حوکمى میزی منداڵی کۆرپەلە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى میزی منداڵی کۆرپەلە
پرسیار:

ئایا میزى منداڵى کۆرپەلە پاکە یان پیسە؟ گەر بەر لاشەو جلوبەرگمان کەوت چۆن پاکى بکەینەوە؟ وە ئایا جیاوازى هەیە لە نێوان میزى منداڵى کوڕ و کچ؟

ميزى مرۆڤ پیسە جا کەسەکە گەورە بێ یان بچوک واجبە کە بەر لاشەو جلوبەرگ کەوت بشۆردرێت تەنها ئەوە نەبێ ئاسانکارى کراوە لە میزی منداڵی بچوك (کوڕ) ئەوەی كە هێشتا شیرەخۆرەیە و خواردنی نەخواردووە، ئاسانی تیا كراوەو جێگاكەی بە پڕژاندنی ئاو بەسەریدا پاك دەبێتەوە بەپێ‌ی ئەو (حدیث)ەی ئومموقەیس خوا لێی ڕازی بێت كە : ( أَنَّهَا أَتَتْ بِابْنٍ لَهَا صَغِيرٍ لَمْ يَأْكُلْ الطَّعَامَ إِلَى رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ، فَأَجْلَسَهُ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فِي حَجْرِهِ ، فَبَالَ عَلَى ثَوْبِهِ ، فَدَعَا بِمَاءٍ فَنَضَحَهُ وَلَمْ يَغْسِلْهُ ) واتە : (ئومموقەیس هات بۆ لای پێغەمبەرى خوا كوڕێكی شیرە خۆرەی خۆی پێ‌ بوو هێشتا نەگەیشتبووە ئەوەی خواردن بخوات، ئەم كوڕەی میزی كرد بە كۆشی پێغەمبەردا جا پێغەمبەر داوای ئاوی كردو پڕژاندی بەسەر جل‌ وبەرگەكەی و نەیشت بە مانای شتن (بوخاری و موسلیم گێڕاویانەتەوە).
وە لە عەلی یەوە خوا لێی ڕازی بێت هاتووە فەرموویەتی، پێغەمبەر دەفەرموێت: (بَولُ الغُلامِ يُنْضَحُ عَلَيهِ، وَبَولُ الجَارِيَةِ يُغْسَلُ)  واتە: جێگە میزی كوڕی كۆرپە ئاوی پێ‌ ئەپڕژێنرێت، و میزی كچی كۆرپە ئەشۆرێت.

قەتادە دەفەرمووێت: كاتێك بەو شێوەیە ئەكرێت كە هەردووكیان هەر شیرە خۆرە بن و خواردنیان نەخواردبێت، بەڵام ئەگەر خواردنیان خوارد میزی هەردووكیان ئەشۆرێت (ئەحمەد و خاوەن سونەنەكان ریوایەتیان كردووە، جگە لە نەسائی (ئەوەی سەرەوە زاراوەی ئەحمەدە).

(حافظ) لە (الفتح)دا ئەفەرمووێت: ئیسنادەكەی صەحیحە، لە پاشاندا ئاو لێ‌پڕژاندن كاتێك ئەبێت كە منداڵە كوڕەكە تەنها شیر بخوات. بەڵام ئەگەر خواردنی تریشی خوارد ئەوە ئەبێ‌ جێگەكەی بشۆررێت، زانایان لەسەر ئەمە (خلاف) یان نیە.
وە لەوانەیە هۆی ئیكتفا كردن بە ئاو لێ‌ پڕژاندن بە میزی كوڕا ئەوەبێت كە خەڵك بە زۆری هۆگرن پێوەی و ئەیگرنە باوەشیان، ئەویش بەزۆری میزیان پێدا ئەكات و شتنی كارێكی گران ئەبێت بۆیە سووك كراوە لەسەریان.

کەواتە : میزى منداڵى کۆرپەلەش پیسە ، گەر منداڵەکە کچ بوو ئەوا میزەکەى دەبێ بشۆردرێ ، وە گەر کوڕ بوو ئەوا ئاسانکارى تێدا کراوە لە شەرعدا بەوەى کە تەنها ئاو پرژاندن بەسەریا بەسە بەڵام بە مەرجێ ئەو منداڵە هێشتا شیرە خۆرە بێ .

سەردان: ٣,٧٦٢ بەش: شتە پیسەکان و پاککردنەوەیان