بسم الله الرحمن الحيم
[1] پێویستە ئەو كارە تەنها لە بەر ڕەزامەندى خواى پەروەردگار ئەنجام بدرێت، لە گەڵ دەربڕینى ئەو پەڕى خشوع و ملكەچى بۆ خواى پەروەردگار، موسڵمان لە كاتى ئەنجامدانیدا دەبێت بە ئومێد بێت بە ڕەحم و بەزەیى خواى پەروەردگار، و لە خەشم قین توڕەییشى بترسێت، واتە لە نێوان (خوف) ـ ترسان لە وەرنەگرتن ـ و (رجاء) ـ ئومێد وئاواتى وەرگرتنیدا ـ بژێت، خواى پەروەردگار فەرموویەتى : [ إِنَّهُمْ كَانُوا يُسَارِعُونَ فِي الْخَيْرَاتِ وَيَدْعُونَنَا رَغَباً وَرَهَباً وَكَانُوا لَنَا خَاشِعِينَ] (الأنبياء:90).
واتە: پێغەمبەران دەست پێشخەریان دەكرد لە ئەنجام دانى زیكر و لە باشترین كاتیدا ئەنجامیان دەدا و بە باشترین شێوە جێ بەجێیان دەكرد، داواكاریەكانیشیان بەو شێوەیە بوو كە بە ئاواتى پاداشت، و ترسان لە سزایى خواى پەروەردگار بوون، و مل كەچ و بە خشووع بوون لە كردەوەكانیان.
[2] بە بێ دەنگى، و بە لە سەر خۆیى بێت، بەشێوەیەك جگە لە خواى پەروەردگار كەسى تر نەیبستى، نەك وەكو كۆڕ ومەجلیسە داهێنراوەكان، بەدەنگى بەرز و هاتوو هاوار زیكرەكانیان ئەنجام دەدەن، خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [ادْعُوا رَبَّكُمْ تَضَرُّعاً وَخُفْيَةً ] (الأعراف: 55)، واتە: داواكاریەكانتان با بە ملكەچى و ترسان بێت لە خواى پەروەردگار.
هەروەكو لەو فەرموودەیەدا هاتووە، كە جارێكیان پێغەمبەرى خوا لە گەڵ هەندێك لە هاوەڵانى دەبێت، و بە سەر بەرزاییەكدا سەردەكەون، لەو كاتەدا دەنگیان بەرز دەكەنەوە بە زیكر، پێغەمبەرى خواش پێیان دەفەرمووێت: " يَا أَيُّهَا النَّاسُ، ارْبَعُوا عَلَى أَنْفُسِكُمْ، فَإِنَّكُمْ لاَ تَدْعُونَ أَصَمَّ وَلاَ غَائِبًا، إِنَّهُ مَعَكُمْ، إِنَّهُ سَمِيعٌ قَريبٌ،... "رواه البخاري و مسلم
واتە: ئەى خەڵكینە، دان بگرن بە خۆتاندا و هاتو هاوار نەكەن، چونكە ئێوە هاوار بە كەسێك ناكەن كە، لاڵ و ئامادە نەبوو بێت، بەڵكو ئەو لە گەڵتاندایە، و بیسەر و نزیكیشە لێتانەوە.
بەڵام بە داخەوە كۆڕ و كۆمەڵى زیكرى ئەم ڕۆى موسڵمانان بە دەستى كەسانى گومڕا و نەزانكارەوە، بووەتە كۆڕى دەف لێدان، و زەرگ بە خۆدا كردن، و سەماكردن، و هاتو هاوار، كە هەرهەمووشى بیدعەو تازەگەرین لە ئاییندا داهێنراون !! بۆ بەنج كردنى موسڵمانان، و دوور خستنەوەیان لە سوننەتى پێغەمبەرەكەیان ﷺ، چارەسەریشى تەنها بەگەڕانەوە دەبێت بۆ ڕاستە ڕێى قورئانى پیرۆز و سوننەتەكانى پێغەمبەر ﷺ، دوركەوتنەوە لە هەموو بیدعە و بیدعەكارێك.
[3] سوننەتە لە كاتى زیكر كردنەكەدا، لەش پاك، و دەست بە دەستنوێژەوە بێت، هەروەكو پێغەمبەرى خوا ﷺ لەو كاتەى كە كەسێك دەدات بەلایدا و سەلامى لێ دەكات، ئەویش سەلامەكەى وەڵام ناداتەوە لە بەر نەبوونى دەستنوێژ، و پاش دەستنوێژەكەى پێی دەفەرمووێت: " إِنِّى كَرهْتُ أَنْ أَذْكُرَ اللَّهَ إِلاَّ عَلَى طُهْرٍ أَو عَلَى طَهَارَة "صححة العلامة الألباني في السلسة الصحيحة، برقم: 834.
واتە: من پێم خۆش نەبوو ـ حەزم نەكرد ـ كە زیكرى خواى پەروەردگار بە بێ دەستنوێژ بكەم.
[4] ئەو زیكرانەى كە ژماردن و چەند جار كردنەوەى تێدایە، سوننەت وایە بە دەستى ڕاست، و بە پەنجەكان بكرێت، هەروەكو (عبدالله) ى كوڕى (عمرو) بۆمان دەگێڕێتەوە، و دەفەرمووێت: "رَأَيْتُ النَّبِىَّ ﷺ يَعْقِدُ التَّسْبِيحَ بِيَمِينِهِ " أخرجه أبو داود بلفظه (2/81) [برقم (1502)] ، والترمذي (5/521) [برقم (3486)] ، وانظرر: صحيح الجامع (4/271) برقم (4865)
واتە: پێغەمبەرى خوام ﷺ بینى زیكرەكانى بە دەستە ڕاستى ئەنجام دەدا.
هەر لەو بارەیەوە لە (یُسَیْرَەَ) ەى كچى (ياسِر) ەوە هاتووە كە پێغەمبەرى خوا پێی فەرموون: " يَا مَعْشَرَ النِّسَاءِ اعْقِدْنَ بِالأَنَامِلِ فَإِنَّهُنَّ مَسْئُولاَتٌ مُسْتَنْطَقَاتٌ " رواه أبو داود، برقم: 1501، والترمذي، برقم: 3577، وحسنه العلامة الألباني في صحيح سنن أبي داود، وصحيح سنن الترمذي
واتە: ئەى كۆمەڵى ئافرەتان، زیكرەكان بە سەرەپەنجەكانتان ئەنجام بدەن، چونكە ئەوانە لە ڕۆژى دواییدا پرسیاریان لێ دەكرێت، و دێنە گوفتار و شایەتى لە سەر ئەو كەسانە دەدەن كە بە پەنجەكانیان، زیكرەكانیان ئەنجام داوە.
لەمەوە بۆمان دەردەكەوێت كە زیكر كردن بە تەسبیح، و بەرد، و هەرشتێكى تر بیدعە و داهێنراوە، نابێت بەو شتانە زیكر ئەنجام بدێت.
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لەلایەن مامۆستا (عدنان بارام كەلاری) ەوە وەڵام دراوەتەوە
تەماشاى ئەمەش بکە