لە سعودیە مانگ بینرا لە وڵاتێکى تر نەبینرا واجبە هەموی بە ڕۆژوو بێ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لە سعودیە مانگ بینرا لە وڵاتێکى تر نەبینرا واجبە هەموی بە ڕۆژوو بێ
پرسیار:

هۆکاری چی یە موسوڵمانان یەک ناگرن لەدەستنیشان کردنی مانگى ڕەمەزاندا لەکاتێکدا مانگی ڕەمەزان یەک مانگە؟ گەر لە وڵاتێک بینرا و لە وڵاتێکى تر نەبینرا ئایا واجبە هەمووی بەڕۆژوو بێ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

 ئەمە لە ڕووى گەردوونیەوە مەحاڵە، چونكە كاتى دەرچوونى مانگ وەكو شێخ الإسلام ابن تیمیە – رحمەالله- دەڵێت دەگۆڕێت بە یەكدەنگى شارەزایانى ئەم بوارە، جا كەوابوو ئەوە كرۆكى بەڵگەى شەرعى و عەقڵیش وا دەخوازن كە هەر وڵاتە و حوكمى خۆى هەبێت.
وە( هيئة كبار العلماء ) ڕوونکردنەوەیەکی گرنگیان داوە لەم بارەیەوە و لە ئەنجام دا گەشتنە ئەوەی كه : 
مادام ئەم بابەتە لەکۆن ونوێدا خیلافی لەسەر بووەو نابێتە هۆکاری شتی خراپ ، ولەماوەی چواردە سەدەدا نەبینراوە ئومەتی ئیسلامی کۆ دەنگ بن لەسەر یەک بینین، بۆیە پێیان وایە:
ئەم بابەتە وەک خۆی بهێڵدرێتەوە وئیسارە نەکرێت ، و هەریەک لە وڵاتان مافی هەڵبژاردنی ئەوەی هەبێت کە بەگونجاوی دەزانێت لەڕێگای زانایانیانەوە کام لەو دوو بۆ چوونە هەڵبژێرن ، چونکە هەردوو بۆ چوونەکە بەڵگەی خۆیان هەیە وپشتیان پێ بەستووە  .

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

 زۆر جار هۆکارەکەی لە وڵاتێەکەوە بۆ وڵاتێکی تر لە دەسپێکی ڕەمەزاندا بۆ جیاوازی جێگاکان و دەرکەوتنی مانگدایە .
بێگومان جیاوازی دەرکەوتنی مانگ لەجێگەوە بۆ جێگەیەکی تر شتێکی مەعلومە و نەکەس و نەعەقڵ و نەواقعیش نکۆڵی لێ ناکات .

هەر بۆیە ناکرێت خەڵک هەموو ئیلزام بکرێن بەوەی لەیەک ڕۆژدا بەڕۆژوو بن ؛ چونکە ئەوە خۆی لەخۆیدا دەبێتە ئیلزام کردنی کەسانێک بەڕۆژووی ڕۆژێکەوە پێش بنینی مانگ ، بەڵکو پێش دەرکەوتنی .

وە پرسیار کراوە لە الشيخ ابن عثيمين رحمه الله:
لەبارەی کەسانێکەوە کەبانگەشەی یەکبوونی ئومەی ئیسلامی دەکەن لەگرتنی ڕۆژوودا ، و دەرکەوتنی مانگ دەبەستنەوە بەدەرکەوتنی بە مەکەی پیرۆزەوە.

 لە وەڵامدا گوتوویەتی :

 ئەمە لە ڕووى گەردوونیەوە مەحاڵە، چونكە كاتى دەرچوونى مانگ وەكو شێخ الإسلام ابن تیمیە – رحمەالله- دەڵێت دەگۆڕێت بە یەكدەنگى شارەزایانى ئەم بوارە، جا كەوابوو ئەوە كرۆكى بەڵگەى شەرعى و عەقڵیش وا دەخوازن كە هەر وڵاتە و حوكمى خۆى هەبێت.
بەڵگەى شەرعى وەكو ئەو ئایەتەى كە خواى گەورە دەفەرموێت: ( فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ )(البقرة: 185). واتە: جا هەر بۆیە هەركامتان گەیشتە ئەو مانگە و تەندروست و لەسەفەردا نەبوو ، با ڕۆژەكەى بەڕۆژوو بێت.
جا ئەگەر هاتوو خەڵكانێك لەوپەڕى زەویەوە مانگیان نەبینى و ئەهلى مەككەش مانگیان بینی جا چۆن ئەم ئایەتە ئاراستە دەكرێت بۆ ئەوانەى كە مانگیان نەبینیوە؟! وە پێغەمبەرى خوایش   فەرموویەتى: (( صوموا لرؤيته وافطروا لرؤيته)) متفق عليه،واتە: بە بینینى مانگ بەرۆژو بن و بە بینیشی رۆژو بشكێنن.

جا بۆیە ئەگەر خەڵكى مەككە مانگیان بینى چۆن دەبێت بۆ نمونە خەڵكى پاكستان وئەوانەى لە پشت ئەوانەوەن لە ئەهلى رۆژهەڵات پابەند بكەین بەوەى كە بەرۆژو بن، لەگەڵ ئەوەى دەزانین كە مانگ لە ئاسۆى ئەوان دەرنەچووەو پێغەمبەرى خوایش   بەرۆژو بوونى پەیوەست كردووە بە بینینی مانگەوە.  

بەڵگەى عەقڵیش قیاسی صەحیحە كە ناتوانرێت پێچەوانەى بكرێت، وە ئێمە دەزانین كە فەجر لە لاى رۆژهەڵاتەوە زووتر دەردەكەوێت تاوەكو لای رۆژئاوا، جا ئەگەر فەجر لەلاى رۆژهەڵاتەوە دەركەوت، ئایا پابەند دەبین كە واز لە خواردن بهێنین لەكاتێكدا ئێمە هێشتا لە شەوداین؟ وەڵام: نەخێـر. بەهەمان شێوە كە خۆر ئاوادەبێت لە لاى رۆژهەڵاتەوە بەڵام ئێمە هێشتا لە رۆژداین ئایا دروستە بۆمان كە رۆژو بشكێنین؟ وەڵام: نەخێـر.

كەوابوو مانگیش هەروەكو خـۆر وەهایە، جا بەروارى مانگ بەروارى مانگانەیە و بەروارى خۆریش بەروارى رۆژانەیە. وە ئەو خوایەى كە فەرموویەتى: (... وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ ثُمَّ أَتِمُّوا الصِّيَامَ إِلَى اللَّيْلِ ...) (البقرة:187) 

 هەر ئەو خوایەیە كە فەرمویشێتى: ( فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ ) .

جا كرۆكى بەڵگەى عەقڵى و شەرعى ئەوەیە كە حوكمێكى تایبەتتان بۆ دابنرێت پەیوەست بە رۆژوبون و رۆژوشكاندن، وە ئەوەش پەیوەست بكرێت بە نیشانەى هەست پێكراو كە خواى گەورە لە قورئاندا و پێغەمبەرەكەشی   لە سوننەتەكانیدا روونیان كردۆتەوە كە بریتیە لە بینینی مانگ و خۆر یان فەجر.

 فتاوى أركان الإسلام ص 451.

وەهەروەها شێخ ابن عثیمین بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو قیاس وبەراورد کاریە و ئەوانەی کەپێیان وایه جیاوازی جێگاکان حسابی بۆ دەکرێت دەڵێت:

دەڵێن: کات و تەوقیتی مانگ هاوشێوەی کات و تەوقیتی ڕۆژانەیە ، هەروەک چۆن وڵاتان ڕۆژانە جیاوازن لەڕووی کاتی شکاندن وگرتنی ڕۆژووەوە ، بەهەمان شێوە واجبە جیاواز بن لەڕووی کات و تەوقیتی گرتن وشکاندنی ڕۆژووەوە لەمانگەکاندا ، ومەعلومە جیاوازی ڕۆژانە کاریگەری هەیە بەکۆدەنگی موسوڵمانان لەسەر کاتی شکاندن وگرتنی ڕۆژووەوە ، ئەوانەی کەلەڕۆژ هەڵاتن پێش ئەوانەی لەڕۆژ ئاوان دەس دەگرنەوە لەخواردن وخواردنەوە ، وبەهەمان شێوە پێشیانیش ڕۆژوو دەشکێنن .

جا گەر حوکممان دا بەجیاوازی تەوقیت وکاتی دەرکەوتن وئاوا بوونی خۆرەوە ، ئەوا بەهەمان شێوە کات وتەوقیتێ مانگانەش بەو شێوەیە جیاوازە .

وە ناکرێت کەسێک بڵێت : ئایەتی: ( وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ ثُمَّ أَتِمُّوا الصِّيَامَ إِلَى اللَّيْلِ ) 
وەهەروەها فەرموودەی : ( إِذَا أَقْبَلَ اللَّيْلُ مِنْ هَا هُنَا ، وَأَدْبَرَ النَّهَارُ مِنْ هَا هُنَا ، وَغَرَبَتْ الشَّمْسُ فَقَدْ أَفْطَرَ الصَّائِمُ
ئەمە عام و گشتگیرە بۆ هەموو موسوڵمانان لەهەموو جیهاندا .

وەهەروەها هەمان قسە دەکەین لەبارەی گشت گیری ئەم ئایەتەوە : ( فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ ) 
واته: هه‌ر كه‌سێك له‌و مانگه‌دا ئاماده‌بوو له‌ شاری خۆی بوو موقیم بوو ئه‌وا با به‌ڕۆژوو بێت .

وەئەم فەرموودەی پێغەبەرەوە : ( إِذَا رَأَيْتُمُوهُ فَصُومُوا ، وَإِذَا رَأَيْتُمُوهُ فَأَفْطِرُوا ) .
واتە: گەر مانگتان بینی بەڕۆژوو بن ، وهەرکات مانگتان بینی بیشکێنن.

ئەم بۆچوونە هەروەک دەبینی بەهێزە لەڕووی لەفز ، وعەقڵ وقیاسی سەحیحەوە ، قیاس کردنی مانگانە لەسەر قیاسی ڕۆژانە.
 "فتاوى رمضان" جمع أشرف عبد المقصود ص 104 .

وە( هيئة كبار العلماء ) ڕوونکردنەوەیەکی گرنگیان داوە لەم بارەیەوە ،و ئەمە دەقەکەیەتی :

یەکەم : جیاوازی دەرکەوتنی مانگ لەجێگایەکەوە بۆ جێگایەکی تر یەکێکە لەو شتانەی کە لەڕووی عەقڵی وحسیەوە زانراوە ونکۆڵی لێ ناکرێت ، وهیچ یەکێک لەزانایان جیاواز نی یە تیایدا ، بەڵکو لەوەدا زانایان جیاوازن ئایا حساب بۆ ئەو جیاوازیە دەکرێت یاخود نا ؟ 

دووەم : بابەتی حساب کردن بۆ جیاوازی کردن و حساب نەکردن بۆی بابەتەێکە مەجالی ئیجتهادی تێدایە ، و خیلافەکە بوونی هەیە لەنێوان ئەوانەدا کە لەڕووی عیلم ودینەوە مەکانەتیان هەیە ،و ئەوە یەکێکە لەو شتانەی کەخیلاف و ڕا جیایی هەڵدەگرێت ،وەکەسی موجتەهید گەر بیپێکێت دوو پاداشتی هەیە ، وەگەر بەهەڵەدا چوو پاداشتێکی بۆ هەیە .

جا زانایان دوو بۆ چوونیان لەم بارەیەوە هەیە :
هەندێکیان پێیان وایە حساب بۆ جیاوازی جێگاکان دەکرێت ، و هەندێکی تر دەڵێن: حساب بۆ ئەو جیاوازیە ناکرێت . 

وەهەردوو لا بەڵگەی قورئان وفەرموودە دێننەوە ، وڕەنگە هەردوولا یەک بەڵگەیان کردبێتە بەڵگە بۆ خۆیان و هەر یەکەو بەشێوەیەک لێکدانەوەی بۆ کردووە ، لەوانه ئەم ئایەتە پیرۆزە : ( يَسْأَلونَكَ عَنِ الأَهِلَّةِ قُلْ هِيَ مَوَاقِيتُ لِلنَّاسِ وَالْحَجِّ ) البقرة/189 . 
واتە:پرسیارت لێده‌كه‌ن ده‌رباره‌ی نوێ بوونه‌وه‌ی مانگه‌كان، پێیان بڵێ ئه‌وه بۆ دیاریكردنی كاته‌كانه بۆ خه‌ڵكی و بۆ زانینی كاتی حه‌ج .

وەهەروەها ئەم فەرموودەیی پێغەمبەر : ( صُومُوا لِرُؤْيَتِهِ ، وَأَفْطِرُوا لِرُؤْيَتِهِ ) الحديث . 
واتە: ڕۆژوو بگرن کاتێ مانگتان(مانگی ڕەمەزان)بینی ، ومەیگرن وبیکەن بەجەژن هەرکات مانگتان(مانگی شەوال)بینی.
ئەمەش بەهۆی جیاوازیەوەیە لەتێگەیشتن لەدەقەکان ، وگرتنە بەری هەرلایەو شێوازێک لەکردنە بەڵگەو ئیسدلال کردن پێی .

جا لەئەنجام دا گەشتنە ئەوەی:
مادام ئەم بابەتە لەکۆن ونوێدا خیلافی لەسەر بووەو نابێتە هۆکاری شتی خراپ ، ولەماوەی چواردە سەدەدا نەبینراوە ئومەتی ئیسلامی کۆ دەنگ بن لەسەر یەک بینین، بۆیە پێیان وایە:
ئەم بابەتە وەک خۆی بهێڵدرێتەوە وئیسارە نەکرێت ، و هەریەک لە وڵاتان مافی هەڵبژاردنی ئەوەی هەبێت کە بەگونجاوی دەزانێت لەڕێگای زانایانیانەوە کام لەو دوو بۆ چوونە هەڵبژێرن ، چونکە هەردوو بۆ چوونەکە بەڵگەی خۆیان هەیە وپشتیان پێ بەستووە  .

سێیەم :  (مجلس الهيئة)تەماشای سابت بوونی مانگ لەڕێگای حسابی فەلەکیەوە کرد ،و ئەوەی لەقورئان وسوننەدا هاتووە ، وهەروەها تەماشای قسەی زانایانیان کرد لەو بارەیەوە ، دواتر بەکۆدەنگی بڕیاری ئەوەیاندا حساب بۆ حسابی فەلەکەی نەکرێت لەسابت بوونی مانگدا لەبابەتە شەرعیەکاندا ؛ ئەوەش لەبەر ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر ( صُومُوا لِرُؤْيَتِهِ ، وَأَفْطِرُوا لِرُؤْيَتِهِ ) الحديث .
واتە:واتە: ڕۆژوو بگرن کاتێ مانگتان(مانگی ڕەمەزان)بینی ، ومەیگرن وبیکەن بەجەژن هەرکات مانگتان(مانگی شەوال)بینی.

وەهەروەها ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر : ( لا تَصُومُوا حَتَّى تَرَوْهُ ، وَلا تُفْطِرُوا حَتَّى تَرَوْهُ ) الحديث . 
واتە: بەڕۆژوو مەبن تاوەکو مانگ دەیبینن ،ومەیکەنە جەژن تاوەکو مانگ دەبینن.
و ئەوەی کەهاوشێوەی ئەم مانایەیی هەیە لەبەڵگەکاندا .
 "فتاوى اللجنة الدائمة" (10/102)

سەردان: ٢,٤١٠ بەش: حوکم و ئادابەکانى ڕۆژوو