شەیتان کە سەرچاوەی شەڕ و خراپەیە و خەڵکى بەرەو تاوان و کوفر دەبات بۆ خواى گەورە دروستى کرد؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
شەیتان کە سەرچاوەی شەڕ و خراپەیە و خەڵکى بەرەو تاوان و کوفر دەبات بۆ خواى گەورە دروستى کرد؟
پرسیار:

وەكو ئاشكرایە شەیتان سەرچاوەی شەڕ و خراپەیە و ڕێخۆشكار و ڕێپیشاندەرە بـۆ لەناوبردنی دونیا و دوارۆژ و ئاڵاهەڵگری ئەو مەبەست و ئامانجەیە لەهەموو كات شوێنێكدا وخەڵكی بەرەو كوفر وتاوانكاری وسەرپێچی خوا بانگهێشت دەكات ، جا ئایا لە دروستكردنی شەیتاندا حیكمەت هەیە؟ وە ئەو حیكمەتە چیە وكامەیە؟

پێشەوا ابن القیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت: لە دروستكردن وبەدی هێنانی ئیبلیس و سەربازەكانیدا چەندین حیكمەت هەن لەوانە:
یەکەم :  لە تێكۆشان وبەربەرەكانێی شەیتان و هاوكارەكانیدا و خۆبەدەستەوەنەدان بەرانبەریان, وا لە مرۆڤ دەكات پلەی بەندایەتی و بەرەوخواچوونی بەرز و تەواوتر بێت, چونكە مرۆڤ بەوە پەنا بەخوا دەگرێت بەخوا لە شەیتان كە ئەو پەناگرتنە خۆی عیبادەتە و ئەگەر شەیتان نەبێت ئەوا پەنا لەچی دەگری بەخوا؟
دووەمترسی بەندە لە تاوان: ئەوەش وەكو ترسی فریشتە ومرۆڤ لە تاوانەكانیان لەپاش ئەوەی حاڵی ئیبلیسیان بەچاو بینیی كە سەرئەنجامی ئەو تاوان و سەرپێچیەی خوا كە كردنی, چی بەسەرهێناو چۆن لە پلەی بەرز و خواپەرستیەوە دایبەزاند بۆ پلەی ئیبلیسی نەفرەت لێكراو, وە كە فریشتەكان ئەو حاڵەتەیان بینی بووە هۆی ئەوەی خواپەرستی ولەخواترسیەكی تریان بۆ بەدی بێت بەهۆی حاڵی ئیبلیسەوە.
سێیەم : خوای گەورە شەیتانی كردووە بە عیبرەت بۆ كەسێك پەندو وانە وەربگرێت: خوای كاردروست ودانا, باوكی جن( ئیبلیس ) و باوكی مرۆڤی( ئادەم ) بەتاوان تاقی كردەوە, جا ئیبلیسی كردە عیبرەت بۆ كەسێك كە تاوان دەكات و پەشیمان نابێتەوە كە سەرئەنجام وچارەنووسی خۆبەگەورەزانی و نەگەڕانەوەی بۆ لای خوا چی لێ دەكات. وە ئادەمیشی كردووە بە پەند و وانە بۆ كەسێك كە تاوان دەكات و پەشیمان دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بەدڵێكی شكاو و ملكەچیەوە بۆ بارەگای خوا و داوای لێبوردن دەكات, بۆیە ئەم حاڵەتەی بە عیبادەت بۆ هەژمار دەكرێت و سەری لەبەهەشتەوە دەردەكات.
چوارەمشەیتانی كردووە بە فیتنە وهۆی تاقیكردنەوەی بەندەكانی: خوای باڵادەست مرۆڤی لە خاكی زەوی دروست كردووە و بێگومان خاكیش وەكو ڕوونە چەند جۆرێكە وەكو: نەرم, ڕەق وسەخت, پاك وخاوێن, پیس وبێ پیت, تەخت و لەبار, نشێو وبێ سوود ... بۆیە ئەو مرۆڤەی كە لەخاك دروستكراوە دەبێت جۆرەكەی بەدەربكەوێت لەدونیادا و چەشنی خاكەكەی بەدیاربكەوێت, هەربۆیە سروشتی مرۆڤەكانیش جیاوازن. جا خوای گەورە دوو جۆر تاقیكردنەوەی لەدونیادا فەراهەم هێناوە بۆ بەندەكانی كە ئەوانیش ئیبلیس وپێغەمبەرانە: واتە بە شوێنكەوتنی ئیبلیس جۆرە سەخت و ڕەق وپیس ونشێو بێ سوودوكەڵكەكەی مرۆڤ دەردەكەوێت و بەشوێنكەوتنی پێغەمبەرانیش چەشنە نەرم وپاك و لەبار و بەپیت وفەڕەكەی مرۆڤایەتی دەردەكەوێت كە ملكەچ وگوێڕایەڵن بۆ فەرمانی خواو پێغەمبەر وەكو چۆن خاكی نەرم ولەبار خۆی ڕاخستووە لەبەردەم جوتیاردا و بەزمانی حاڵ پێی دەڵێت: هەرچیەكم پێ دەكەیت من ئامادەم و دواتریش بەرهەمت پێشكەش دەكەم !! جا حیكمەتی خوا وەهایە كە هەردوو جۆرەكە لە دونیاد تێكەڵ بن وپێكەوە بن, بەڵام لە دوارۆژدا شوێن و مەنزڵیان جوودایە و پاك و گوێڕایەڵەكان لە بەهەشتدان و پیس ویاخیەكانیش لە دۆزەخدان.
پێنجەم دەركەوتنی تەواوی قودرەت و دەسەڵاتی خــوا لە دروستكردنی دژەكاندا وئەوانەی پێچەوانەی یەكتـرن: یەكێكی تر لەحیكمەتەكان بریتیە لە بەدیاركەوتنی دەسەڵاتی ڕەهای خوای گەورە لە بەدی هێنانی دژەكاندا وەكو جبریل و فریشتەكان و ئیبلیس وشەیتانەكان, ئاسمان و زەوی, ڕووناكی و تاریكی, بەهەشت ودۆزەخ, ئاو و ئاگر, سەرما و گەرما, پاك وچاك و پیس وخراپ. كە ئەمەش ویست و ئیرادەی خوا دەردەخات بەوەی هیچ رێگر و بەربەستێك نیە لە بەردەم خوادا و هەرچی بووێت دروستی دەكات.
شەشەم : دژ جوانی دژەكەی دەردەخات: لەم حیكمەتەوەیە كە دروستكردنی دژێك لە تەواوێتی جوانی دژەكەیەتی, چونكە دژ كاتێك جوانیەكەی دەردەكەوێت كە دژەكەی ببینیت, ئەگەر ناشرینی نەبوایە رازاوەیی جوانێتیمان هەست پێ نەدەكرد, ئەگەر هەژاری نەبوایە نرخ وبەهای دەوڵەمەندیمان هەست پێ نەدەكرد.
حەوتەمتاقیكردنەوە بۆ بەدەستهێنانی شوكر وسوپاسگوزاری: خوای گەورە پێی خۆشە كە بەندە شوكری بكات بە هەموو جۆر و شێوازەكانی شوكرەوە, وە گومانی تێدا نیە كە دۆستەكانی خوا بەهۆی تاقیكردنەوەیانەوە بە ئیبلیس و سەربازەكانی تووشی شوكر و سوپاسگوزاریەكی بێ وێنە هاتن كە ئەگەر ئیبلیس نەبووایەتە هۆكار ئەوان نەدەگەیشتنە ئەو پلەبەرزە لە شوكر وستایش. جا ئەگەر بەراورد بكەیت لەنێوان شوكری باوكە ئادەم ئەوكاتەی لەبەهەشتدابوو پێش ئەوەی دەربكرێت و ئەوكاتەشی كە تووشی تاقیكردنەوەبوو لەگەڵ دوژمنەكەی و دەركرا لەبەهەشت و تۆبەی كرد و پاشان خوا لێی وەرگرت وهەڵی بژارد و لێی خۆشبوو ئەوا زیاتر لەم حیكمەتە تێ دەگەیت.
هەشتەملە دروستكردنی ئیبلیسدا مەیدانی خواپەرستی بەرپابوو: چەند عیبادەتێك هەن كە زۆر خۆشەویستن بەلای خوای پەروەردگارەوە وەكو: خۆشەویستی وگەڕانەوە و پشت بەخوابەستن وخۆڕاگری وئارامی و ڕازی بوون و هاوشێوەكانی كە ئەم جۆرە پەرستشانە بە جیهادی نەفس بەدەست دێن. بۆ نموونە : پێشخستنی خۆشەویستی خوا بەسەر هەموو خۆشەویستیەكدا تێكۆشانی دەوێت و ئەو جیهادەش چڵەپۆپەی پەرستش و خواناسیە.
نۆیەمدەركەوتن و ئاشكرابوونی نیشانەكانی دەسەڵات و هێزی خوا: یەكێكی تر لە حیكمەتەكان بریتیە لەوەی كاتێك دەستەیەك هەن كە دژایەتی پێغەمبەران دەكەن و گوێڕایەڵیان نابن و باوەڕیان پێ ناهێنن و بەڵكو لەگەڵیاندا بەشەڕدێن و هەوڵی كوشتنیشیان دەدەن و هەوڵی كوژاندنەوەی نورەكەیش دەدەن, ئائەم بەربەرەكانێیە دەبێتە هۆی دەركەوتنی موعجیزە و كارە دەرئاساكانی خوای گەورە لەنێو بەندەكانیدا وەك: تۆفانی نووح, دەست وگۆچان ودوولەتبوونی دەریا بۆ موسا, هەڵدانی ئیبراهیم بۆ ناو ئاگر, بەرزكردنەوەی عیسا بۆ ئاسمان و هێشتنەوەی بەزیندووێتی, دوولەت بوونی مانگ و چەندانی تر كە ئەگەر هۆكارەكانی نەبن بێگومان ئەمانیش بوونیان نابێت.
دەیەمدروستكردن لە ئاگر یەكێكی ترە لە نیشانەكانی دەسەڵات وهێزی خوا چونكە مادەی ئاگر سیفەتی سوتاندن و خراپكردن و بەرزبوونەوەی تێدایە و هەروەها سیفەتی رۆشنایی و درەوشانەوە و ڕووناكیشی تێدایە, بۆیە خوای كاربەجێ هەردوو سیفەتەكەی لەم مادەیەدا دەرخستووە, وەكو چۆن مادەی خاكی زەوی چاك وخراپ و پاك وپیس و سور و سپی تێدایە و هەموو ئەو سیفاتانەشی دەرخستووە لە نێوخەڵكیدا, بۆیە ئەمەش لە حیكمەتی خواوەیە سبحانە وتعالی.
یانزەیەمدەركەوتنی شوێنەواری ناوە پیرۆزەكانی خوای گەورە: چونكە چەند ناوێكی پیرۆزی خوا هەن وەكو (الرافع, الخافض, المعز, المذل, الحكم, العدل, المنتقم )، كە وا دەخوازن دوژمنێك هەبێت بۆ ئەوەی ئەو ناوانە لە واقعدا دەركەون و كاریگەریان هەبێت.
دوانزەیەم : دەركەوتنی تەواوێتی خاوەندارێتی و پاشایەتی خوای گەورە: یەكێكی تر لە حیكمەتەكان ئەوەیە كە خوای گەورە دەسەڵاتی ڕەهای هەیە بەسەر دروستكراوەكانیدا لە پاداشت وسزا, ڕێزلێنان و بێڕێزكردن, فەزڵ و دادپەروەری, بەرزكردنەوەو سەرشۆِڕكردن ە زەلیلكردن, بۆیە پێویستە ئەم ڕەفتارانە دەركەون لە نێوبەندەكاندا و هۆكارێكیش هەبن بۆ ئەو مەبەستە كە چاكە و خراپەیە.
سیانزەیەمبوونی ئیبلیس لەتەواوی حیكمەتی خواوەیە: خوای گەورە یەكێك لەناوە پیرۆزەكانی بریتیە لە ( الحكیم ) ئەوەش واتە كاردروست و داناو كاربەجێ, یاخود دانانی شتێك لەشوێنێكدا كە شوێنی حەقیقی خۆی بێت و بۆ جگە لەو نەشێت, و ئەوەش وادەخوازێت كە شتە دژەكان دروست بكات و هەریەكەشیان پەیوەست بن بەچەند حوكم و تایبەتمەندیەكەوە, جا بۆیە هەبوونی ئەمەش ڕوونكەرەوە و دەرخەری زیاتری ئەو حیكمەتەیە.
چواردەیەم خوای گەورە سوپاسكراوە لە دوو ڕووەوە, واتە هەم لەڕووی پێدان و بەخشین و ڕێزلێنان وچاكەی بۆ بەندەكانی سوپاسكراوەو شوكری دەكرێت, هەمیش شوكر و سوپاس دەكرێت بۆ پێنەدان و ریسواكردن و دوورخستنەوەی یەكێك لەڕەحمەتی خۆی.
پانزەیەم : خوای گەورە ویستی لەسەر ئەوەیە كە حیلم و صەبری خۆی بۆبەندەكانی دەربخات و ئاشكرای بكات, ئەوەش بە بوونی دەستە وكۆمەڵێك كە شیرك بۆ خوا پەیدادەكەن وكوفرو بێباوەڕی دەكەن وسەرپێچی خوا دەكەن و سەرقاڵی دژایەتی و دوژمنایەتی پێغەمبەرانن و رۆچوونە لەنێو تاوان و خراپكاریدا, كەچی لەگەڵ هەموو ئەو خراپانەدا خوای میهرەبان هەر ڕزق و رۆزیان دەدات لە هەژاری و شیفایان دەدات لە نەخۆشیدا و ڕزگاریان دەكات لە ناخۆشی وتەنگانەدا و تەنانەت وەڵامی داوا وپاڕانەوەشیان دەدات.
عَنْ أَبِي مُوسَى الْأَشْعَرِيِّ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: «مَا أَحَدٌ أَصْبَرُ عَلَى أَذًى يَسْمَعُهُ مِنَ اللَّهِ يَدْعُونَ لَهُ الْوَلَدَ ثُمَّ يُعَافِيهِمْ وَيَرْزُقُهُمْ» (مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ) واتە: هیچ كەسێك لە خوا بەصەبر و ئارامتر نیە لەسەر ئەو قسەبەئازارەی كە دەیبیستێت كوڕ و نەوەی بۆ بڕیار دەدەن كەچی لەشساغ وتەندروستیان دەكات و رزق ورۆزیشیان دەدات.
شانزەیەمخوای گەورە دروستكراوەكانی بەدی دەهێنێت بەشێوەیەك كە حوكمی ناو و سیفاتەكانی و شوێنەوارەكەی تێیاندا دەردەخات و پیشان دەدات: خوای پەروەردگار لەبەر خۆشەویستی بۆ سیفەتی عەفو كۆمەڵێكی خەلق كردووە كە عەفویان دەكات, ولەبەر خۆشەویستی بۆ سیفەتی مەغفیرە خەڵك دروست دەكات و لێیشیان دەبورێت. وەلەبەر خۆشەویستی بۆ عەدل و حیكمەتی خۆی خەڵكانێكی دروست كردووە كە عەدل و حیكمەتی خۆی تێیاندا پیشان دەدات و دەری دەكات.
حەڤدەیەم خوای گەورە پێی خۆشە ببێتە پەناگە و جێگای بەهاناوەچوونی ئەولیاو دۆستەكانی خۆی چونكە لەتەواوێتی پاشایەتی و خاوەندارێتی و دەسەڵاتدارێتی ئەوەیە كە خەڵكی پەنات بۆ ببەن و خۆیان بەرانبەر بەتۆ بچوك و بێ دەسەڵات بزانن, هەربۆیە لەقورئاندا لەچەندین شوێندا خوای گەورە فەرمان دەكات بە پێغەمبەری خوا كە پەنا بگرێت بە خوا لەشەیتان.

 

سەردان: ٦,١٠٠ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان