کاتێک ئەو کچەى تۆ دەتەوێ نابێ بە قسمەتت ڕازی بە بە قەدەرى خوا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کاتێک ئەو کچەى تۆ دەتەوێ نابێ بە قسمەتت ڕازی بە بە قەدەرى خوا
پرسیار:

ساڵێکە بە تەمای کچێکم بەڵام قسمەت نەبوو ، و ئێستا شوی بە کەسێکى تر کردووە ، بەڵام من زۆر خەمبارم و لە بیرم ناچێ ئامۆژگاریتان چیە بۆم ؟

ڕازی بوون بەقەدەری خوا پایەیەكە لە پایەكانی ئیمان ، و بنەڕەتی ئارامی و بەختەوەری یە ،وە ئێمەی مرۆڤ لە ژیانی دونیادا بە چەندین تاقی كردنەوەدا تێدەپەڕین ، و هیچ كەسێك نیە ئیللا توشی تاقی كردنەوەی خوایی دەبێت ، جا بەختەوەر ئەو كەسەیە كە لە تاقی كردنەوەكاندا سەركەوتوو بێـت و جڵەوی نەفسی بگرێت و نەیداتە دەست شەیتانی نەفرین لێ كراو و ڕازی بێـت بەقەدەری خوای گەورە ،چونكە ئەو كەسانەی كەوا لە تاقی كردنەوەكاندا دەرناچن و خۆیان تەسلیمی شەیتان و نەفسی بەدكاریان دەكەن ، دەبینی بەرەو سەرلێشێواوی و دڵتەنگی و خەمۆكی دەڕۆن بە بێ ئەوەی هەست بە خۆیان بكەن ، وە بێ ئاگان لەوەی كە مەرج نیە هەر شتێك كە تۆ پێت خۆش بێت و خوای گەورە بۆت نەكات ئەوە شەڕی تێدایە ، نەخێر بەڵكو بە پێچەوانەوە ڕەنگە خێرێكی زۆر گەورەی تێدا بێـت و ئێمە پێی نەزانین .
خوای پەروەردگار دەفەرموێت : [.... وَعَسى أَنْ تَكْرَهُوا شَيْئاً وَهُوَ خَيْرٌ لَكُمْ وَعَسَى أَنْ تُحِبُّوا شَيْئاً وَهُوَ شَرٌّ لَكُمْ وَاللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنْتُمْ لا تَعْلَمُونَ] 
واتە : لەوانەیە لەشتێك حەزنەكەن و ناخۆش بێت لاتان، بەڵام خێروچاكەی تێدا بێت و بەخێریش گەڕێ ، هەروەها ڕەنگە شتێكتان پێ خۆش بێت  كەچی شەڕو خراپ بێت و ئاكامەكەی باش نەبێ، بێگومان هەر خوا خۆی دەزانێت (خێر لە چیدایە)، ئێوە نایزانن. 
لە ڕاستی دا ئێمەی موسوڵمان كە خۆمان بە بەندەو ملكەچی فەرمانەكانی خوای پەروەردگار دەزانین لە سۆنگەی ئەم ئایەتە پیرۆزەوە ئەبێت بەتەواوەتی دڵ ئارام و بێ گومان بین كە تەنها خوای پەروەردگار دەزانێت و زانایە بەوەی كە چ شتێك خێری تێدایە بۆمان و چ شتێك شەڕی تێدایە ، و نابێـت تەنها بە عەقڵی خۆمان كە زۆر جار سۆز و عاتیفە زاڵ بوە بەسەریدا بڕیار بدەن كە ئەگەر ئەو كارە بكەم ئەوا خێری تێدایە ، ئەگەر ئەو كچە ببێت بە هاوسەرم ئەوا بەختەوەر دەبم و خێری تێدایە ......هتد

ئەگەر بە وردی بیرێك لە واقعی دەوروبەری خۆمان بكەینەوە چەندین ڕووداوی لەو جۆرەمان دێتە پێش چاو كە كوڕێك كچێكی خۆش ویستوە دوایی بە بیركردنەوەی خۆی وای زانیوە ئیتر مادام ئەم كوڕ و كچە یەكیان بە دڵە ئیتر بۆ یەك دەبن و بەخەیاڵ بەهەشتێكیان بۆ خۆیان دروست كردوە ، بەڵام بێ ئاگا بوون لەوەی كە لای خوای گەوری چی نوسراوە ، و دوایی  كە بۆ یەك نابن و کچەکە شوو بە کەسێکى تر دەکات ئیدی ئەم كوڕە هەست بە خەمباریەكی زۆر دەكات و زۆر جاریش توشی ناشوكری و كوفر دەبێت و دنیای لە پێش چاو ڕەش دەبێت، تا وای لێ‌ هاتووە گەنجێك ئامادەیە خۆی بكوژێت لە پێناو خۆشەویستەكەیدا ، هەروەك بینیمان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وێنەیەك بڵاوکرایەوە گەنجێك لەسەر قەبرێك خۆی كوشتووە دوای ئەوەی كە هەواڵەكە دەخوێنیتەوە دەبینى ئەم كوڕ و كچە حەزیان لەیەك بووە دوای ئەوەی كچەكە لەداخی ئەوەی كە ماڵەوەیان ڕازی نەبونە بەهاوسەرگیری لەگەڵ ئەم كوڕەدا  خۆی كوشتوە پاشان كوڕەكەش كە دەبیستێ خۆشەویستەكەی خۆی كوشتوە ئەمیش دەڕواتە سەر قەبرەكەی و خۆی دەكوژێت.
بۆیە خوشك و برایانی بەڕێز هەركات شتێكی وا ڕووی دا كە بە دڵ و حەزی ئێمە نەبوو ئەبێـت خێرا بیر لەو ئایەتەی پێشوو بكەینەوە و دڵ ئارام بین  و سوپاسی خوای پەروەردگار بكەین كە شتێكی لێمان لاداوە كە شەڕ و خراپە بووە و ئێمە نەمانزانیوە .

لە كۆتایدا :
پێویستە لەسەر ئێمە پشت بەخوای گەورە ببەستین و تەوەكولمان هەر لەسەر خوا بێت و بە پێی توانا هۆكارە شەرعیەكان بگرینە بەر دوای ئەمانەش ئەگەر شتێك پێچەوانەی حەزی ئێمە ڕووی دا ئەبێت ئەو ئایەتەی سەرەوە بە بیر خۆماندا بێنینەوە و ڕازی بین بەقەدەری خوای گەورە ،و دڵمان ئارام بێـت و هیچ جۆرە ناشوكری و ناڕەزایەك دەرنەبڕین نە بە دڵ نە بەزمان ، ئەگەر وامان كرد ئەوا بێ گومان خوای گەورە لە لایەكی ترەوە بۆمان پڕ دەكاتەوە و توشی خێرمان دەكات .

ستافی وەڵامەکان

سەردان: ٣,٣٣٠ بەش: عیشق و خۆشەویستى