ئەگەر کەسێک بە بێ هیچ عوزرێک ڕۆژوو نەگرێ حوکمى چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر کەسێک بە بێ هیچ عوزرێک ڕۆژوو نەگرێ حوکمى چیە؟

زانایانی لیژنەی هەمیشەیی فەتوا دەفەرمون :
رۆژوو شکاندن و نەگرتنی کەسێک کە موکەلەف بێ و ڕۆژووى لەسەر واجب بێ لە ڕەمەزاندا لە تاوانە گەورەکانە ـ ئەگەر بەبێ هیچ عوزرێکی شەرعی بێ . "فتاوى اللجنة الدائمة" (10/ 357) .
وە شیخ بن باز رحمه الله دەفەرموێ:
هەرکەس ڕۆژێک لەڕۆژووی ڕەمەزان بەبێ هیچ عوزرێکی شەرعی نەگرێ ئەوا خراپە و تاوانێکی گەورەی کردوە ـ ئەگەر تەوبەی کرد خوای گەورە لێی خوش دەبێ ـ لەسەریەتی تەوبەیەکی ڕاستگۆیانە بکات و بگەڕێتەوە لای خوای گەورە و پەشیمان بێ لەوەی تێپەریوە و پێداگربێ لەسەر نەگەڕانەوەی بۆ ئەو تاوانە و زۆر داوای لێخۆشبون بکات و پەلە بکات لە گرتنەوەی ئەو رۆژەی کە نەیگرتوە۰
وە پرسیارکرا لە شیخ ابن عوسەیمین رحمە اللە سەبارەت بە حوکمی نەگرتنی ڕۆژووی ڕەمەزان بێ هیچ عوزرێک؟
لەوەڵامدا فەرموی:
نەگرتنی ڕۆژووی ڕەمەزان بەبێ عوزر لە تاوانە هەرە گەورەکانە و مرۆڤی پێ دەبێت بە فاسق و لەسەریەتی تەوبە بکات و ئەوڕۆژەی کە نەیگرتوە بیگرێتەوە۰ مجموع فتاوی و رسائل العثیمین (۸۹/۱۰)
ورد بەرەوە لەم فەرمودەیە کە لە (أبو أمامة الباهلي) ەوە دەگێڕنەوە فەرمویەتی: بیستم پێغەمبەری خوا دەیفەرموو: كاتێكیان خەوم لێ‌ كەوتبوو، دوو پیاو هاتنە لام و كردیان بە قۆڵمدا، تا بردمیان بۆ لای شاخێكی سەخت، پاشان پێیان وتم: سەركەوە، وتم: من توانای ئەوەم نیە، وتیان: بۆت ئاسان دەكەین، منیش سەركەوتم تا هەندێك ڕۆیشتینە سەرەوە لەو كاتەدا گوێم لە دەنگێكی توند بوو، وتم: ئەو دەنگە چییە ؟ وتیان: هاوار و ناڵەی دۆزەخییەكانە، بەرەو سەرەوە برام، لە ڕێگادا چاوم كەوتە سەر كۆمەڵە كەسانێك بە پشتە پێیانەوە هەڵواسرابوون و لێوەكانیان شەقار شەقار كرابوو و خوێنی لێدەهات، دەفەرمووێ‌: پێم وتن: ئەو كەسانە كێن ؟ وتیان ئەوانەن كە بەربانگ دەكەن پێش ئەوەی كاتی ڕۆژوویان تەواو بێت. واتە پێش ڕۆژ ئاوابوون، ڕۆژووەكەیان دەشكێنن...)
باشە ئەگەر ئەمە سزای كەسێك بێت تا ئێوارە بەڕۆژوو بێت و لەبەر ئەوەی بەر لە ڕۆژئاوا بوون ڕۆژوەكەی بشكێنێ‌ واتە بەر لەوەی كاتی شەرعی بێت ـ پێش خۆر ئاوا بوون ڕۆژوەكەی بشكێنێ‌ ئاخۆ سزای ئەوانە چۆن بێت كە هەر بەڕۆژوو نابن بگرە ئازاری خەڵكیش ئەدەن و لەپێش چاویان نان و ئاوی سارد ئەخۆن، دڵنیابە سزاكەیان لە سزای ئەمانە زۆر سەخت ترە.

سەردان: ٣,١٢٢ بەش: حوکم و ئادابەکانى ڕۆژوو