ئايا سوژدەی قورئان خوێندن واجبە؟ وە چ دوعایەک بخوێنین لە کاتى سوجدە بردندا؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئايا سوژدەی قورئان خوێندن واجبە؟ وە چ دوعایەک بخوێنین لە کاتى سوجدە بردندا؟

سوژدەی قورئان خوێندن
پاداشتەكەی
هەركاتێك قورئان خوێن قورئانی خوێند و سوژدەی برد – لەو شوێنانەی كە سوژدەی تێدا دەبرێت – ئەوا شەیتان دەست دەكات بە گریان ، و دەڵێت : نەوەی ئادەم فەرمانی پێكرا سوژدە ببات ئەویش سوژدەی برد ، بەهەشتی بۆ هەیە ، منیش فەرمانم پێكرا سوژدە ببەم نەمبرد بۆیە ئاگرم بۆ هەیە .
ئەم پاداشتەش لە فەرموودەكەی ئەبو هورەیرەدا باسكراوە كە دەفەرموێت : پێغەمبەری خوا فەرمووی :  " إِذَا قَرَأَ ابْنُ آدَمَ السَّجْدَةَ فَسَجَدَ اعْتَزَلَ الشَّيْطَانُ يَبْكِي يَقُولُ يَا وَيْلَهُ  (وَفِي رِوَايَةِ أَبِي كُرَيْبٍ يَا وَيْلِي) أُمِرَ ابْنُ آدَمَ بِالسُّجُودِ فَسَجَدَ فَلَهُ الْجَنَّةُ، وَأُمِرْتُ بِالسُّجُودِ فَأَبَيْتُ فَلِيَ النَّارُ " ( مسلم : 81 ) . واتە: (ئەگەر نەوەی ئادەم ئایەتی سوجدەی خوێندەوە‌و پاشان سوجدەی برد، ئەوا شەیتان دەگری و لێی دووردەكەوێتەوەو دەڵێت: ئەی هاوار بۆ ئەو (لە ڕیوایەتێكی تردا: هاوار بۆ من)، (چونكە) نەوەی ئادەم ئەمری پێ كرا سوجدە  ببات ئەویش سوجدەی برد بۆیە بەهەشت بۆ ئەوە، وە ئەمریش كرا بە من بۆ سوجدەبردن، بەڵام من پشتم هەڵكرد بۆیە ئاگر بۆ منە).

حوكمەكەی
سوننەتە . ( زید )ی كوڕی (ثابت) رضي الله عنه دەفەرموێت : ( قرأت على النبي والنجم ، فلم يسجد ) ( البخاري : 1072 - 1073 ) واتە : سورەتی ( النجم )م بەسەر پێغەمبەری خوادا خوێندەوە سوژدەی تێدا نەبرد .
هەروەها ( عومەر رضي الله عنه ) لە ڕۆژی جومعەدا سورەتی ( النحل )ی لەسەر مینبەر خوێندەوە كە گەیشتە ئایەتی سوژدە لەسەر مینبەر دابەزی و سوژدەی برد و خەڵكیش لە دوایەوە سوژدەیان برد ، بەڵام لە جومعەیەكی تردا كە گەیشتە ئایەتی سوژدە فەرمووی : خەڵكینە ، ئێمە بەسەر سوژدەكەدا دەڕۆین ئەوەی سوژدەی برد ئەوە پێكاویەتی ، ئەوەشی سوژدەی نەبرد تاوانی لەسەر نیە ، وە عومەر خۆی سوژدەی نەبرد . ( البخاري : 1077 ) .

شوێنەكانی سوژدەی قورئان خوێندن
( ابن حزم ) لە (المحلی : 5/156)دا فەرموویەتی : ( لە قورئاندا چواردە سوژدە هەیە:
1 . ئایەتی ( 206 ) سورەتی ( الأعراف ) .
2. ئایەتی ( 15 ) سورەتی ( الرعد ) .
3 . ئایەتی ( 49 ) سورەتی ( النحل ) .
4 . ئایەتی ( 107 ) سورەتی ( الإسرا‌ء ) .
5 . ئایەتی ( 58 ) سورەتی ( مریم ) .
6 . ئایەتی ( 18 ) سورەتی ( الحج ) .
7 . ئایەتی ( 60 ) سورەتی ( الفرقان ) .
8 . ئایەتی ( 25 ، 26 ) سورەتی ( النمل ) .
9 . ئایەتی ( 15 ) سورەتی ( السجدة ) .
10 . ئایەتی ( 24 ) سورەتی ( ص ) .
11. ئایەتی ( 37 ) سورەتی ( فصلت ) .
12 .ئایەتی ( 62 ) سورەتی ( النجم ) .
13 . ئایەتی ( 21 ) سورەتی ( الانشقاق ) .
14 . ئایەتی ( 19 ) سورەتی ( العلق ) .

ئایا ئەوەی بۆ نوێژ مەرجە بۆ سوژدەی قورئان خوێندنیش مەرجە ؟
نەخێر ، لە ( صحيح البخاري : كتاب سجود القرآن ) دا هاتووە كە ( ابن عمر رضي الله عنهما ) بە بێ‌ دەستنوێژ ئەم سوژدەیەی بردووە .
وە ( ابن حزم )یش لە ( المحلی : 5/157 ) فەرموویەتی كە ئەم سوژدەیە لە نوێژی فەرز و سوننەتدا ، و لە غەیری نوێژیش لە هەموو كاتێكدا – دەتوانرێت ئەنجام بدرێت - ، لە كاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون و كاتێك خۆر دەگاتە ناوەڕاستی ئاسمان ، وە بە ڕوو لە قیبلە بوون یان ڕوو لە قیبلە نەبوون ، وە بە دەستنوێژ و بە بێ‌ دەستنوێژیش .

ئایا لە سوژدەی قورئان خوێندندا ( الله أكبر ) دەكرێت ؟
شێخ ئەلبانی لە كتێبی ( تمام المنة : ص267 ) فەرموویەتی : ( كۆمەڵێك لە هاوەڵان گێڕاویانەتەوە كە پێغەمبەری خوا لە زۆرێك لە ئایەتەكاندا سوژدەی قورئان خوێندنی بردووە بەڵام هیچ یەكێكیان باسی ئەوەیان نەكردووە كە – الله أكبر –ی كردبێت – بۆ ئەو سوژدەیە - ، بۆیە مەیلمان بە لای ئەوەدا دەچێت كە ئەم – الله أكبر – كردنە ناشەرعی بێت [لەبەر ئەوەی پێغەمبەری خوا نەیكردووە نەك لەبەر خودی – ألله أكبر – ەكە .]... ) . وە شێخ محمد بن صالح العثیمین رحمه الله دەفەرموێ :  بەشێک لە زانایان وای دەبینن کە اللە اکبر ، و سەلامدانەوەی پێویست نیە .

ئەو پاڕانەوەیەی لە سوژدەی قورئان خوێندندا دەكرێت چیە ؟
دەتوانیت یەكێك لەم دوو زیكرە بخوێنیت :-
1.  ( سجد وجهي للذي خلقه وشق سمعه وبصره بحوله وقوته ) ( صحيح سنن أبي داود : 1255 ) واتە : ڕووم كڕنووشی برد بۆ ئەو خوایەی بەدی هێناوە و بیستن و بینینی بۆ داڕشتووە بە گۆڕین و توانای خۆی .
2.  ( اللهم احْطُطْ بها وزراً ،اللهم احطط عني بها وزرا ، واكتب لي بها أجرا ، واجعلها لي عندك ذخرا ) ( الصحيحة : 2710 ) خوایە بە هۆی ئەم كڕنووشەوە گوناهم لەسەر لا ببە ، وە بە هۆیەوە لە لای خۆت پاداشتم بۆ بنووسە ، و لە لای خۆت پاداشتەكەیم بۆ هەڵ بگرە .
ئەگەر قورئان خوێن سوژدەی برد ئەوانەشی لەگەڵیدان دەتوانن سوژدە ببەن؟
( ابن عمر رضي الله عنه ) فەرموویەتی : " كان النبي يقرأ علينا السورة فيها السجدة ، فسجد ونسجد ، ... " ( البخاري : 1075 ).
واتە : پێغەمبەری خوا سورەتێكی بەسەردا دەخوێندن كە سوژدەی تێدا بوو ، خۆی سوژدەی دەبرد و ئێمەش سوژدەمان دەبرد ، ...

سود وەرگیراوە لە (الموسوعة الفقهية الميسرة – حسين العوايشة)

سەردان: ٢٣,٨٩٨ بەش: فەزڵ و ئادابەکانى قورئان