كوفر و جۆره‌كانى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
كوفر و جۆره‌كانى
پرسیار:

كوفر چیه‌ و وە چەند جۆر کوفر هەیە؟

كوفر پێچه‌وانه‌ى ئیمانه‌ و دوو جۆره‌:
یه‌كه‌م: كوفرى هه‌ره‌گه‌وره‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ى له‌ ئیسلام ده‌رده‌كات و ئه‌ویش پێنج به‌شه‌:
1- كوفرى نه‌فامى و به‌درۆخستنه‌وه‌ (كفر الجهل والتكذيب): خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: [ وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَى عَلَى اللَّهِ كَذِبًا أَوْ كَذَّبَ بِالْحَقِّ لَمَّا جَاءَهُ أَلَيْسَ فِي جَهَنَّمَ مَثْوًى لِلْكَافِرِينَ (68) ] واته‌: هیچ كه‌س له‌و كه‌سه‌ سته‌مكارتر نیه‌ كه‌ درۆ به‌ناوى خواوه‌ بكات، و نیسبه‌تى ئه‌و گومڕایى و پوچه‌ڵیه‌ى كه‌ خۆى تێیدایه‌ ده‌داته‌ لاى خواى په‌روه‌ردگار، یان ئه‌و هه‌قه‌ى كه‌ خواى په‌روه‌ردگار په‌یامبه‌ره‌كه‌ى ـ واته‌ موحه‌ممه‌دى - - ـ پێناردووه‌ به‌درۆ داده‌نات، بێگومان له‌ ئاگرى دۆزه‌خدا شوێنى نیشته‌جێبوون هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بێباوه‌ره‌ به‌ خواى په‌روه‌ردگار، و نكوڵى یه‌كتاپه‌رستى ده‌كات، و په‌یامبه‌ره‌كه‌ى موحه‌ممه‌د - - به‌درۆ دزانێت .

2- كوفرى خۆبه‌گه‌وره‌زانین له‌گه‌ڵ به‌ڕاستخستنه‌وه‌دا (كفر الإباء والاستكبار مع التصديق): وه‌كو كوفرى ئیبلیس، خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: [ وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلائِكَةِ اسْجُدُوا لآدَمَ فَسَجَدُوا إِلا إِبْلِيسَ أَبَى وَاسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ (34) ] واته‌: ـ ئه‌ى په‌یامبه‌رى خوا ـ باسى ئه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك بكه‌ كه‌ چۆن خواى په‌روه‌ردگار ڕێزى له‌ ئاده‌م گرت، كاتێك كه‌ به‌ فریشته‌كانى فه‌رموو : سوژده‌ بۆ ئاده‌م به‌رن وه‌كو ڕێزلێنان و ده‌رخستنێك بۆ فه‌زڵى ئاده‌م، ئه‌وه‌بو هه‌موویان گوێرایه‌ڵیان كرد ته‌نها ئیبلیس نه‌بێت ڕازى نه‌بوو سوژده‌ به‌رێت به‌ هۆى خۆبه‌گه‌وره‌ زانین وحه‌سودى بردنیه‌وه‌، به‌مه‌ش بووبه‌ یه‌كێك له‌ نكوڵیكاران له‌ خواى په‌روه‌ردگار، ئه‌وانه‌ى كه‌ سه‌رپێچیكارى فه‌رمانه‌كانى خواى په‌روه‌ردگارن .

3- كوفرى گومان و دوودڵى (كفر الشك): خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: [ وَدَخَلَ جَنَّتَهُ وَهُوَ ظَالِمٌ لِنَفْسِهِ قَالَ مَا أَظُنُّ أَنْ تَبِيدَ هَذِهِ أَبَدًا وَمَا أَظُنُّ السَّاعَةَ قَائِمَةً وَلَئِنْ رُدِدْتُ إِلَى رَبِّي لأَجِدَنَّ خَيْرًا مِنْهَا مُنْقَلَبًا (35 ـ 36) قَالَ لَهُ صَاحِبُهُ وَهُوَ يُحَاوِرُهُ أَكَفَرْتَ بِالَّذِي خَلَقَكَ مِنْ تُرَابٍ ثُمَّ مِنْ نُطْفَةٍ ثُمَّ سَوَّاكَ رَجُلا (37) لَكِنَّا هُوَ اللَّهُ رَبِّي وَلا أُشْرِكُ بِرَبِّي أَحَدًا (38) ] واته‌: چووه‌ ناو باخه‌كه‌یه‌وه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌و سته‌مكاربوو له‌نه‌فس و گیانى خۆى به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ باوه‌ڕى نه‌بوو به‌ زیندووبونه‌وه‌، و له‌گوماندابوو سه‌باره‌ت به‌ هاتنى رۆژى دوایی، بۆیه‌ سه‌رسام بوو به‌و به‌روبوومه‌ زۆره‌ی باخه‌كه‌ی و وتى : من پێم وانیه‌ ئه‌م باخ وبێستانه‌ زۆره‌ به‌درێژایی ژیان له‌ناوبچێت و نه‌مێنێت، و بڕواناكه‌م ڕۆژی دوایی هه‌ستێت و بوونى هه‌بێت، وه‌ ئه‌گه‌ریش ـ وه‌كو تۆ ده‌ڵێی قیامه‌ت هه‌بێت ـ و بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لاى په‌روه‌ردگارم ئه‌وا له‌مه‌ باشترو به‌رهه‌مدارتر به‌ نسیبم ده‌بێت و له‌م جێگایه‌ خۆشترم ده‌بێت، له‌به‌ر ڕێز و پله‌وپایه‌م له‌لاى ئه‌و . هاوه‌ڵه‌ باوه‌ڕداره‌كه‌ى ئامۆژگارى كردو پێى ووت : چۆن كافر و بێباوه‌ڕیت به‌و خوایه‌ی كه‌ تۆى دروست كردووه‌ له‌ خۆڵ و خاك ؟ وپاشان له‌ دڵۆپێك ئاوى باوك و دایك، وپاشان كردووتی به‌ مرۆڤێكى ڕێك وڕاست و ته‌واو ؟ ئه‌م گفتوگۆیه‌ به‌ڵگه‌ى تێدایه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و خوایه‌ى كه‌ تواناى هه‌بێت به‌سه‌ر به‌دیهێنانى مرۆڤ وگیانه‌وه‌ر له‌نه‌بوونه‌وه‌، بێگومان به‌توانایشه‌ به‌سه‌ر دووباره‌ زیندووكردنه‌وه‌یاندا . به‌ڵام من ئه‌و ووته‌یه‌ى ناڵێم كه‌ تۆ ده‌یڵێیت و به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر بێباوه‌ڕیت، به‌ڵكو ده‌ڵێم : نیعمه‌ت به‌خش و چاكه‌كار ته‌نها بریتیه‌ له‌ خواى په‌روه‌ردگارم، و هه‌رگیز هاوبه‌ش وهاوه‌ڵى بۆ په‌یدا ناكه‌م وجگه‌ له‌و ناپه‌رستم .

4- كوفری پشت تێكردن (كفر الاعراض): به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م ئایه‌ته‌یه‌: [... وَالَّذِينَ كَفَرُوا عَمَّا أُنْذِرُوا مُعْرِضُونَ (3) ] واته‌: كه‌چى ئه‌وانه‌ى نكۆڵیان كرد له‌وه‌ى كه‌ الله په‌رستراوى ڕاست و ڕه‌وایه‌، پشت هه‌ڵده‌كه‌ن له‌وه‌ى كه‌ قورئان ئاگه‌دارى كردونه‌ته‌وه‌ و ترساندونى و په‌ند وه‌رناگرن و بیر ناكه‌نه‌وه‌ .

5- كوفرى دووڕویی (كفر النفاق): به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: [ اتَّخَذُوا أَيْمَانَهُمْ جُنَّةً فَصَدُّوا عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ إِنَّهُمْ سَاءَ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ ذَلِكَ بِأَنَّهُمْ آمَنُوا ثُمَّ كَفَرُوا فَطُبِعَ عَلَى قُلُوبِهِمْ فَهُمْ لا يَفْقَهُونَ (2 ـ 3) ] واته‌: بێگومان ئه‌و سوێنده‌ى دووڕوه‌كان خواردبویان ته‌نها كردبویانه‌ پارێزه‌ر و قه‌ڵغانێك بۆ خۆیان له‌ قسه‌پێكردن و سزادانیان، و ڕێگرى له‌ خۆیان و خه‌ڵكیش ده‌كه‌ن له‌ گرتنه‌به‌رى رێگاى ڕاستى خواى په‌روه‌ردگار، به‌ڕاستى ئه‌وان خراپترین كاریان ئه‌نجامداوه‌، چونكه‌ ئه‌وان ته‌نها به‌ ڕووكه‌ش باوه‌ڕیان هێنابوو، پاشان له‌ ناخه‌وه‌ بێباوه‌ڕبوون، و به‌هۆى بێباوه‌ڕیانه‌وه‌ خواى په‌روه‌ردگار مۆری دا به‌سه‌ر دڵیانه‌وه‌، بۆیه‌ تێناگه‌ن و نازانن هۆكاری چاكبوونیان چیه‌ .وه‌ ئه‌م جۆرانه‌ش به‌ گوفتار و كردار و بیروباوه‌ڕ ده‌بێت.

جۆرى دووه‌م: كوفرى بـچـووكه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خواى گه‌وره‌ و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ى ووشه‌ى كوفریان بۆى داناوه‌ به‌ڵام بنه‌ڕه‌تى ئیمان نه‌فی ناكات، به‌ڵكو ناهێڵێت ته‌واو و كامڵ بێت، وه‌كو فه‌رمووده‌ى: " سباب المسلم فسوق و قتاله كفر" متفق عليه. واته‌: جوێن دان به‌ موسڵمان فاسقێتیه‌ و شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵیدا كوفره‌. ئه‌م ووشه‌یه‌ وه‌كو خۆى ده‌هێڵرێته‌وه‌ به‌ڵام كوفرێكه‌ كه‌ له‌ خوار كوفرى گه‌وره‌وه‌یه‌، هه‌روه‌كو ته‌واوى گوناه و سه‌رپێچیه‌كانى تر، و خاوه‌نه‌كه‌ى له‌ بازنه‌ى ئیسلام ناباته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام شایسته‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى ئاگرن، وله‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌یانه‌ ده‌ڕواته‌ ناو ئاگره‌وه‌و هه‌شیانه‌ به‌ر لێخۆشبوون ولێبورده‌یی خواى میهره‌بان ده‌كه‌وێت و ناچێته‌ ئاگره‌وه‌، وه‌ ئه‌وه‌شى بڕواته‌ ناویه‌وه‌ به‌هه‌تاهه‌تایی تێیدا نامێنێته‌وه‌.

وەرگیراوە لە کتێبی : (إعانة الخطباء والأئمة بفقه إمامة الأمة)
لە نوسینى شێخ : محمد بن زيد بن محمد المدخلي

 

سەردان: ٢,٨٩٧ بەش: شیرک و جۆرەکانى