چۆن منداڵەکانمان پەروەردە بکەین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن منداڵەکانمان پەروەردە بکەین؟

بسم الله الرحمن الرحيم الحمد لله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبي بعده... وبعد: پێشەكى پەروەردەكردنى منداڵ هونەر و لێزانینە، بەڵام بەداخەوە كەمێكى كەم لەخەڵكى بەجوانى دەیزانن، و لەم بوارەدا دەیان كتێب دانراون، كەهەندێكیان بەدرێژى باسیانكردووە، هەندێكیشیان بەكورتى، بۆیە پێمان باش بوو كورتەى هەندێك لەو كتێبانە وەربگرین، و لە كۆمەڵە بیرۆكەیەكى بەسوددا ڕێكى بخەین، لە خواى گەورە داواكارین لێمان قبوڵ بكات.آمین.
یەکەم : بیروباوەڕ
1- منداڵەكەت فێرى وشەى یەكتاپەرستى بكە، لەگەڵ ئەوشتانەى كە ئەم وشەیە داخوازى دەكات، كە ئەویش بریتیە لەعیبادەت نەكردن بۆ جگە لە(الله) وە بەتەنها پەرستنى(الله)
2- فێرى ئەوەى بكە كە خواى گەورە لەم دونیایەدا ئێمەى بۆ عیبادەت (یەكتاپەرستى) درووست كردووە، وەكو دەفەرموێت: (وما خلقت الجن والإنس إلا لیعبدون)، لەگەڵ ئەوەشدا (وشەى عیبادەت)ى بۆ ڕوون بكەرەوە (بەمانا فراوانەكەى).
3- زۆر مەیترسێنە بە ئاگر و سزا و توڕەیى خواى گەورە تاوەكو یادكردن و ناوهێنانى خوا لەزەینى منداڵەكەدا پەیوەست نەبێت بەو شێوە ترسناكانەوە.
4- واى لێبكە كەزیاتر خواى خۆش بوێت چونكە تەنها ئەو درووستى كردووین و ڕزقى داوین و خواردن و خوارنەوە و پۆشاكى پێداوین و كردووینى بە موسڵمان.
5- وریاى بكەرەوە لەئەنجامدانى هەڵەو تاوان لەكاتى تەنیاییدا چونكە لەهەموو حاڵەتێكدا خوا دەیبینێت.
6- ئەو ڕستانە زۆر بڵێ كە یادكردن و ناوهێنانى خوایان تێدایە وەكو(بسم الله) لەكاتى خواردن و خواردنەوە و چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوە، وە (الحمد لله) لەكاتى تەواوكردنى خواردندا، وە (سبحان الله) لەكاتى سەر سوڕماندا و...هتد.
7- خۆشەویستى پێغەمبەر لەدڵى منداڵەكەتدا بڕوێنە ئەویش بەباسكردنى سیفەتە جوانەكانى و خوێندنەوەى هەندێك چیرۆك لەژیانى و سەڵاواتدان لەسەرى هەركاتێك ناوى هێنرا.
8- بیروباوەڕى (قەزا و قەدەر) لە زەینیدا جێگیر بكە، و پێی بڵێ: كە ئەوەى خوا بیەوێت بووە و دەبێت، وە ئەوەشى خوا نەیەوێت نەبووە و نابێت.
9- منداڵەكەت فێرى شەش پایەكەى بیرو باوەڕ بكە (واتە: باوەڕهێنان بە خوا و فریشتەكان و كتێبە ئاسمانیەكان و پێغەمبەران و ڕۆژى دوایى و قەزاوقەدەر).
10- هەندێك پرسیارى لێبكە كە پەیوەست بن بە بیروباوەڕەوە وەكو: پەروەردگارت كێیە؟ ئاینت چییە؟ پێغەمبەرەكەت كێ یە‌؟ بۆچى خوا دروستى كردووین؟ كێ ڕزق و ڕۆزیمان دەدات و خواردن و خواردنەوەمان پێ دەبەخشێت و شیفاى نەخۆشیەكانمان دەدات؟ بەش و جۆرەكانى یەكتاپەرستى چین؟ هاوەڵ بڕیاردان (شیرك) و بێباوەڕى (كوفر) و دوو ڕوویی (نفاق) چین؟ چارەنووسى هەریەك لە هاوەڵ بڕیاردەر (مشرك) و بێباوەڕ (كافر) و دووڕوو (منافق) چییە؟ وە چەندین پرسیارى تریش، پاشان ئەگەر وەڵامەكەى نەزانى یان بەهەڵە وەڵامى دایەوە، تۆ بەشێوەیەكى ڕاست و دروست پێى بڵێ.
دووەم : پەرستش (عیبادەت)
11- فێرى پێنج پایەكەى ئیسلامى بكە، (واتە: شایەتوومان و نوێژكردن و زەكاتدان و ڕۆژووگرتن و حەج كردن).
12- ڕاى بهێنە لەسەر نوێژكردن، پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: "مروا أبناءكم بالصلاة لسبع، واضربوهم عليها لعشر " واتە: فەرمان بكەن بە منداڵەكانتان بە نوێژكردن لە تەمەنى حەوت ساڵیەوە، وە لە دە ساڵیدا لێیان بدەن لە سەرى (بەڵام لێدانێكى سوك بێت نەك برینداركەر).
13- هاوڕێیەتى بكە لەڕۆیشتن بۆ مزگەوت، و فێرى بكە چۆن دەست نوێژ بگرێت.
14- فێرى ئادابى مزگەوت، و ڕێز لێگرتنى مزگەوت، و پیرۆزى مزگەوتى بكە.
15- ڕاى بهێنە لەسەر ڕۆژوو گرتن بۆ ئەوەى لەكاتى گەورە بووندا ئاسان بێت لەسەرى.
16- هانى بدە لەسەر لەبەركردنى قورئان و فەرمودە و زیكرە ڕاست(صەحیح)ەكان بە پێى توانا.
17- لەكاتى پێشكەوتنى لە لەبەركردندا خەڵاتى بكە، ئیبراهیمى كوڕى ئەدهەم فەرمویەتى: باوكم پێى ووتم: كوڕەكەم بەدواى فەرمودەدا بگەڕێ و فێرى ببە، هەر كاتێك فەرمودەیەكت بیست و لەبەرت كرد درهەمێكت بۆ هەیە، ئیبراهیم دەفەرموێ: لەسەر ئەمە دەستم كرد بە داواكردن و فێربونى فەرموودە.
18- منداڵەكەت بێزار و هیلاك مەكە بە زۆر لەبەركردن، بۆئەوەى ئەو شتە وەكو سزایەك تێنەگات، و واى لێبێت ڕقى لەلەبەركردنى قورئان بێت.
19- بزانە كە تۆ پێشەنگیت بۆ منداڵەكانت، بۆیە ئەگەر بە تەمبەڵی و بە قورسى پەرستش ئەنجام بدەیت و پشت گوێی بخەیت، ئەوا منداڵەكانیشت پێت كاریگەر دەبن و ئەوانیش قورسى دەنوێنن لە عیبادەت و لەوانەیە لێشى هەڵ بێن و ئەنجامى نەدەن.
20- منداڵەكەت ڕابهێنە لەسەر صەدەقەكردن و بەخشین، ئەویش بەوەى كە هەندێك جار چاكە بكەیت و ئەو بت بینێت، یان شتى بدەیتێ بۆئەوەى بیبەخشێت بەهەژار و سواڵكەر، و لەوەش چاكتر ئەوەیە هانى بدەیت لەوماڵە تایبەتیەى خۆى ببەخشێت كە پاشەكەوتى كردووە.
سێیەم : ڕەوشت (الأخلاق)
21- ئەگەر دەتەوێ منداڵەكەت ڕاستگۆ بێت ئەوا ترس لەدڵیدا مەچێنە.
22- خۆت ڕاستگۆ بە، بۆ ئەوەى منداڵەكەشت فێرى ڕاستگۆیی بێت.
23- فەزڵ و گەورەیی ڕاستگۆیی و دەستپاكى بۆ باس بكە.
24- سەر ڕاستى(ئەمانەت)ى منداڵەكەت تاقى بكەرەوە بێ ئەوەى خۆى هەستى پێ بكات.
25- منداڵكەت ڕابهێنە لەسەر ئارامگرتن و پەلەنەكردن، ئەمەش لەڕیًَگەى ڕاهێنانى لەسەر ڕۆژوو یان ئەنجامدانى هەندێك كاروبار كە پێویست بەئارامگرتن و لەسەرخۆیی دەكات.
26- دادپەروەر بە لە نێوان منداڵەكانتدا، چونكە ئەوە چاكترین ڕێگا(وەسیلە)یە كە منداڵ فێرى ڕەوشتى دادپەروەرى دەكات.
27- منداڵەكەت ڕابهێنە لەسەر ڕەوشتى (خۆنەویستى)، ئەمەش لەڕێگەى چەند هەڵوێستێكى كردارەكی، یان لەڕێگەى هەندێك چیرۆك كە باس لە فەزڵ و گەورەیی ڕەوشتى خۆنەویستن دەكەن.
28- ئەو دەرەنجامە سلبی و خراپانە بۆ منداڵەكەت ڕوون بكەرەوە كەلە ئەنجامى هەڵخەڵەتاندن و غەش و دزی و درۆ دەكەوێتەوە.
29- ئەگەر منداڵەكەت لەهەندێك هەڵوێستدا ئازایەتى نواند، ئەوا ستایش(مەدح)ى بكە و خەڵاتى پێشكەش بكە و بۆى ڕوون بكەرەوە: زیرەكى ئەوەیە ئەو كارانە ئەنجام بدەى كە ڕاست و پێویستن.
30- لەگەڵیدا توند و تیژ مەبە، چونكە ئەمە توشى ترسى دەكات، و پاڵى پێوە دەنێ بۆ درۆكردن.
31- ڕەوشتى خۆبەكەم زانین (تواضع) و نەرم و نیانی و واز هێنان لەخۆبەزل زانینى لەلا خۆشەویست بكە.
32- فێرى ئەوەى بكە كە پێوەرى چاكیەتى و بەڕێزى خەڵك لە لاى خواى گەورە به پێی لەخواترسان (التقوى) و كردەوەى چاكەیە، نەك بەپێی نەسەب و ڕەچەڵەك باشى و ماڵ و پارە.
33- ئەوەى بۆ باس بكە كە چارەنوسى ستەم(ظلم) و ناپاكى بە هیلاك چوون و فەوتانە.
34- فێرى جیاوازى نێوان ئەوشتانەى بكە كە لە لاى منداڵان شاراوەن، وەكو جیاوازى نێوان ئازایەتى و هەڵەشەیی، و جیاوازى نێوان شەرم و تەریق بوونەوە، و جیاوازى نێوان خۆبەكەم زانین(تواضع) و زەلیلى، وجیاوازى نێوان زیرەكى و هەڵخەڵەتاندن.
35- منداڵەكەت ڕابهێنە لەسەر بەخشندەیی، ئەویش بەوەى كە خۆت لەناو ماڵى خۆتدا بەخشندە بیت پاشان لەگەڵ خەڵكیشدا.
36- بەڵێن شكێن مەبە بەهیچ شێوەیەك بەتایبەتى لەگەڵ منداڵەكانتدا چونكە پابەند بوونى تۆ بەبەڵێنەكانتەوە منداڵەكانت فێر دەكات كە بەوەفابن بەرامبەر بەڵێنەكانیان.
چوارەم : ڕەوشت و هەڵس و كەوت
37- سەلام لە منداڵەكانت بكە.
38- عەورەتت دەرمەخە لەبەردەم منداڵەكاتندا.
39- لەگەڵ دراوسێكانتدا چاك بە.
40- منداڵەكانت فێربكە ڕێز لە دراوسێ بگرن، و وریایان بكەرەوە لە ترسناكى ئازاردانى دراوسێ.
41- لەگەڵ دایك و باوكتدا چاكەكاربە، و سەردانى خزم و دۆستان بكە، و منداڵەكانیشت لەگەڵ خۆتدا ببە.
42- بە منداڵەكەت ڕابگەیەنە كە خەڵكى منداڵى تێگەیشتوویان خۆش دەوێت كەئازارى كەسانى تر نەدات.
43- نامەیەك بۆ منداڵەكەت بنێرە كەهەندێك ڕەوشت و ئاموَژگارى و ڕاسپاردە لەخۆ بگرێت.
44- بۆ منداڵەكەت ڕوون بكەرەوە كە هەندێك هەڵسوكەوت هەیە بەتەواوى ڕەفزدەكرێتەوە و باسى هۆیەكانى بۆ بكە.
45- لەگەڵ منداڵەكانتدا دابنیشە، و هەرجارێك باسى ڕەوشتێك لەڕەوشتەكانى پێغەمبەر یان بۆ بكە، و پرسیاریان لێ بكە بزانە چ سودێكیان لێ بینیوە، وە دەشكرێ منداڵەكەت بخوێنێتەوە و تۆش گوێ بگریت.
46- بەنهێنى ئامۆژگارى منداڵەكەت بكە، و لەبەرچاوى خەڵكى سزاى مەدە.
47- ئەوەندەى دەتوانیت هەوڵ بدە زۆر لۆمەى منداڵەكەت نەكەیت.
48- پێش ئەوەى بچیتە ژورەوە بۆلاى منداڵەكەت ئیزن وەربگرە، ئەمە باشترین وەسیلەیە بۆ ئەوەى منداڵەكەت فێرى ئیزن وەرگرتن بێت.
49- چاوەڕوانى ئەوە مەبە هەرچى تۆ دەتەوێ منداڵەكەت لەیەكەمجارەوە فێرى ببێت (بەڵكو دەبێ پلە بە پلە لە گەڵیدا بڕۆیت).
50- بیرت نەچێت پێش هەموو خواردنێك (بسم الله) بكە بەدەنگێك كە ببیسترێت، بەهەمان شێوە دواى خواردن (الحمد لله) بكە.
51-خۆت لە هەندێك لە هەڵەى منداڵەكانت بێ ئاگابكە، و سنگت مەكە بەكۆگایەك بۆ كۆكردنەوەى هەڵەى منداڵەكانت.
52- هەر كاتێك هەڵەیەكت كرد بەرامبەر منداڵەكەت، داواى لێبوردنى لێ بكە.
53- هانى منداڵەكەت بدە لەسەر لێهاتوویى و سەركەوتن، و پێی بڵێ: ئەزانم كە تۆ منداڵێكى لێهاتوو و زیرەكیت و دەتوانیت كارەكانت بە باشى ئەنجام بدەیت.
54- تایبەتمەندیەكى زیاتر بدە بەمنداڵەكانت.
55- گاڵتە بەقسە و هەڵسوكەوتى منداڵەكەت مەكە.
56- منداڵەكەت فێرى دەستەواژەى پیرۆزبایی و بەخێرهاتن و قسەخۆشى بكە.
57- زیادەڕەوى مەكە لەلاواندنەوە و ناز كێشانى منداڵەكەتدا.
58- منداڵەكەت وا لێ مەكە كەلەڕێگەى پارە پێدانەوە فەرمانەكانت جێبەجێ بكات، چونكە كەسایەتى لاواز دەكات بەرامبەر بەپارە(ماددە).
59- منداڵەكەت بكە بەهاوڕێی ژمارە یەكت.
پێنجەم : بونیادى جەستەیی
60- دەرفەت و كاتێكى گونجاو بەمنداڵە‌كەت بدە بۆ یاریكردن.
61- هەولڕ بدە (بهپێی توانا) یاریە بەسوودەكان بۆ منداڵەكەت دابین بكەیت.
62- ڕێگەى پێ بدە خۆى هەندێك لەیاریەكانى هەڵبژێرێت.
63- منداڵەكەت فێرى مەلەوانى و ڕاكردن و یاریە بەسودەكانى تر بكە.
64- هەندێك جار والەخۆت بكە كەمنداڵە‌كەت لەیاریەكاندا لێت بباتەوە.
65- خواردنێكى هاوسەنگ و مامناوەند بۆ منداڵەكەت ئامادەبكە.
66- گرنگى بدە بە ڕێكخستنى ژەمە خۆراكیەكانى منداڵەكەت.
67- منداڵەكەت وریابكەرەوە لە زۆر خواردن.
68- لەكاتى خواردندا لێپرسینەوە مەكە لەگەڵ منداڵەكەتدا لەسەر هەڵەكانى.
69- هەمیشە ئەو خواردنانە دروست بكە كە منداڵەكەت حەزى لێیەتى.
شەشەم : بونیادى دەرونى
70- زۆر بەجوانى گوێ لەمنداڵەكەت بگرە، و گرنگى بدە بە هەموو وشەیەك كە دەیڵێت.
71- وابكە كە منداڵەكەت خۆى ڕووبەڕووى كێشەكانى خۆى ببێتەوە، وە دەكرێ یارمەتى بدەیت بێ ئەوەى هەستى پێ بكات.
72- ڕێز لەمنداڵەكەت بگرە ئەگەر كارێكى بەڕێك و پێكى ئەنجام دا.
73- منداڵەكەت وا لێ مەكە پەنا بۆ سوێند خواردن ببات بەڵكو پێى بڵێ: من بە ڕاستت دەزانم بێ ئەوەى سوێند بخۆیت.
74- دوور بكەوەرەوە لەبەكارهێنانى دەستەواژە هەڕەشە ئامێزەكان (بۆ نمونە بڵێیت: ئەگەر فڵان شتم بۆ نەكەیت دەتكوژم).
75- هەست بەوە مەكە منداڵەكەت كەسێكى خراپە یان گێلە و هیچ تێناگات.
76- بێزار مەبە لەزۆر پرسیاركردنى منداڵەكەت، و هەوڵ بدە وەڵامى هەموو پرسیارەكانى بدەیتەوە بە وەڵام گەلێكى سادە و قایلكەر.
77- منداڵەكەت بگوشە بەسنگتەوە و واى لێ بكە هەست بەسۆز و خۆشەویستى بكات.
78- ڕاوێژ بە منداڵەكەت بكە لە هەندێك كاروباردا و كار بەڕاوێژەكەى بكە.
79- وابكە كەمنداڵەكەت هەست بكات ڕێژەیەك لە ئازادى هەیە لە بڕیارداندا.
حەوتەم : بونیادى كۆمەڵایەتى
80- ناوى منداڵەكەت تۆماربكە لەناوەندە هاوینیەكان، و زنجیرەكانى لەبەركردنى قورئان، و پێشبڕكێ زانستیەكان، و چالاكیە بەسودەكانى تردا.
81- هەندێك ئەركى ڕێزلێگرتنى میوان بسپێرە بە منداڵەكەت ئەویش بەوەى كە چا و قاوە و میوە یان شتى تر بۆ میوان دابنێت.
82- بەخێرهاتنى منداڵەكەت بكە كاتێك كە دێتە ژورەوە و تۆ لەگەڵ هاوڕێكانتدایت.
83- ڕێگە بدە بەمنداڵەكەت بەشدارى بكات لە چالاكیە كۆمەڵایەتیەكانى مزگەوتدا وەكو سندوقى چاودێرى هەتیو و بێوەژنەكان.
84- منداڵەكەت ڕابهێنە لەسەر ئیشكردن و كڕین و فرۆشتن و كاسبى حەڵاڵ.
85- وا لە منداڵەكەت بكە هەندێك جار هەست بەئازار و ناڕەحەتى كەسانى تر بكات، و هەوڵ بدات ئەو ئازار و ناڕەحەتیەیان لەسەر سوك بكات.
86- وا لەمنداڵەكەت مەكە غەم و خەفەتى هەموو جیهان هەڵبگرێت.
87- وابكە منداڵەكەت بەرهەمى ئیشە كۆمەڵایەتیەكانت ببینێت.
88- منداڵەكەت بنێرە بۆ دابینكردنى هەندێك لەپێداویستیەكانت، و كارى وا بكە هەست بكات تۆ متمانەت پێیەتى.
89- ڕێگر مەبە لەوەى منداڵەكەت بەویستى خۆى هاوڕێ هەڵبژێرێ، وە دەتوانیت واى لێ بكەیت ئەو كەسەى تۆ دەتەوێت ئەوە بكات بەهاوڕێی خۆى بە بێ ئەوەى هەستى پێ بكات.
هەشتەم : بونیادى تەندروستى 
90- گرنگى بە تەندروستى منداڵەكەت بدە.
91- خواردن پێدانى منداڵەكانت لەكاتى خۆیدا پشت گوێ مەخە.
92- زیادەڕەوى مەكە لەپێدانى دەرمان بە منداڵەكەت.
93- لە ڕێگەى ڕوقیەى شەرعیەوە منداڵەكەت چارەسەر بكە (واتە: بە خوێندنى قورئان و هەندێك لەو دوعایانەى كە لە سوننەتدا هاتوون).
94- منداڵەكانت ڕابهێنە لەسەر زوو خەوتن و زوو لەخەو هەستان.
95- منداڵەكەت وا لێبكە گرنگى بدات بە پاك و خاوێنى لاشە و ددان وجلەكانى.
96- زوو چارەسەرى منداڵەكەت بكە، و چاوەڕوان مەبە تا نەخۆشیەكەى قورس دەبێت.
97- منداڵەكانت دوور بخەرەوە لەو كەسانەى كە توش بوون بەنەخۆشیەك كەترسى گواستنەوەى هەیە لەكەسێكەوە بۆ كەسێكى تر.
98- كارێكى وامەكە منداڵەكەت هەست بەترسناكى نەخۆشیەكەى بكات.
99- پەنا ببە بۆ خوا چونكە شیفاى هەموو نەخۆشی و دەردەكان بەدەستى ئەوە.
نۆیەم : بونیادى ڕۆشنبیرى
100- پرسیارى هەندێك مەتەڵ لە منداڵەكەت بكە (بۆ ئەوەى بیركردنەوەى چالاك بێت).
101- داواى لێ بكە كە بە دەربڕینى خۆى هەندێك بابەتت بۆ بنوسێت.
102- هەوڵ بدە هەموو ئەو شتانە بخوێنیتەوە كە منداڵەكەت نوسیویەتى.
103- هەموو هەڵەیەكى ڕێزمانى یان زمانەوانى مەگرە كەمنداڵەكەت لەكاتى خوێندنەوەدا دەیكات.
104- هانى منداڵەكەت بدە بۆ خوێندنەوە.
105- واى لێ بكە خۆى ئەو چیرۆكانە دیارى بكات كە دەیەوێ بیان خوێنێتەوە.
106- لە خوێندنەوەى هەندێك شتدا بەشدارى بكە لەگەڵ منداڵەكەتدا.
107- هەندێك لەو یاریانە بۆ منداڵەكانت ئامادە بكە كە دەبنە هۆى زیادكردنى زیرەكى و وریایی منداڵ.
108- منداڵەكەت هان بدە بۆ سەركەوتن لە خوێندندا.
109- یارمەتى منداڵەكەت بدە و واى لێ بكە زاڵ بێت بەسەر ئەو كۆسپانەى كە ڕێگرن لەبەردەم سەركەوتنى لەخوێندندا.
110- منداڵەكەت هان بدە بۆ لەبەركردنى هۆنراوەى بەسوودى هەندێك لە شاعیرە كۆن و تازەكان.
111- هانى بدە بۆ لەبەركردنى هەندێك نمونە و پەندى عەرەبى (یان كوردى) پاراو
112- منداڵەكەت ڕابهێنە لەسەر هونەرى وتار بێژى.
113- ڕاى بهێنە لەسەر هونەرى گفتوگۆ و قایلكردن.
114- ڕێگەى پێ بدە بەشدارى بكات لە هەندێًك لە خولەكانى پەرە پێدانى توانا خودیەكان (زاتیەكان).
115- منداڵەكەت هان بدە لەسەر فێربوونى زمانێكى بیانى باو(بە تایبەتى زمانى عەرەبى كە زمانى قورئانە).
دەیەم : پاداشت و سزا
116- شێوازى پاداشت و سزا بەكار بهێنە.
117- بەردەوام خەڵاتى پێشكەش بكە، و بەردەوام سزاى مەدە.
118- باشێوازى خەڵات پێبەخشینەكەت جۆراوجۆر بێت بەشێوەیەك كە بەردەوام خەڵاتەكە پارە نەبێت بەڵكو دەكرێ گەشت كردنێك بێت، یان ڕێگە پێدان بێت بەیاریكردن لەسەر كۆمپیوتەر، یان دیاریەك بێت، یان دەرچوون بێت لەگەڵ هاوڕێیەكیدا.
119- شێوازى سزادانەكەت با جۆراو جۆر بێت، و بالێدان یەكەم شێواز نەبێت لەلات، بەڵكو هەندێك جار با سزاكە تێڕوانینێكى توڕەییانە،یان ترساندن بەقسە،
یان قسە لەگەڵ نەكردن بۆ ماوەیەكى دیارى كراو، یان بێبەشكردن لەبەشێك لەو پارەیەى كەڕۆژانە دەیدەیتێ یان بێبەشكردن لەسەیرانى هەفتانە بێت.
120- بزانە كە سزاى گونجاو ڕێگرە لەدووبارەبوونەوەى هەڵە، و یارمەتى دەدات بۆ گەیشتن بەحەق و صەواب.
121- بزانە كە پێغەمبەر هەرگیز لەمنداڵى نەداوە.
122- ئەگەر منداڵەكەت یەكەم جار بوو هەڵەى كرد سزاى مەدە.
123- لەسزاداندا دڵڕەق و توند و تیژ مەبە.
124- ئەگەر منداڵەكەت سزادا هۆكارى سزاكەى بۆ باس بكە.
125- وامەكە منداڵەكەت هەست بكات چێژ لەسزادانى وەردەگریت، یان ڕقت لەدڵدایە بەرامبەرى.
126- نە لەبەردەم خەڵكیدا وە نەلەكاتى توڕەبووندا لەمنداڵەكەت مەدە.
127- لە ڕوومەتى منداڵەكەت مەدە، و دەستت زیاد لەپێویست بەرز مەكەرەوە بۆئەوەى ئازارى زۆر پێنەگات.
128- ئەگەر بەڵێنتدا لەمنداڵە‌كەت نەدەیت ئەوا لێى مەدە چونكە ئەگەر لێى بدەیت متمانەى پێت نامێنێت.
129- وا لە منداڵەكەت بكە هەست بكات كە لە بەرژەوەندى خۆى سزاى دەدەیت، و خۆشەویستیەكەى وات لێدەكات سزاى بدەیت (بۆ ئەوەى تووشى هەڵە و تاوان نەبێت).
130- منداڵەكەت فێرى ئەوە بكە كە سزادان بۆ ئەشكەنجەدان و ئازار نییە، بەڵكو بۆ تەمبێ كردنە.
وصلى الله وسلم على نبينا محمد

نووسەر: د.أحمد بن عثمان المزيد / د.عادل بن علي الشدِّي/ وەرگێڕانى:إدريس محمود 

سەردان: ٤,٣٢٥ بەش: پەروەردەى منداڵ