حوکمی سەربڕین بۆ جگە لەخوا بەمەبەستی نزیک بووەنەوە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی سەربڕین بۆ جگە لەخوا بەمەبەستی نزیک بووەنەوە
پرسیار:

حوكمى ئاژەڵ سەربڕینێك چییە بە مەبەستى نزیك بوونەوە لە كەسێك یان شتێك جگە لەخوا؟ وە ئایا دروستە لە گۆشتى ئەو سەربڕاوە بخۆیت؟

سەربڕین بۆ جگە لەخوا شیركى هەرەگەورەیە چونكە سەربڕین عیبادەتە و خواى گەورە فەرمانى پێكردووە وەكو: (فَصَلِّ لِرَبِّكَ وَانْحَرْ) (الكوثر:2) واتە: دەسا نوێژەكانت تەنها لەبەر ڕەزامەندى پەروەردگارت ئەنجام بدە ، و سەربڕاوەكانت تەنها بۆ ئەو و بەناوى ئەوەوە سەرببڕە .
 هەروەها ئایەتى: (قُلْ إِنَّ صَلاتِي وَنُسُكِي وَمَحْيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ) (الأنعام:162) (لا شَرِيكَ لَهُ وَبِذَلِكَ أُمِرْتُ وَأَنَا أَوَّلُ الْمُسْلِمِينَ) (الأنعام:163) واتە: ئەى پەیامبەرى خوا  بەو هاوەڵبڕیاردەرانە بڵێ : بێگومان نوێژەكانى من وسەربڕینەكانم بۆ خواى پەروەردگارە بەتەنها ، نەوەك بۆ بت وپەرستراوە ناڕەواكان بێت ، یان بۆ مردووان وجنۆكە وجگە لەوانە بێت كە ئێوە بۆیانى سەردەبڕن ، وە ژیان ومردنیشم تەنها بۆ ( الله ) یە كە پەروەردگارى جیهانیانە . ئەو خوایە هیچ هاوەڵ و هاوبەشێكى نیە نە لە پەرستراوێتیدا و نەش لەپەروەردگارێتى و لە ناو وسیفاتە بەرز و جوانەكانیدا ، وە ئابەو یەكخواپەرستیە ڕوون وپاكە پەروەردگارم فەرمانى پێكردووم ، و منیش یەكەم كەسێكم كە دان بەوەدا بنێم وملكەچ بم بۆى لەم ئوممەتەدا .
 جا ئەوەى سەربڕینەكەى بۆ جگە لە خوا بوو ئەوا دەبێتە هاوبەش پەیداكەر ولەدین دەردەچێت – پەنا بەخوا- ئیتر سەربڕینەكەى بۆ فریشتەیەك بێت لەفریشتەكان یان پێغەمبەرێك لە پێغەمبەران یان جێنشینێك لە جێنشینان یان دۆست و پیاوچاكێك لە پیاوچاكان یان زانایەك لە زانایان هەموو ئەوانە هاوبەش دانانە بۆ خوا و خاوەنەكەى لەدین دەباتە دەرەوە، بۆیە واجبە لەسەر مرۆڤ كە خۆى بپارێزێت و خۆى نەخاتە ناو ئەو شیركەى كە خواى گەورە دەربارەى فەرموویەتى: ( إِنَّهُ مَنْ يُشْرِكْ بِاللَّهِ فَقَدْ حَرَّمَ اللَّهُ عَلَيْهِ الْجَنَّةَ وَمَأْوَاهُ النَّارُ وَمَا لِلظَّالِمِينَ مِنْ أَنْصَارٍ)(المائدة: من الآية72).
واتە: ئەو كەسەش لەگەڵ خواى پەروەردگاردا پەرستراوى جگە لەو بپەرستێت ئەوا خواى پەروەردگار بەهەشتى لەسەر حەرام كردووە و ئاگر دەكاتە شوێن و مەنزڵگاى هەمیشەیی ، وهیچ سەرخەرێكیشى نیە تێیدا بۆ ئەوەى ڕزگارى بكات لێى .
وە هەروەها خواردنى گۆشتى ئەو جۆرە سەربڕاوانەش حەرامە چونكە بۆ جگە لەخوا بووە، و هەموو شتێكیش ناوى جگە لەخواى لەسەر هێنرا وبۆ جگە لەخوابوو ئەوا حەرامە، وەكو دەفەرموێت: (حُرِّمَتْ عَلَيْكُمُ الْمَيْتَةُ وَالدَّمُ وَلَحْمُ الْخِنْزِيرِ وَمَا أُهِلَّ لِغَيْرِ اللَّهِ بِهِ وَالْمُنْخَنِقَةُ وَالْمَوْقُوذَةُ وَالْمُتَرَدِّيَةُ وَالنَّطِيحَةُ وَمَا أَكَلَ السَّبُعُ إِلاَّ مَا ذَكَّيْتُمْ وَمَا ذُبِحَ عَلَى النُّصُبِ)(المائدة: من الآية3)
 واتە: خواى پەروەردگار مردارۆبووى لەسەر حەرامكردوون ، كە ئەویش بریتیە لەئاژەڵێك كەژیانى لێجیابێتەوە ( واتە : بمرێت ) بەبێ سەربڕین ، وە خوێنى ڕێكردووى ڕژاویشى لەسەر حەرامكردوون ، وە گۆشتى بەراز ، وئەو ئاژەڵەش كە لەكاتى سەربڕینیدا ناوى جگە لە ( الله ) لەسەر هێنرابێت ، وە خنكێنراویش (تاسێنراو ) : ئەوەى كە هەناسەى لێگیراوەتەوە تاكو دەمرێت ، وە لێدراویش : ئەو ئاژەڵە دەگرێتەوە كە بەدار یان بەبەرد لێیدەدرێت تا دەمرێت ، وە كەوتوەخوارەوەش : ئەو ئاژەڵەى كە لەشوێنێكى بەرز دەكەوێتە خوارەوە یان دەكەوێتە ناو بیرەوە ودەمرێت ، وە لێدراویش : ئەو ئاژەڵەى كەئاژەڵێكى تر بەشاخى لێى دەدات ودەیكوژێت ، وە خواى پەروەردگار ئەو ئاژەڵانەشى لەسەر قەدەغەكردوون كە دڕندە دەیـخوات ، وەك شێر وپڵنگ وگورگ وهاوشێوەكانیان .
 بەڵام خواى پاك وبێگەرد ئەو ئاژەڵەى هەڵاوێردەكردووە كە پێش ئەوەى بمرێت ( گیانى دەرچێت ) پێى بگەن وسەرى ببڕن ئەوا حەڵاڵە بۆتان ، وە خواى پەروەردگار خواردنى گۆشتى ئەو ئاژەڵانەى قەدەغەكردووە كە بۆ جگە لەخواى پەروەردگار سەردەبڕڕێن لەسەر ئەوەى كە بۆ پەرستن دانراون وەكو بەرد یان هەرشتێكى تر.

جا بۆیە ئەم جۆرە سەربڕاوانەى كە بۆ جگە لەخوا سەردەبڕرێن لەبەشی حەرامكراوەكانە و خواردنیان حەڵاڵ نییە.

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –

سەردان: ٢,١٦٠ بەش: شیرک و جۆرەکانى