چۆنێتى قەزا کردنەوەى نوێژ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆنێتى قەزا کردنەوەى نوێژ
پرسیار:

ئەگەر فەرزێك یان زیاترم لەدەست چوو بەهۆى خەوەوە یان بیرچوونەوەوە، چۆن قەزاى نوێژە لەدەست چووەكان بدەمەوە؟

ئایا نوێژە قەزاكە بكەم پاشان نوێژى ئەو كاتە یان بە پێچەوانەوە؟ 

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

نوێژە لەدەست چووەكە بە قەزا دەدەیتەوە سەرەتا، پاشان نوێژى ئەو كاتە دەكەیت و دروست نییە دواى بخەیت، لاى خەڵكى وا بڵاوە كە ئەگەر فەرزێكیان لەدەست بچێت ئەوا لەگەڵ هەمان فەرزى رۆژى دواتردا بە قەزا دەیداتەوە. 

بۆ نمونە: ئەگەر ئەمڕۆ نوێژى بەیانى نەكرد ئەوا لەگەڵ نوێژى بەیانى رۆژى دواتردا بە قەزا دەیداتەوە و ئەمەش هەڵەیە وپێچەوانەى سوننتى گوفتارى و كردارى پێغەمبەرى خوایە  

نوێژە لەدەست چووەكە بە قەزا دەدەیتەوە سەرەتا، پاشان نوێژى ئەو كاتە دەكەیت و دروست نییە دواى بخەیت، لاى خەڵكى وا بڵاوە كە ئەگەر فەرزێكیان لەدەست بچێت ئەوا لەگەڵ هەمان فەرزى رۆژى دواتردا بە قەزا دەیداتەوە.

بۆ نمونە: ئەگەر ئەمڕۆ نوێژى بەیانى نەكرد ئەوا لەگەڵ نوێژى بەیانى رۆژى دواتردا بە قەزا دەیداتەوە و ئەمەش هەڵەیە وپێچەوانەى سوننتى گوفتارى و كردارى پێغەمبەرى خوایە
لە ڕووى گوفتاریەوە: سابت بووە لە پێغەمبەرى خواوە كە فەرموویەتى: ((من نام عن صلاة أو نسيها، فليصلها إذا ذكرها))(1) 
واتە: ئەوەى خەوى لێكەوت یان بیرى چوو نوێژێك بكات ئەوا هەركە بیرى كەوتەوە با بیكات. وە نەیفەرموو با رۆژى دووەم و دواتر بیكات ئەگەر كاتەكەى هات بەڵكو فەرمووى: هەركە بیرى كەوتەوە بیكات. 
بەڵام لە ڕووى كرداریەوە: پێغەمبەرى خوا كاتێك چەند نوێژێكى لەدەست چوو لە رۆژانى شەڕى خەندەقدا، نوێژە لەدەست چووەكانى كردەوە پێش نوێژى ئەو كاتەى كەتێیدایە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى كە مرۆڤ نوێژە لەدەست چووەكە دەكاتەوە پاشان نوێژى ئەو كاتەى كەتێیدایە دەكات، بەڵام ئەگەر بیرى چوو نوێژى كاتەكەى خۆى كرد و پاشان قەزاكەى دایەوە یاخود نەیدەزانى و ئەوا نوێژەكەى دروست وتەواوە چونكە عوزرى هەیە. 
وە بەم بۆنەیەوە دەمەوێت بڵێم: نـوێـژەكان بەپێى قەزاكردنەوەیان دەكرێن بەسێ بەشەوە: 
بەشی یەكەم: هەركات عوزرەكە نەما قەزاى دەكاتەوە، واتە عوزرى دواكەوتن كە بریتیە لە پێنج فەرزەكە، جا هەركات عوزرى دواكەوتن نەما واجبە قەزاى بكاتەوە. 
بەشی دووەم: نوێژى وا هەیە ئەگەر لەدەست چوو ئەوا قەزا ناكرێتەوە و بەڵكو شوێنگرەوەكەى دەكاتەوە، ئەویش نوێژى هەینیە، ئەگەر كەسێك هات و لەو كاتەدا ئیمام بەرزبوویەوە لە ركعاتى دووەمدا ئەوا لەم حاڵەتەدا نوێژى نیوەڕۆ دەكات و لەگەڵ ئیمامدا بە نیەتى نیوەڕۆوە دەچێتە ناو نوێژەكەوە، وە هەروەها ئەو كەسەشی كە لە دواى سەلام دانەوەى ئیمام دێت بەهەمان شێوە نوێژى نیوەڕۆ دەكات، بەڵام ئەگەر گەیشت بە ركوعى ركاتى دووەم ئەوا نوێژى هەینى دەكات واتە دواى سەلامدانەوەى ئیمام هەڵدەسێت یەك ركعات ئەنجام دەدات، ئەمەش زۆرێك لە خەڵكى نایزانن، چونكە خەڵكى وا هەیە دێتە ژوورەوە و لەو كاتەدا ئیمام سەرى بەرزكردۆتەوە لەركاتى دووەمدا و كەچی ئەم دواتر نوێژى هەینى دەكات و ئەمەش هەڵەیە، چونكە لەو كاتەدا نەگەیشتووە بە هیچ شتێكى هەینیدا ولەسەریەتى نوێژى نیوەڕۆ بكات، لەبەر ئەوەى پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: "من أدرك ركعة من الصلاة فقد أدرك الصلاة" (2)
 واتە: ئەوەى گەیشتە بەیەك ركاتى نوێژدا ئەوا گەیشتووە بە نوێژەكە. ئەمەش بە مانایەكى تر واتە ئەوەى گەیشتە كەمتر لەیەك ركاتدا ئەوا نەگەیشتوە بە نوێژەكە، وە نوێژى هەینى بە نوێژى نیوەڕۆ قەزا دەكرێتەوە، هەربۆیە واجبە لەسەر ئافرەتان و ئەو نەخۆشانەى كە نایەن بۆ نوێژى هەینى لەسەریانە نوێژى نیوەڕۆ بكەن نەوەك هەینى، وە ئەگەر نوێژى هەینیان كرد ئەوا لەم حاڵەتەدا نوێژەكەیان باتڵە و ڕەددەكرێتەوە. 
بەشی سێ یەم: جۆرە نوێژێك هەیە كە ئەگەر لەدەست دەرچوو ئەوا قەزاناكرێتەوە ئیللا لە هەمان كاتى خۆیدا نەبێت كە ئەویش نوێژى جەژنە، چونكە ئەگەر نوێژى جەژن نەزانرا ئیللا دواى لاربونەوەى خۆر لە ناوەڕاستى ئاسمان نەبێت، ئەوا زانایان دەڵێن: لە كاتى نوێژى جەژن ( كەبەرزبونەوەى خۆرە بە ئەندازەى ڕمێك) لە رۆژى دواتر دەیكەن. 
كەوابوو قەزاكردنەوە سێ بەشە: 
یەكەم: ئەوەیە كە قەزادەكرێتەوە لەو كاتەى كە عوزرەكە نەما، كە ئەویش پێنج فەرزەكەیە و نوێژى ویترە وهاوشێوەكانى لە نوێژە سوننەتەكان. 
دووەم: ئەوەیە كە شوێنگرەوەكەى دەكرێتەوە كە ئەویش بریتیە لە نوێژى هەینى ئەگەر لەدەست دەرچوو ئەوا نوێژى نیوەڕۆ دەكرێت لەبرى. 
سێ یەم: ئەوەیە كە خودى نوێژەكە بە قەزا دەكرێتەوە بەڵام لە هەمان كاتى رۆژى دواتردا كە ئەویش نوێژى جەژنە ئەگەر لەدەست دەرچوو پێى نەزانرا هەتا دواى لاربونەوەى خۆر لە ناوەڕاستى ئاسمان ئەوا رۆژى دواتر دەكرێت.

والله الموفق .

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام
زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -


(1) أخرجه البخاري: كتاب المواقيت/ باب من نسي صلاة فليصلها إذا ذكرها، ومسلم: كتاب المساجد/ باب قضاء الصلاة الفائتة .
(2) أخرجه البخاري: كتاب مواقيت الصلاة/ باب من أدرك من الصلاة ركعة . ومسلم: كتاب المساجد/ باب من أدرك ركعة من الصلاة فقد أدرك الصلاة .

سەردان: ١١,٩٥١ بەش: دواخستن و قەزا کردنەوەى نوێژ