زانایان شتێك ئیلحاق دەكەن بە جیماعەوەو حوكمی ئەوی پێ دەدەن، ئەویش: (نزول المني بشهوة) واتە: كەسێك كە لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژووە بۆ نموونە گاڵتە لەگەڵ خێزانی خۆی بكات یان بەهەر هۆكارێكی تر مەنی بێتەوە، كە تووشی ئەو حاڵەتە ببێت ئایە رۆژوی پێ دەشكێت یان نا؟ زانایان لەسەر ئەوەن كە ڕۆژووی پێ دەشكێت، بەڵێ هەندێ لە ئەهلی عیلم دەفەرموون: ناشكێت چونكە بەڵگەی لەسەر نییە، بەڵام پێغەمبەر ﷺ لە فەرموودە قودسیەكەدا فەرمووی خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِلا الصَّوْمَ، فَإِنَّهُ لِي، وَأَنَا أَجْزِي بِهِ، يَدَعُ طَعَامَهُ وَشَرَابَهُ وَشَهْوَتَهُ) ( رواه البخاري في التوحيد باب قول الله تعالى: يريدون أن يبدلوا كلام الله برقم 7492، ومسلم في الصيام باب فضل الصيام برقم 1151، وابن ماجة في الصيام باب ما جاء في فضل الصيام برقم 1638.) .
چونكە ئەو بەندەیە خواردنو خواردنەوەو شەهوەتەكەی واز لێ دێنێت لەبەر من، جا كە كەسێك خۆی ببێتە هۆكاری ئەوەی كە مەنی بێتەوەو ئاوی بێتەوە ئەو كەسە بێگومان وازی لە شەهوەتەكەی خۆی نەهێناوە، لەلای جمهوری ئەهلی عیلم ڕۆژووەكەی دەشكێت مادام خۆی بۆتە هۆكاری ئەوەی كە شەهوەتی بێتەوە، ئەوە رۆژووی پێ دەشكێت وە پێویستە قەزای بكاتەوە، وە لەبیرمان نەچێت كە ئەگەر هاتوو بەو خووە نهێنیەی (العادة السریة) كە لای گەنجانێكی لەخوا نەترس باوە ئەگەر ئەو كارە بكەن گوناهباریش دەبن لای خوای گەورە، جگە لە گوناهی ڕۆژوو شكاندنەكە گوناهی ئەو كارەش كە دەیكەن، وە جگە لە ڕەمەزانیش تاوانەو حەرامە، چونكە خوای گەورە فەرموویەتی: [وَاَلَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ إِلَّا عَلَى أَزْوَاجهمْ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانهمْ فَإِنَّهُمْ غَيْر مَلُومِينَ فَمَنْ اِبْتَغَى وَرَاء ذَلِكَ فَأُولَئِكَ هُمْ الْعَادُونَ] [المؤمنون:5-7]. مرۆڤ تەنها خێزانی خۆی حەڵاڵە بۆی، بەڵام ئەوە كارێكی خراپە مرۆڤ دەبێت تەقوای خوای گەورە بكاتو خۆی لێ بپارێزێت، ئەوجا گەنجیش كە دەڵێت من شەهوەتم هەیەو ئارەزوم هەیە، پێغەمبەر ﷺ عیلاجی بۆ داناوە: (يَا مَعْشَرَ الشَّبَابِ مَنِ اسْتَطَاعَ مِنْكُمُ البَاءَةَ فَلْيَتَزَوَّجْ) (رواه البخاري (5065) ومسلم (1400). ) .
واتە: ئەی كۆمەڵی گەنجان كێ لە ئێوە توانای هەیە ژن بێنێت با ژن بهێنێت، وە كەسێ بۆی نەكرێت ژن بهێنێت با بەڕۆژوو بێت ڕۆژوو عیلاجە بۆیو شەهوەتەكەی دەشكێنێتو لە حەرام دووری دەخاتەوە، كەواتە بە ڕۆژووبون عیلاجە نەك تۆ بچیت پەنا ببەیتە بەر ئەم عیلاجە نهێنیە خراپە كە كارێكی بێشەرعیەو مرۆڤ گوناهبار دەبێت، وە دیسان لە بیرمان نەچێت ئەی مرۆڤ كە بەڕۆژ خەوی لێكەوتووە لە خەودا توشی ئیحتیلام بوو، كە لە كوردەواری خۆماندا دەڵێن شەیتان پێكەنی كە ئیحتیلامە لە شەرعدا، یانی جەنابەتە كە تووشی بوو وە ئاوی هاتەوە ئەو كاتەیان چۆنە؟ مادام خۆی هۆكار نەبووە ڕۆژووی ناشكێتو ڕۆژووەكەی تەواوە هیچی لەسەر نییەو تاوانبار نابێتو تەنها غوسڵی لەسەرە.
ئەم پرسیارە لە لایەن بەڕێز (دکتۆر عبداللطیف أحمد)ەوە وەڵام دراوەتەوە