حوكمى ئەو كەسە چییە كە گۆڕ دەپەرستێت بە تەواف كردن بە دەوریدا و پاڕانەوە لێى و نەزر بۆكردنى و جگە لەوانەش لە جۆرەكانى عیبادەت؟
وە وەڵامتان چیە بۆ ئەو کەسانەى کە دەڵێن جارى وا هەیە داخوازی كەسی داواكار بەدى دێت لاى ئەو كەسەى كە دوعاى لادەكرێت؟
ئەمە پرسیارێكى گەورەیە و وەڵامەكەشى پێویستى بە وردى و درێژكردنەوەیەك هەیە بەیارمەتى خوا – عزوجل- بۆیە دەڵێین خاوەن گۆڕ یان مردووى ناوگۆڕ دەبێت بە دوو بەشەوە:
بەشی یەكەم: بەشێك لەسەر موسڵمانێتى مردووە و خەڵكى بەچاكە باسی دەكەن، ئەمەیان ئومێدى خێرى لێ دەكرێت، بەڵام لەهەمان كاتدا پێویستى بە برا موسڵمانەكانێتى كە دوعاى خێى بۆبكەن بەوەى خوا لێى خۆش بێت و ڕەحمى پێ بكات، كە ئەو حاڵەتەش دەچێتە ژێر گشتێتى ئەم ئایەتەوە كە دەفەرموێت: (وَالَّذِينَ جَاءُوا مِنْ بَعْدِهِمْ يَقُولُونَ رَبَّنَا اغْفِرْ لَنَا وَلإِخْوَانِنَا الَّذِينَ سَبَقُونَا بِالأِيمَانِ وَلا تَجْعَلْ فِي قُلُوبِنَا غِلاً لِلَّذِينَ آمَنُوا رَبَّنَا إِنَّكَ رَؤُوفٌ رَحِيمٌ) (الحشر:10)
واتە: وە ئەو باوەڕدارانەشى كە لە پاش كۆچبەران و پشتیوانانى پێشین هاتن دەڵێن : پەروەردگارا لە ئێمە ، و لەو برایانەمانەشمان خۆشبە كە پێش ئێمە باوەڕیان هێنا ، وە هیچ رق و ئێرەیى و قینێك مەخەرە دڵمان بەرامبەر باوەڕداران ، پەروەردگارا بەڕاستى تۆ ڕەحم و میهرەبانى و سۆزى فراوانت هەیە بەرامبەر بەندەكانت لە ئێستا و لە ئایندەشیاندا .
لە ئایەتەكەدا بەڵگەى ئەوەى تێدایە : كە پێویستە لەسەر موسڵمانان پێشینى خۆى بە چاكە باس بكات ، و بۆیان بپاڕێتەوە ، و هاوەڵانى پەیامبەرى خواى ﷺ خۆش بوێت ، و بە چاكە باسیان بكات ، و داواى ئەوەش بكات لە خواى پەروەردگار لە لێیان ڕازى ببێت . بۆیە مردووەكە سوود بەكەس ناگەیەنێت چونكە بێ گیان و مردووە و تەنها جەستە ولاشەیەكە وناتوانێت بەرگرى نە لە خۆى و نەلە غەیرى خۆى بكات، و ناتوانێت زەرەر و زیان لە خۆى و جگە لە خۆى دووربخاتەوە و سوودێك بە خۆى یان جگە لەخۆى بگەیەنێت و بەڵكو ئەو پێویستى بە سوودى براكانێتى و ئەمیش هیچ سوودێكى بۆیان نییە.
بەشی دووەم: ئەو مردووەى كە كاروكردەوەكانى سەردەكێشی بۆ فاسقێتى و خراپە و دەبێتە هۆى ئەوەى خاوەنەكەى لە دین بكاتە دەرەوە، وەكو ئەوانەى لافی ئەوە لێ دەدەن كە ئەولیا وپیاوچاكن و غەیب دەزانن و شیفاى نەخۆش دەدەن، و خێر وسوود وچاكە دەهێنن بە هۆى شتانێكەوە كە نەزانراوە لەڕووى هەست و واقیع وشەرعیشەوە، جا ئەوانەى كە مردوون لەسەر ئەمە ئەوا لەسەر كوفر و بێباوەڕى مردوون، و دروست نییە دوعایان بۆ بكرێت و سۆز وبەزەییان پێدا بێتەوە، لەبەر ئەم ئایەتە: (مَا كَانَ لِلنَّبِيِّ وَالَّذِينَ آمَنُوا أَنْ يَسْتَغْفِرُوا لِلْمُشْرِكِينَ وَلَوْ كَانُوا أُولِي قُرْبَى مِنْ بَعْدِ مَا تَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُمْ أَصْحَابُ الْجَحِيمِ) (113) (وَمَا كَانَ اسْتِغْفَارُ إِبْرَاهِيمَ لأبِيهِ إِلاَّ عَنْ مَوْعِدَةٍ وَعَدَهَا إِيَّاهُ فَلَمَّا تَبَيَّنَ لَهُ أَنَّهُ عَدُوٌّ لِلَّهِ تَبَرَّأَ مِنْهُ إِنَّ إِبْرَاهِيمَ لأَوَّاهٌ حَلِيمٌ) (التوبة:113، 114)
واتە: نەدەبوو پەیامبەری خوا ﷺ و ئەوانەش كە باوەڕیان هێناوە داوای لێخۆشبون بكەن بۆ بێ باوەڕان ، ئەرچی كەسانی خزم و خێشی خۆشیان بن پاش ئەوەی كە لەسەر هاوەڵبڕیاردان بۆ خوای پەروەردگار و بت پەرستی مردن ، وە بۆیان ئاشكرابوو كە كەسانی دۆزەخین لەبەر مردنیان لەسەر هاوەڵبڕیاردان ، خوای پەروەردگاریش لە هاوەڵبڕیاردەران خۆش نابێت بەڵام ئەو داوای لێخۆشبوونەی كە ئیبراهیم ـ سەلامی خوای لەسەر بێت ـ بۆ باوكی كردی سەرەڕای ئەوەی كە هاوەڵبڕیاردەربوو ، ئەوە لەئەنجامی پەیمانێك بوو كە پێشتر بەباوكی دابووی ، ئەویش ئەوەیە كە لە ووتەی خوای پەروەردگار باسكراوە : [ سَأَسْتَغْفِرُ لَكَ رَبِّي إِنَّهُ كَانَ بِي حَفِيًّا ] . بەڵام كە بۆی ئاشكرابوو باوكی دوژمنی خوای پەروەردگارە ، وە ئامۆژگاری و بیرخستەوە هیچ سودێكی پێ ناگەیەنێت ، وە بە بێ باوەڕی دەمرێت ، وازی لێهێنا و وازی لەوەش هێنا كە بۆی بپاڕێتەوە ، و تەبەڕای لێكرد . بێگومان ئیبراهیم ـ سەلامی خوای لەسەر بێت ـ زۆر مڵكەچ و ژێرباری خوای پەروەردگار بوو ، زۆریش لێبوردەبوو بەرامبەر بەو هەڵانەی كە گەلەكەی ئەنجامیان دەدا بەرامبەری.
جا بۆیە ئەوانە هیچ سوودێكیان بۆ كەس نییە و هیچ زەرەرو زیانیشیان نییە و بۆ كەس دروست نییە كە پێیانەوە پەیوەست بێت، ئەگەرچی بینرا یەكێك كەراماتى بینیوە لێیانەوە وەكو ئەوەى كە بینیویەتى لەگۆڕەكەیەوە نور و رۆشناییەك دەرچووە یان بۆنێكى خۆشى لێوە دەرچووە یان هاوشێوەى ئەو شتانە، ئەمە لەكاتێكدا دەزانرێت كە ئەوانە لەسەر كوفر مردوون، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو جۆرە شتانە لە فێڵ و چاوبەستى شەیتانە بۆ فریودانى ئەو جۆرە خەڵكانەو پەیوەست كردنیانە بە گۆڕ و گۆڕپەرستیەوە.
وە من ئاگادارى برا موسڵمانەكانم دەكەمەوە لەوەى كە بەهیچ كەسێكەوە پەیوەست نەبن جگە لە خواى گەورە نەبێت، چونكە تەنها ئەو تەواوى ئاسمانەكان و زەوى بەدەستە و هەموو كاروبارێكیش هەربۆ لاى ئەو دەگەڕێتەوە، وە جگە لە الله كەس وەڵامى كەسى ناچار و پێگیراو ناداتەوە و ناتوانێت ناڕەحەتى و ناخۆشی لاببات، خواى گەورە دەفەرموێت: (وَمَا بِكُمْ مِنْ نِعْمَةٍ فَمِنَ اللَّهِ ثُمَّ إِذَا مَسَّكُمُ الضُّرُّ فَإِلَيْهِ تَجْأَرُونَ) (النحل:53) واتە: وە هێچ نیعمەتێك لە ئێوەدا نیە ـ لە هیدایەت و لەش ساغی و ڕۆزى و منداڵ ، جگە لەوانەش ـ هەمووی تەنها لەلایەن خواوەیە ، هەر ئەوە ئەو نیعمەتەى بەسەردا ڕشتوون و پێی بەخشیون ، پاشان ئەگەر نەخۆشی و بەڵا و قاتوقڕیەكی بەسەرداهێنان ئەوا ئەو كاتە تەنها بۆ لای خوای پەروەردگار دەگەڕێنەوە بە پاڕانەوە و دوعاكانتان. وە دیسان ئامۆژگارى من بۆ ئەوان ئەوەیە كە لاسایی هیچ كەسێك نەكەنەوەو شوێنى هیچ یەكێك نەكەون جگە لە پێغەمبەرى خوا نەبێت ﷺ لەبەر ئەم ئایەتە:
(لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِمَنْ كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الآخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيراً) (الأحزاب:21) واتە: نمونەى جوانتان بۆ هەیە ـ ئەى باوەڕداران ـ لە گوفتار و كردار و هەڵسوكەوتى پەیامبەر ﷺ كە چاویلێبكەن ، دەسا دەستبگرن بە سوننەتەكەیەوە ، چونكە تەنها ئەو كەسە شوێنى دەكەوێت و دەستدەگرێت بە سوننەتەكانیەوە كە بە تەماى پاداشتى خواى پەروەردگارە لە دواڕۆژدا ، و زۆر یادى خوا دەكات و داواى لێخۆشبوونى لێدەكات ، وە سوپاسگوزارێتى لەهەموو حاڵ و بارێكدا.
وە هەروەها لەبەر ئەم ئایەتەش: (قُلْ إِنْ كُنْتُمْ تُحِبُّونَ اللَّهَ فَاتَّبِعُونِي يُحْبِبْكُمُ اللَّهُ ).(آل عمران: من الآية31) . واتە: ئەى پەیامبەرى خوا ﷺ پێیان بڵێ : ئەگەر ئێوە بەڕاستى خواتان خۆش دەوێت ئەوا شوێنم بكەون و باوەڕم پێبهێنن لە ڕواڵەت و لە ناخیشدا ، ئەو كاتە ـ كە ئەمەتان كرد ـ خواى پەروەردگار خۆشی دەوێن و گوناهەكانیشتان دەسرێتەوە ، چونكە بێگومان خواى پەروەردگارە لێبوردەیە بەرامبەر گوناهی بەندە باوەڕدارەكانى ، و بە ڕەحمیشە بۆیان.
وە پێویستە لەسەر هەموو موسڵمانان ئەوانەى لافی وەلی بوون لێ دەدەن كارو كردەوەكانیان بپێون بە قورئان و سوننەت و ئەگەر هاوتاى ئەوەبوو ئەوا ئومێد دەكرێت ئەو كەسە یەكێك بێت لە ئەولیا وپیاوچاكان، وئەگەریش پێچەوانەى قورئان و سوننەت بوو ئەوا لە پیاوچاكان نییە، وە خواى گەورە لە كتێبەكەیدا پێوەرێكى داد وڕاستى داناوە لە بابەت ناسینى ئەولیا وپیاوچاكانەوە كە دەفەرموێت: (أَلا إِنَّ أَوْلِيَاءَ اللَّهِ لا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلا هُمْ يَحْزَنُونَ) (يونس:62) واتە: وە بزانن و دڵنیابن لەوەى كە دۆستانی خواى پەروەردگار لە ڕۆژى دواییدا هیچ ترس و بیمێكی سزای خواى پەروەردگاریان لەسەر نیە ، و دلأ تەنگ و خەفەتباریش نین بۆ ئەو بەشانەی دونیایان كە لە دەستیان چوون .
جا ئەوەى باوەڕدار و لەخواترس بێت ئەوا وەلی ودۆستى خوایە، و ئەوەشى بەوشێوەیە نەبوو ئەوا وەلی خوا نییە، ئەگەر هەندێك لە باوەڕ و تەقواى پێ بوو ئەوا بەشێكیش لە وەلایەت و دۆستایەتى بۆ خواى تێدایە، ئەمە لەگەڵ ئەوەدا كە ئێمە هیچ كەسێك وەكو خۆى دیارى ناكەین بەشتێك، بەڵكو بەشێوەى گشتى دەڵێین: هەموو باوەڕدارێكى تەقواكار وەلى خوایە.
وە با ئەوەش بزانرێت كە خواى گەورە – عزوجل- هەندێك جار مرۆڤ بەشتێك تاقی دەكاتەوە و تووشى ئەم جۆرە شتانەى دەكات بەوەى كە كەسێك بە گۆڕێكەوە پەیوەستە و داواى لێ دەكات یان لەخۆڵەكەى دەبات بۆ تەبەروك و داواكەى بەجێ دێت، ئەوەش فیتنەیەكە لەلایەن خواوە – عزوجل- بۆ ئەو كەسە، چونكە ئێمە دەزانین كە ئەم گۆڕە وەڵامى دوعا و داواكارى ناداتەوە و ئەم خۆڵەى سەریشی نابێتە هۆكار بۆ لاچوونى زەرەر و ناخۆشی یان سوودگەیاندن، ئەوەش لەبەر ئەو ئایەتەى كە خواى گەورە دەفەرموێت:
(وَمَنْ أَضَلُّ مِمَّنْ يَدْعُو مِنْ دُونِ اللَّهِ مَنْ لا يَسْتَجِيبُ لَهُ إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ وَهُمْ عَنْ دُعَائِهِمْ غَافِلُونَ) (الاحقاف:5) (وَإِذَا حُشِرَ النَّاسُ كَانُوا لَهُمْ أَعْدَاءً وَكَانُوا بِعِبَادَتِهِمْ كَافِرِينَ) (الاحقاف:6)
واتە: هیچ كەسێك لەوە گومڕاتر و نەزانتر نیە كە بانگ و هاوار بۆ لاى پەرستراوێلێك جگە لەخواى پەروەردگار دەبات لەكاتێكدا هەتاهەتایە وڵامیان نادەنەوە ، چونكە ئەو پەرستراوانە : یان مردوون یان بەردن یان دارن یان هاوشێوەى ئەمانەن ، بۆیە بێئاگان لەوەى بانگ و هاوارى ئەوانەى كە دەیانپەرستن ، و دەستەوسان و بێدەسەڵاتن لەوەى سوودێك یان زەرەر و زیانێكى لـێ دووربخەنەوە(5) وە كاتێكیش لە ڕۆژی دواییدا خەڵك كۆدەكرێنەوە بۆ لێپرسینەوە و پاداشت وەرگرتن ئەو پەرستراوانەی كە لە دونیادا هاواریان بۆ دەبردن لەو كاتەدا دەبنە دوژمنیان و نەفرەت و حاشایان لێدەكەن و نكۆڵی ئەوە دەكەن كە زانیبێتیان ئەمانە دەیانپەرستن .
لە ئایەتێكى تردا دەفەرموێت: (وَالَّذِينَ يَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ لا يَخْلُقُونَ شَيْئاً وَهُمْ يُخْلَقُونَ) .(النحل:20) (أَمْوَاتٌ غَيْرُ أَحْيَاءٍ وَمَا يَشْعُرُونَ أَيَّانَ يُبْعَثُونَ) (النحل:21) واتە: هەروەها ئەو پەرەستراوە ناهەقانەى كە هاوەڵ پەیداكەران ئەیانپەرەستن ناتوانن هیچ شتێك دروست بكەن هەرچەند بچوكیش بێت ، ئەمانە بێباوەڕان خۆیان بە دەستى خۆیان دروستیان كردوون ، جا چۆن دەیان پەرەستن ؟!! (20)ئەوانە هەموویان بێ گیان و بێ جووڵەن ، و هەست بەو ساتە ناكەن كە خواى پەروەردگار بەندەكانی زیندوو دەكاتەوە و نایزانن ، بەڵكو هەردوو پێكەوە لە ڕۆژی دواییدا دەخرێنە ئاگری دۆزەخەوە .
وە ئایەتى تر لەم بارەیەوە زۆر هەیە بەوەى كە هەركەس وشتێك جگە لەخوا داواى لێ كرا ناتوانێت وەڵامى دوعا بداتەوەو سوودیش بە داواكارەكە ناگەیەنێت.
بەڵام جارى وا هەیە داخوازی كەسی داواكار بەدى دێت لاى ئەو كەسەى كە دوعاى لادەكرێت وەكو فیتنەو تاقیكردنەوەیەك، دەڵێین:
ئەو شتە بەدى هات لەكاتى دوعادا – واتە لەكاتى داواكردن لەو كەسەى جگە لەخوا داواى لێ دەكرێت – نەك بە دوعاكە، وە جیاوازى هەیە لەنێوان بەدى هاتنى شتێك بە شتێك و بەدى هاتنى شتێك لاى شتێك، چونكە بەدڵنیاییەوە دەزانین كە داواكردن لە غەیرى خوا هۆكار نییە بەدەست هێنانى سوود و قازانج و هەروەها دوورخستنەوەى بەڵا و ناخۆشی و زەرەر و زیان، ئەوەش بەبەڵگەى چەندین ئایەت كە خواى گەورە لە كتێبەكەیدا باسیانى كردووە، بەڵام وەكو وتمان جارى وا هەیە ئەوشتەش بەدى دێت لەكاتى دوعاكەدا وەكو فیتنە وتاقیكردنەوەیەك بۆ دەركەوتنى ئاستى باوەڕ و تەوەكولى ئەو كەسە، بۆیە جارى وا هەیە خواى گەورە مرۆڤ تاقی دەكاتەوە بە ئاسان كردنى هۆكارى تاوان و سەرپێچى بۆ ئەوەى دەركەوێت كە كێ خواپەرستە و كێیش هەواو ئارەزوو پەرستە، ئایا هەواڵى ئەو خەڵكانەت نەبیستووە لە جولەكە كەلە رۆژى شەمماندا خواى گەورە ڕاوكردنى ماسی لەسەر حەرام كردن بەڵام خواى گەورە تاقی كردنەوەو ئەوەبوو لەرۆژى شەممانا ماسی بەزۆرى و ئاسانى دەهاتە پێش دەستیان بەڵام لە رۆژەكانى ترى جگە لە شەممەدا ماسیەكان نەدەمان و دەچوون، جا ماوەیەك بەو شێوەیە بەردەوام بوون و دواتر وتیان چۆن دەبێت ئێمە خۆمان قەدەغە بكەین لەم هەموو ماسیەى كە دێتە بەردەستمان، پاشان بیریان كردەوەو تێڕامان و بڕیاریاندا و وتیان: تۆڕ دادەنێین و پاشان لەرۆژى هەینیدا هەڵى دەگرینەوە و ماسیەكانى ناویشی لەرۆژى یەك شەممەدا دەبەین، جا ئەوەبوو سەریان كردە ئەم جۆرە كارە و ئەم فێڵەیان بەكار هێنا بەرانبەر دەستكەوتن و گەیشتن بەو شتەى خوا حەرامى كردووە بەو هۆیەوە خواى گەورەش كردنى بە مەیموون وەكو دەفەرموێت:
(وَاسْأَلْهُمْ عَنِ الْقَرْيَةِ الَّتِي كَانَتْ حَاضِرَةَ الْبَحْرِ إِذْ يَعْدُونَ فِي السَّبْتِ إِذْ تَأْتِيهِمْ حِيتَانُهُمْ يَوْمَ سَبْتِهِمْ شُرَّعاً وَيَوْمَ لا يَسْبِتُونَ لا تَأْتِيهِمْ كَذَلِكَ نَبْلُوهُمْ بِمَا كَانُوا يَفْسُقُونَ) (الأعراف:163) واتە: وە هەواڵى دانیشتوانى ئەو شارەى كە لە نزیك دەریا بوون ـ ئەى پەیامبەرى خوا ﷺ ـ لە جولەكەكان بپرسە ، كە خەڵكەكەى لە ڕۆژى شەممەدا سنوورەكانى خوایان ئەبەزاند و نافەرمانیان ئەكرد ، لە كاتێكدا كە خواى پەروەردگار فەرمانى پێكردبوون ڕۆژانى شەممە بەرز و پیرۆز ڕابگرن و ڕاوە ماسى تێدا نەكەن ، بەوەش خواى پەروەردگار تاقیكردنەوە ، ئەوەبوو لە ڕۆژانى شەممەدا بە زۆرى ماسیە گەورەكان ئەهاتن و لەسەر ئاوەكە دەرئەكەوتن ، وە كە ڕۆژى شەممە تێئەپەڕى ماسیەكان ڕوویان دەكردە دەریاكان و هیچیان لـێ نەدەبینان ، بۆیە فێڵیان ئەكرد بە بەندكردنى ماسیەكان لە چەند چاڵێكدا ، و پاشان ڕاویان ئەكردن . وە هەروەك چۆن ئەوەمان بۆ ڕوونكردنەوە لە باسى تاقیكردنەوە لە دەركەوتنى ماسیەكان لەسەر ڕووى ئاو لەو ڕۆژەى ڕاوكردنى ماسى تێیدا حەرام و قەدەغەبوو ، وە وونكردن و شاردنەوەى ماسیەكان لێیان لەو ڕۆژەى ڕاوەماسى حەڵاڵ بوو بۆیان ، بەهەمان شێوە تاقیان ئەكەینەوە بەهۆى فاسقێتیان بە گوێڕایەڵى نەكردنیان بۆ خواى پەروەردگار و دەرچوونیان لە فەرمانەكانى .
هەروەها دەفەرموێت: (وَلَقَدْ عَلِمْتُمُ الَّذِينَ اعْتَدَوْا مِنْكُمْ فِي السَّبْتِ فَقُلْنَا لَهُمْ كُونُوا قِرَدَةً خَاسِئِينَ) (البقرة:65) (فَجَعَلْنَاهَا نَكَالاً لِمَا بَيْنَ يَدَيْهَا وَمَا خَلْفَهَا وَمَوْعِظَةً لِلْمُتَّقِينَ) (البقرة:66) واتە: وە بەدڵنیایەوە ـ ئەى گرۆى جولەكە ـ باش ئەوەتا زانیوە كە پێشینانتان چ سزایەكیان بەسەردا دابەزى ، لە خەڵكی ئەو لادێ و شارەی سەرپێچى فەرمانى خواى پەروەردگاریان كرد ، لەوەى كە لە ڕۆژى شەممەدا ڕاوكردنى ماسیان لێقەدەغەكرابوو وەكو ڕێزگرتنێك لە ڕۆژە ، ئەوەبو لە ڕۆژانى شەممەدا فێڵ و تەڵەكەبازیان بەكارهێنا بۆ ڕاوكردنى ماسى ، بەوەى ڕۆیشتن لە ڕۆژانى شەممە تۆڕیان دەخست و جۆگەیەكیان لە ڕوبارەكەدا لێدەدا ، و پاشان لە ڕۆژانى یەك شەممەدا ڕاویان دەكرد ، وەكو فێڵكردنێك بۆ گەشتنە حەرام ، بەڵام كە ئەوەیان ئەنجامدا خواى گەورە گۆڕینى بە مەیمونگەلێكى قێزەون(65) جا ئەو لادێ و شارەمان كرد بە پەند وعیبرەت بۆ ئەوانەى دەوروبەرى ، كە هەواڵى ئەویان پێبگات و ئەوەش كە بەسەریاندا هاتوە ، هەروەها پەندێكیش بن بۆ ئەوانەى لەوەودواش بیانەوێ تاوانى لەو جۆرە بكەن ، وهەروەها كردمان بە یادخەرەوە بۆ بۆخواصوڵحاوەكان ، بۆ ئەوەى بزانن كە ئەوان لەسەر هەقن و دامەزراو بن لەسەرى .
جا سەیركەن و سەرنج بدەن كە چۆن خواى گەورە گرتنى ئەو ماسیانەى بۆ سووك وئاسان كردن لەو رۆژەى كە لێیان قەدەغەیە ڕاوى بكەن، بەڵام ئەوان –پەنا بەخوا- ئارامیان نەگرت و هەستان بەم فرت وفێڵە بەرانبەر حەرامكراوەكانى خوا.
ئینجا سەیرى ئەوە بكە كە هات بەسەر هاوەڵانى پێغەمبەرى خوادا ﷺ ، كاتێك كە خوا تاقیكردنەوە بە ڕاوكردنى ئەو ئاژەڵانەى وشكانى لەكاتى ئیحرام پۆشیندا لە حەج وعومرە بەڵام لەوكاتى ئیحرامەدا ئاژەڵەكان بە ئاسانى دەهاتن و نزیكیان دەكەوتنەوە بەشێوەیەك كە بە دەست و ڕمەكانیان دەیانتوانى بیانگرن وبیانكوژن، بەڵام هاوەڵان ڕەزاى خوایان لێ بێت دەستیان بۆ هیچ ئاژەڵێ نەبرد و نەیانوێرا نزیكى شتى وا بكەونەوە، خواى گەورە دەفەرموێت:
(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَيَبْلُوَنَّكُمُ اللَّهُ بِشَيْءٍ مِنَ الصَّيْدِ تَنَالُهُ أَيْدِيكُمْ وَرِمَاحُكُمْ لِيَعْلَمَ اللَّهُ مَنْ يَخَافُهُ بِالْغَيْبِ فَمَنِ اعْتَدَى بَعْدَ ذَلِكَ فَلَهُ عَذَابٌ أَلِيمٌ) (المائدة:94)
واتە: ئەى ئەوانەى كە باوەڕتان بە خواى پەروەردگار و بە پەیامبەرەكەى ﷺ هێناوە و بەڕاستان زانیون و كردەوە بە شەرعەكەى دەكەن ، خواى گەورە بەشتێك لە ڕاو و نێچیـرى ووشكانى تاقیتان دەكاتەوە ، بەشێوەیەكى نائاسایى لێتان نزیك دەبنەوە بەڕادەیەك دەتوانن بەبێ بەكارهێنانى چەك بچووكەكانیان بگرن ، و گەورەكانیشیان بە بەبەكارهێنانى چەك بەدەست بێنن ، بۆ ئەوەى خواى پەروەردگار بزانێت زانینێك كە لەلاى خەڵك ئاشكرا بێت و دەركەوێت كە كێن ئەوانەى لە پەروەردگاریان دەترسن لە پەنهانیدا ، لەبەر دڵنیابوونیان بە تەواوى وكامڵێتى زانین و بەئاگابوونى خواى پەروەردگار لێیان ، ئەوەش بەخۆگرتنەوەیان لە ڕاوكردن لەكاتى لە ئیحرام بوونیاندا . جا هەركەس سنوورى شكاند پاش ئەم ڕوونكردەوەیە و هەستا بەڕاوكردن لەكاتى لەئیحرام بوونیدا ، ئەوا بێگومان شایستەى سزایەكى سەختە .
بۆیە مرۆڤى موسڵمان دەبێت بە شێوەیە بێت كە هەركات هۆكارى ئەنجامدانى تاوانى بۆ ئاسان بوو لەخوابترسێت و نزیكى نەكەوێتەوە و ئەوەى بەبیربێتەوە كە ئەوە تاقیكردنەوەیە و ئارام بگرێت و دان بەخۆیدا بگرێت و سەرئەنجامیش هەربۆ تەقواكارانە.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –