تكایە جەژنى ئافرەتان لە ئیسلامدا بۆمان ڕوون بكەنەوە ئەگەر هەبێت بە بەڵگەوە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
تكایە جەژنى ئافرەتان لە ئیسلامدا بۆمان ڕوون بكەنەوە ئەگەر هەبێت بە بەڵگەوە

بسم الله الرحمن الرحيم 

لە ئیسلامدا تەنها دوو جەژن هەیە كە بریتین لە هەردوو جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربان.
یەكەمیان لە دوای تەواو بوونی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دێت، بە هۆی زاڵ بوونی موسڵمانانەوە بە سەر نەفس و شەیتانەوە كە توانیویانە لەو مانگەدا بە ڕۆژوو ببن كە پایەیەكە لە پایەكانی ئاینی ئیسلام.
وە دووەمیان لە دوای تەواو بوونی حەجی ماڵی خوا دێت لە ڕۆژی دەیەمی مانگی حاجییاندا، هەروەها موسڵمانان لە هەموو جیهاندا لەو ڕۆژەدا یادەوەری قوربانى یەكەی پێغەمبەر ئیبراهیم ـ علیه السلام ـ دەكەنەوە بە ئەنجامدانی دروشمی قوربانی كردن.
بۆیە لەو دوو ڕرۆژەدا موسڵمانان خۆشی و شادی دەردەبڕن و لە پێش جەژنی یەكەمیانەوە زەكاتی سەر فترە دەبەخشنەوە و لە ڕۆژی جەژنی قوربانیشەوە گۆشتی ئەو حەیوانانەی كە كراون بە قوربانی دەبەخشنەوە هەموو موسڵمانان بە بێ جیاوازی لە نێوان دەوڵەمەند و هەژاردا وەك یەك دڵ خۆش و شادن.
بەڵام ئەوەی كە لە بۆچوونی كافر و بێ باوەوڕەكاندا بە جەژن دەزانرێت وەك (جەژنی سەری ساڵ.. و جەژنی دایك.. و جەژنی مندال.. و جەژنی ئافرەتان.. جەژنی كرێكاران.. جەژنی لە دایك بوونی فڵان.. و جەژنی سەروەری وڵات.. و جەژنی دامەزراندنی سوپا.. و جەژنی دار.. و جەژنی ئاگر.. و جەژنی دڵداری.. و... هتد) ئەمانە هەمووی لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا ڕێپێنەدراون و نابێت ئێمەی موسڵمان لاسایی بێباوەڕەكان بكەینەوە و چاو لەوان بكەین و شوێنی ئەوان بكەوین چونكە پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: ((من تشبه بقومٍ فهو منهم)) [صحيح أبـي داود رقم: (4031)] .
واتە: هەر كەسێك خۆی بشوبهێنێت بە هەر قەومێكەوە ئەوا ئەویش لەوانە.
وە ئیمامی (عومەر)یش خوای لێ ڕازی بێت فەرموویەتی: (اجتنبوا أعداء الله فـي أعيادهم).
واتە: خۆتان بە دوور بگرن لە دوژمنانی خوا لە جەژنەكانیاندا.
بەڵام بە داخەوە لەم ڕۆژگارەدا دەبینین موسڵمانان لە هەموو شتێكدا لاسایی كافر و بێباوەڕكان دەكەنەوە و بە تایبەتیش لە جەژنەكانیاندا، ئەمەش ئەو فەرموودەیەمان بیر دەخاتەوە كەوا پێغەمبەری خوا فەرموویەتی:((لتتبعن سنن الذين كانوا من قبلكم حذوا النعل بالنعل حتى إن أحدهم لو دخل جحر ضب لدخلتموه)) [رواه ابن خزيمة في " صحيحه " (1/92/ 2) وابن حبان (340 و341) بإسناد حسن وأحمد أيضا (رقم 4342) بسند آخر حسن بما قبله والحديث بمحموعهما صحيح وقال شيخ الإسلام ابن تيمية في " منهاج السنة " (1311) و" الإقتضاء " (ص 185): " وإسناده جيد "] .
واتە: ئێوە شوێنی ڕێچكە و ڕێبازی ئەوانەی پێش خۆتان دەكەون ـ لە بێباوەڕەكان ـ شوێن پێ بە شوێن پێ تا ئەو ئەندازەیەی كەوا ئەگەر یەكێكیان بچێتە ناو كونە بزمژەكێكەوە ئێوەش دەچنە ناویەوەوە.

لە لایەن مامۆستا (محمد عبدالرحمن)ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٣,٢٥٨ بەش: ئافرەتان