ئایا خودا سزامان دەدات کاتێ واز لەسوننەتەکانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بێنین ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا خودا سزامان دەدات کاتێ واز لەسوننەتەکانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بێنین ؟
پرسیار:

ئایا خودا سزامان دەدات کاتێ واز لەسوننەتەکانی پێغەمبەر بێنین ؟
تێبینی : هەرجۆرێک لەجۆرەکانی سوننەت بێت جا تاشینی ڕیش بێت یاخود نەکردنی دوو ڕکاتی نوێژی سوننەتی پێش بەیانی

یەکەم : سەرەتا ئەوە بزانە کە وشەى "السنة" بە دوو واتا دێت :

أ . ڕێگا و ڕێباز ، کەئەوەش مەبەستی ئەو فەرموودانەیە کەلەو بارەیەوە هاتوون ، لەوانە ئەم فەرموودەیی پێغەمبەر : " فمن رغب عن سنتي فليس مني " .
واتە : هەرکەسێک پشت کات لە سوننەتی من و لەسەری نەڕوات ئەوا لەسەر ڕێبازی من نی یە .

ب . ئەوەی کەزانایان لە ( الأصوليون والفقهاء )پێی دەڵێت (المستحبّ) واتە : سوننەت ، ئەوەش هەر کارێکە کەخاوەنەکەی پاداشت وەردەگرێت ، و ئەو کەسەی ئەنجامی نادات موستەحەقی سزا نی یە ، ئەوەش وەک سوننەتە ڕواتبەکانی نوێژ ، ونوێژی چێشتەنگا ، وهاوشێوەکانیان .

دووەم: هەر بۆیە لەسەر مانای دووەم ئەو کەسە سزا نادرێت کە ئەو سوننەتانە ئەنجام نادات ، بەڵام سوننەت بە مانای یەکەم : نەخێر وەک دووەم نی یە و هەندێ جار ئەو کەسەی ئەنجامی نەدات سزا دەدرێت ؛ چونکە دابەش دەبێت بۆ واجب وسوننەت .

سێیەم : بەنیسبەت دوو ڕکاتی سوننەتی پێش بەیانی و سوننەتی ویترەوە ئەوا لەسوننەت موئەکەدەکانن ، ئەوانەی کە پێغەمبەر وازی لێ نەهێناون نە لەسەفر و نە لەماڵیش .

چوارەم : بەڵام دانانی ڕیش ئەوا یەکێکە لەواجبەکان نەک ئەو سوننەتەی کەزانایان پێناسەیان کردوە و مەبەستیانە ، جا هەر کەسێک ڕیشی بتاشێت ئەوا پێچەوانەى فەرمانى پێغەمبەرى کردوە و تاوانبار دەبێت .

جا ئەو کەسانەی کەئەو سوننەتانە ناکەن کە واجبە ئەوا سزا دەدرێن بەڵام ئەو کەسانەی کەسوننەتێک ئەنجام نادەن کەواجب نیە و موستەحەبە ئەوا سزا نادرێن بەڵام پاداشتێکی گەورەیان لەدەس دەچێت وئەوەیان لەدەس دەچێت کەفەرزی پێ پڕدەکرێتەوە لەڕۆژی دوایدا ؛ چونکە لەڕۆژی دوایدا هەرکەسێک کەم وکورتی لەواجبەکاندا کردبێت ئەوا لەسوننەتەکانی بۆی پڕ دەکرێتەوە ، هەروەک چۆن ئەنجام دانی سوننەت هۆکارێکە بۆ پارێزگاری کردن لەواجبەکان لەوەی لەدەس بچێت وبفەوتێت .

وەهەروەها هەندێ جار زانایان کەلیمەی سوننەت لەبەرانبەر بیدعەدا بەکار دێنن بۆ نموونە : دەڵێن ئەهلی سوننە لەبەرانبەر تاقمە گومڕاکان تردا کەکافرن وەک جەهمیەکان ، وموبتەدیعەکان کەکافرن نین وەک ئەشعەریەکان وجگە لەوانیش ، جا سوننەت بەم ئیعتبار ومانایە واجبە مرۆڤ پەیڕەوی لێ بکات وشوێن ڕێبازی ئەهلی سوننە بکەوێت ولەگەڵیاندا بێت ، و هەرکەسێک دابڕێت لێی ئەوا بەهیلاکدا دەچێت ،هەروەک ئمامی مالیک دەڵێت : (السنة كسفينة نوح من ركبها نجا ومن تخلّف عنها غرق ) .
واتە :سوننەت وەک کەشتیەکەی نوح وایە هەرکەسێک بچێتە ناوی ڕزگاری دەبێت وهەرکەسێک دوا کەوێت ونەچتە ناوی غەڕق دەبێت ودەخنکێت .

والله تعالى أعلم.

سەردان: ٣,٠٢٦ بەش: پێغەمبەری خودا