ئاینى پیرۆزى ئیسلام چ گرنگیەکى داوە بە شوێن و حاڵى ئەو کەسانەى کە سجن کراون و لە بەندیخانەن؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئاینى پیرۆزى ئیسلام چ گرنگیەکى داوە بە شوێن و حاڵى ئەو کەسانەى کە سجن کراون و لە بەندیخانەن؟
پرسیار:

ئاینى پیرۆزى ئیسلام چ گرنگیەکى داوە بە شوێن و حاڵى ئەو کەسانەى کە سجن کراون و لە بەندیخانەن؟
ئەو شتانەى کە دروست نیە و حەرامە لەگەڵ کەسی بەندکراودا بکرێت بە ناوى تەمبێ کردنەوە کامانەن؟

بەڵێ ، ئیسلام گرنگیەکی زۆری داوە بە بەندیخانە و حاڵی بەند کراوەکان بەشێوەیەک لەکەم زەمان وجێگەدا هاوشێوەی هەیە ، ئەوەش بەو شێوەیەیە کە زانایان لەکتێبە فیقهی یەکاندا ئاماژەیان پێ داوە کەچۆن مامەڵە لەگەڵ کەسی بەند کراودا بکرێت ، حەتمەن ئەوەش لەگرنگی دانی ئیسلامە بەمرۆڤ .

بۆ زیاتر ڕوون کردنەوە وئاسان کردنی بابەتەکە زانایان ئەم بابەتەیان کردووە بەدوو بەشەوە :
بەشی یەکەم : ئەحکامی تایبەت بە تەندروستی بەندکراو .
بەشی دووەم : ئەحکامی جێگا و شوێنی بەندکراو کەبەندیخانەیە لەڕووی تەندروستیەوە .

بەشی یەکەم : ئەحکامی تایبەت بە تەندروستی بەند کراو :
1 - بەند کردنی کەسی نەخۆش :
زانایانی باسی بەند کردنی کەسی نەخۆشیان کردووە کەئایا دەسەڵاتداری وڵات بۆی هەیە کەسی نەخۆش بەند بکات ؟
وەڵام : بێگومان ئەم بابەتە بابەتێکی ئیجتهادیە ودەگەڕێتەوە بۆ بۆچوونی قازی لەڕووی ئەوەی کەئایا دەگونجێ ئەو کەسە نەخۆشە بکرێتە بەندیخانەوە ودەتوانرێت چاودێری بکرێت کاتێ بەند دەکرێت ؟.
جا هەرکات توانرا چاودێریەکی تەواوی کەسی نەخۆش بکرێت ونەخۆشیەکەی قورس نەبوو ئەوا دروستە بەند بکرێت ، بەڵام گەر نەتوانرا چاودێری بکرێت ئەوا قازی کەسێکی بۆ دەس نیشان دەکات تا چارەسەری بکات وچاو دێری بکات بێ ئەوەی بەر بدرێت تاوەکو دەگەڕێندرێتەوە بۆ بەندیخانە .

2 - کاتێ کەسی بەند کراو لەناو بەندیخانەدا نەخۆش کەوت و دەگونجا لەنێو بەندیخانەکەدا چارەسەر بکرێت ئەوا پێویستە چارەسەری بکرێت بێ ئەوەی دەر بهێندرێت ، ونابێت ڕێگری بکرێت لەپزیشک و ئەو کەسانەی کەخزمەتی دەکەن لەوەی چارەسەری بکەن وخزمەتی بکەن ، گەر چارەسەر نەکردنی ببێتە هۆکاری گیان لەدەس دانی ئەوا خوێن وسزاکە دەکەوێتە سەر ئەو کەسەی کەبۆتە هۆی گیان لەدەس دانی .
وە کاتێ پێغەمبەر بەلای بەندکراوی ( وثاقه )دا تێپەڕ بوو ، بانگی کردو گوتی : ئەی موحەمەد ئەی موحەمەد ، پێغەمبەریش چوو بۆ لای و فەرمووی : ما شأنك ؟ قال : إني جائع فأطمعني وظمآن فاسقني . فأمر له النبي بقضاء حاجته . رواه مسلم 3/1263 .
واتە : چیت دەوێ ؟
گوتی : من برسیمەو خواردنم بەرێ وتینوومە وئاوم بەرێ .
پێغەمبەر فەرمانی کرد پێویستیەکانی بۆ جێ بەجێ بکرێت ۰
گومانی تێدا نی یە کەچارەسەر کردنی نەخۆش پێویستیەکە لەپێویستیەکانی ۰

بەڵام گەر نەگونجا چارەسەر بکرێت ئەوا پێویستە دەربهێندرێت بۆ جێگایەک کەدەکرێت تیایدا چارەسەر بکرێت وچاو دێری بکرێت .

جا زانایان جیاوازیان نەکردووە لەنێوان نەخۆشی دەروونی و ئەندەمەکانی تری لاشەدا ( جا مەبەست لەنەخۆشی دەروونی ئەو نەخۆشیانەیە کەحەقیقەتی هەیە نەک نەخۆشیەکی ئاسایی و درۆینە کەزۆرێک لە محامیەکان دەیکەنە هۆکار بۆ بەبێ تاوان زانینی کەسانی تاوان بار ) ، پاشان زانایان ئاماژەیان بەوە داوە کە دروست نی یە بکرێتە ژورێکی تاریکەوە وبەهیچ شێوەیەک نابێت ئەزیەت بدرێت بەهەر جۆرە ئەزیەتیێک .
هەروەک نابێت ڕێگری لەکەسە نزیکەکانی بکرێت لەسەردانی کردنی؛ چونکە سەردانی کردنی خزمانی دەبێتە هۆکاری دڵ خۆشی وتەندروستیەکی باش .

3 - دورستە دەسەڵاتدار یاخود جێگرەکەی بەشێک لەبەندیخانەکە تایبەت بکەن بەنەخۆشەکان وگرنگی دان بەتەندروستیان ، حەتمەن ئەوەش وا دەکات لەکاتی نەخۆش کەوتندا پێویستیان بەدەرکردن نەبێت بۆ دەرەوەی بەندیخانە .

4 - گەر گونجا پێویستە ڕێگە بدرێت بەبەند کراو لەگەڵ خێزانی دا جیماع بکات لەجێگایەکی گونجاودا ، ئەوەش وەک پارێزگاری کردن وڕەچاو کردنی لایەنی ئارەزووی بەند کراوە وخێزانەکەی .

5 - زانایان ئەماژەیان بەوە داوە پێویستە ڕێگە بەبەند کراو بدرێت دەس نوێژ بگرێت وخۆی پاک بکاتەوە ، بێگومان ئەوەش هۆکارێکە بۆ خۆپاراستن لەنەخۆشی .

بەشی دووەم : ئەحکامەکانی گرنگی دان بەبەندیخانە لەڕووی تەندروستی و پاک و خاوێنی یەوە :

پێویستە بەندیخانە جێگایەکی فراوان وپاک بێت وتیشکی خۆر لێی بدات وهەموو مەرجە تەندروستیەکانی تێدا بێت وگونجاو بێت بۆ ژیان بەسەر بردن تیایدا .

وەدروست نی یە و نابێت کۆمەڵێک زۆر لەبەند کراوان لەجێگایەکدا کۆبکرێنەوە بەشێوەیەک توانای دەس نوێژ گرتن ونوێژ کردنیان نەبێت .

ئەو شتانەى کە دروست نیە و حەرامە لەگەڵ کەسی بەندکراودا بکرێت بە ناوى تەمبێ کردنەوە :
زانایان چەند شتێکیان باس کردووە کە نابێت و حەڕامە لەگەڵ کەسی بەند کراودا بکرێت بەناوی تەمبێ کردنەوە :

1- شێواندی جەستە : بێگومان نابێت سزای کەسی بەند کراو بدرێت بەبڕینی بەشێک لەجەستەی ویاخود بەشێک لەلاشەی بشکێندرێت ، پێغەمبەر ڕێگری کردووە لەوەی جەستەی دیل بشێوێندرێت وفەرموویەتی : ( لا تمثلوا ) رواه مسلم 3/1357 .
واتە : جەستە مەشێوێنن .

2- لێدان لەدەم وچاو ، چونکە ئەمە ئیهانە کردنە، هەروەک نابێت و دروست نی یە زنجیر بخرێتە ملیان ویاخود لەسەر زەوی درێژ بکرێت ، چونکە ئەوە ئیهانە کردنە ودەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە تەندروستی بەند کراو .

3- سزادان بەئاگر وهاوشێوەکانی ویاخود قوت دانی لەئاودا تەنها مەگەر وەک تۆڵە سەندنەوە بکرێت وئەو کەسە وای لەکەسێک کردبێت بەوەی بەئاگر کەشێوەی سوتاندبێت ئەوا ئەو کات دروستە بەهەمان شێوە سزا بدرێت ۰

4- برسی کردن وخستنە جێگای ساردەوە ، ویاخود خواردنێکی بدرێت کەزیانی پێ دەگەیەنێت ، ویاخود ڕێگری لێ بکرێت لەجل لەبەر کردن ، جا گەر کەسی بەند کراو بەو هۆیەوە مرد ، ئەوا ئەو کەسەی کەبەو شێوەیە سزای داوە بەهەمان شێوەی تۆڵەی لێ دەسەندرێت ویاخود خوێنی ئەو کەسەی لێ وەردەگیردرێت .

5- داکەندی جل لەبەری کەسی بەند کراو ؛ چونکە ئەوە دەبێتە هۆکاری دەرکەوتنی عەوڕەت ونەخۆشی جەستەی ودەروونیش .

6- ڕێگری کردن لێی لەوەی بچێتە سەر ئاو ودەس نوێژ بگرێت ونوێژ بکات ، بێگومان ئەمانەش زیانی تەندروستی بەکەسی بەند کراو دەگەیەنێت .

چەند نموونەیەک لەگرنگی دانی موسوڵمانان بەکەسی بەند کراو :

- ئەو فەرموودەیەیی کەئاماژەمان پێیدا کاتێ کەپێغەمبەر فەرمانی کرد گرنگی بەکەسی دیل بدرێت وپێویستیەکان بۆ جێ بەجێ بکرێت لەخواردن وخواردنەوە ، ، وزۆر جار پێغەمبەر ئامۆگاری هاوەڵانی دەکرد بەوەی چاک بن لەگەڵ کەسی بەدیل گیراودا .

- پێشەوا عەلی کوڕی ئەبو تالیب لەکار وباری بەند کراوانی دەکۆڵیەوە وپێویستیەکان بۆ جێ بەجێ دەکردن .

- وەعومەری کوڕی عەبدول عەزیز نامەی بۆ کارمەندەکانی دەنوسی دەیگوت : تەماشای بەند کراوەکان بکەن وئاگارداری نەخۆشەکان بن .

- خەلیفە ( المعتضد العباسي ) بڕی 1500 ديناری مانگانەی دابین کردبوو بۆ کاروباری بەند کراوان وجێ بەجێ کردنی پێداویستیەکانیان .

- کاتێ کە خەلیفەی عەباسی( المقتدر ) یەکێک لەوەزیرەکانی بەند کرد کە ( ابن مقلة ) بوو ، دواتر باری تەندروستی تێک چوو ، وپزیشکی بەناو بانگ ( ثابت بن سنان بن ثابت بن قرة ) بۆ دابین کرد بۆ ئەوەی چارەسەری بکات وفەرمانی پێ کرد چاک بێت لەگەڵی دکتۆرەکەش بەدەستی خۆی خواردنی دەدایە بەندکراوەکە وبەزەیی پێدا دەهاتەوە .

- وە لەسەدەمی خەلیفە(المقتدر)دا وەزیرێک بەناوی ( علي بن عيسى الجراح ) نوسراوێکی بۆ بەڕێوە بەری تەندروستی ئەوکاتی عێڕاق نووسی وتێدا گوتی : ( بیرم لەکار وباری بەند کراوان کردۆتەوە لەوەی کە ژمارەیان زۆرە وجێگاکەیان ناخۆشە وئەوەش دەبێتە هۆکاری نەخۆشی ، لەکاتێکدا ئەوان ناتوانن شتێک بکەن کەلەقازانجیاندا بێ وەک پرس کردن بەپزیشک کەئایا چ شتێک چاکە بۆئەوان وچ شتێک زیان بەخشە بۆیان ، بۆیە پێویستە پزیشکیان بۆ دابین بکرێت وهەموو ڕۆژێک سەردانیان بکات ودەرمانیان بۆ دابین بکات وبەسەر هەموو بەند کراواندا بگەڕێ ولەحاڵیان بپرسێت ) جا ئەم حاڵتە بەردەوام بوو لەخیلافەتی ( المقتدر والقاهر والراضي والمتقي ).
بۆزیاتر شارەزا بوون بڕاوانە : أحكام السجن ومعاملة السجناء في الإسلام ص367-379 ، والموسوعة الفقهية ج16 ص320-327 .

والله تعالى أعلم.

سەردان: ٣,٠٦٠ بەش: ئادابەکان