّ ثوباً، ولا شَعراً) رواه البخاري (816) ومسلم(1096)
واتە: فەرمانم پێكراوە سوژدە بەرم لەسەر حەوت ئەندام، وەنەپۆشاك كۆبكەمەوە نەپرچ . (کۆکردنەوە و هەڵکردنى پۆشاک چ هى دەستەکان بێت (قۆڵ) یان هی قاچەکان بێت وەکو یەکە ، بۆ نموونە کەسێک کە دەست نوێژ دەگرێت قۆڵى کراسەکەى داناداتەوە و هەر چۆن هەڵى کردووە بۆ دەست نوێژ بەو شێوەیە نوێژى پێوە دەکات)

تێبینى : ئەندامەكانی سوژدە بردن بریتین لە :  ڕوخسار (کە لوتیش دەگرێتەوە) و هەردوو ناو لەپ و هەردوو ئەژنۆ و هەردوو سنگی پێ‌یە .

زانای فەرموودەناس شێخ ئەلبانى (رحمه الله) دەفەرمووێت:
ئەم نەهی كردنە تایبەت نییە بەكاتی نوێژەوە، بەڵكو ئەگەر پۆشاكەكەی یان پرچی پێش نوێژ كۆ كردبێتەوە، پاشان بەو شێوەیە ڕۆیشتە نوێژەكەوە، بەهەمان شێوە نەهییەكە دەیگرێتەوە، بە بۆچوونی زۆربەی زانایان.
وەجارێكیان پێغەمبەری خوا پیاوێكی بینی پرچی كۆكردبۆوە لەپشتی سەری (واتە : كراو بە پەلك ، و لوولدرابو) فەرمووی: (إنما مثل هذا مثل الذي يصلي وهو مكتوف) واتە : نمونەی ئەم پیاوە وەك كەسێك وایە كە بەسترابێتەوەو نوێژیش بكات . (صحیح مسلم - کتاب الصلاة)
وە هەڵكردنی قۆڵی قەمیسیش بەشێكە لە كۆكردنەوەی پۆشاك، والله اعلم.
خاڵى دووەم : پۆشاك بەسەر شاندا
مەبەست لەپۆشاك بەسەرشاندا ئەوەیە چاكەت یان هەرشتێك بدرێت بەسەر شاندا وەقۆڵی لێوە دەرنەكرێت.
هاوەڵی خۆشەویست أبی هریرە ڕەزاى خواى لێ بێ دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا :قەدەغەی كردووە كەسێك نوێژ بكات و پۆشاكەكەی بدات بەسەرشانیدا، واتە: قۆڵی لێوە دەرنەكات. (صحيح الجامع) للشيخ الألباني (رحمه الله) (6883).

سەردان: ٣,٦٠٩ بەش: نوێژ