حوکمی كەسێك شەیتان رەجمى نەكرد لەرۆژى دوازدەیەمدا بەگومانى ئەوەى كە (تعجل)ى كردووە وئەوێى بەجێ هێشت وتەوافی ماڵئاوایی نەكرد: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی كەسێك شەیتان رەجمى نەكرد لەرۆژى دوازدەیەمدا بەگومانى ئەوەى كە (تعجل)ى كردووە وئەوێى بەجێ هێشت وتەوافی ماڵئاوایی نەكرد
پرسیار:

كەسێك شەیتان رەجمى نەكرد لەرۆژى دوازدەیەمدا بەگومانى ئەوەى كە (تعجل)ى كردووە وئەوێى بەجێ هێشت وتەوافی ماڵئاوایی نەكرد ئایا حوكمى حەجەكەى چییە؟

حەجەكەى صەحیح و تەواوە، چونكە هیچ پایەیەكى لە پایەكانى حەجى تەرك نەكردووە، بەڵام سێ واجبـی نەكرد ئەگەر لە شەوى دوازدەیەمدا لەمینا شەونەمابێتەوە:
واجبی یەكەم: شەومانەوە لە مینا شەوى دوازدەیەم.
واجبی دووەم: شەیتان رەجمى رۆژى دوازدەیەم.

واجبی سێیەم: تەوافی ماڵئاوایی.
جا بۆ هەریەك لەو واجبانە دەبێـت ئاژەڵێك لەمەككە سەرببڕێت و بەسەر هەژارانى ئەوێدا دابەشی بكات، چونكە وەكو زانایان دەڵێن لە حەجدا هەر واجبێك نەكرێت ئەوا لەسەر خاوەنەكەى واجب دەبێت كە ئاژەڵێك لەمەككە سەرببڕێت وبەسەر هەژاراندا دابەشی بكات.
وە بەم بۆنەیەوە پێم خۆشە وریایی وهۆشیاریەك بدەمە حاجیە بەڕێزەكان لەسەر ئەو هەڵەیەى كە ئەم پرسیاركەرە كردوویەتى چونكە زۆرێك لە حاجیان وەكو ئەم تێگەیشتوون، وا تێگەیشتوون كە ماناى ئەم ئایەتەى كە دەفەرموێت: ( فَمَنْ تَعَجَّلَ فِي يَوْمَيْن) واتە لەرۆژى یازدەیەم دەربچێت واى دادەنێن كە دوو رۆژەكە رۆژى جەژنە و رۆژى یازدەیەم، جا كارەكە بەو شێوەیە نییە بەڵكو ئەوە هەڵەتێگەیشتنە، چونكە خواى گەورە فەرموویەتى: (وَاذْكُرُوا اللَّهَ فِي أَيَّامٍ مَعْدُودَاتٍ فَمَنْ تَعَجَّلَ فِي يَوْمَيْنِ فَلا إِثْمَ عَلَيْهِ ) واتە: وە یادى خواى پەروەردگار بكەن بە تەسبیحات و تەكبیرات لە چەند ڕۆژێكى دیارى كراوى كەمدا ، كە بریتیە لە ڕۆژانى تەشریق ـ یازدە و دوازدە و سیازدەی لە مانگى زولحیججە ـ . جا هەر كەس ویستى پەلە بكات و لەمینا دەرچوو پێش ئاوابونى خۆرى ڕۆژى دوازدە دواى بەرد هاوێشتن ، ئەوا هیچى لەسەر نیە. وە رۆژە دیارى كراوەكانیش بریتین لە رۆژانى تەشریق كە یەكەمیان رۆژى یازدەیەمە، و بۆیە فەرمایشتى:  ( فَمَنْ تَعَجَّلَ فِي يَوْمَيْن) واتە: لە رۆژانى تەشریق كە رۆژى دوازدەیەمە، بۆیە مرۆڤ دەبێت تێگەیشتنى ڕاست بكاتەوە سەبارەت بەم بابەتە بۆئەوەى چیتر تووشی هەڵە نەیەت.

 سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -  

سەردان: ١١ بەش: حەج و عومرە