حوكمى پەیوەست بوون بە هۆكارەوە و چ کاتێک دەبێتە شیرک؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمى پەیوەست بوون بە هۆكارەوە و چ کاتێک دەبێتە شیرک؟
پرسیار:

حوكمى پەیوەست بوون بە هۆكارەوە و چ کاتێک دەبێتە شیرک و هاوەڵبڕیاردان بۆ خواى گەورە؟

پەیوەست بوون بە هۆكارەوە چەند بەشێــكە:     
بەشی یەكەم: ئەوەیە كە دژ وپێچەوانەى یەكخواپەرستیە لە بنچینەیدا، ئەویش بریتیە لەوەى كەسێك دڵ پەیوەست بكات بە شتێكەوە كە كاریگەرى نەبێت و بۆ ئەوە ناشێت كەپشتى پێ ببەسترێ بەتەواوى و لەبەرانبەردا پشت لەخوا بكەیت.
بۆ نمونە: كەسێك دڵ پەیوەست دەكات بەو مردووەى كەلە نێو گۆڕێكدایە لەكاتى ناڕەحەتى و سەخیتدا. ئەمەش شیركى گەورەیە كەخاوەنەكەى لە بازنەى ئیسلام دەكاتە دەرەوە و حوكمى بكەرەشی ئەمەیە كە خواى گەورە لەم ئایەتەدا باسی دەكات ودەفەرموێت: ( إِنَّهُ مَنْ يُشْرِكْ بِاللَّهِ فَقَدْ حَرَّمَ اللَّهُ عَلَيْهِ الْجَنَّةَ وَمَأْوَاهُ النَّارُ وَمَا لِلظَّالِمِينَ مِنْ أَنْصَارٍ) (المائدة:  الآية72) واتە: ئەو كەسەش لەگەڵ خواى پەروەردگاردا پەرستراوى جگە لەو بپەرستێت ئەوا خواى پەروەردگار بەهەشتى لەسەر حەرام كردووە و ئاگر دەكاتە شوێن و مەنزڵگاى هەمیشەیی ، وهیچ سەرخەرێكیشى نیە تێیدا بۆ ئەوەى ڕزگارى بكات لێى .
بەشی دووەم: ئەوەیە كە پشت بەهۆكارێكى شەرعى دروست ببەسترێت لەگەڵ بێ ئاگابوونى لەوەى  هۆكارەكەى ڕەخساندووە كە خواى گەورەیە، ئەمەش جۆرێكە لەشیرك، بەڵام خاوەنەكەى ناكاتە دەرەوە لەبازنەى ئیسلام، چونكە پشتى بە هۆكار بەستووە وهۆكارسازی بیرچۆتەوە كە خواى گەورەیە – سبحانە وتعالى -.     
بەشی سێ یەم: ئەوەیە كە پشت بە هۆكار ببەستێت بەپشت بەستنێك بەوەى كە ئەو شتە تەنها هۆكارێكەو بەس وە هیچى تر نیە، هاوكات لە بنەڕەتدا پەشتى بە خوا بەستووە، و باوەڕى وایە كە ئەم هۆكارە لەلایەن خواوەیە، وئەگەر ویستی لێ بێت ئەوا نایهێڵێت، وئەگەریش ویستى لێ بێت ئەوا دەیهێڵێتەوە، وە باوەڕیشی وەهایە كە هۆكار هیچ كاریگەریەكى نیە لە هەمبەر ویست و ئیرادەى خواى گەورەدا و ئەم جۆرەش دژو پێچەوانەى تەوحید نیە نە لەڕووى بنچینەوە ونەلەڕووى تەواوێتیشەوە.     
وە لەگەڵ بوونى هۆكارى شەرعى دروستدا پێویستە مرۆڤ دڵ وناخى پەیوەست نەكات بە تەنها هۆكارەوە بەڵكو پەیوەستى بكات بەخواوە، جا بۆیە ئەو فەرمانبەرەى كە دڵى بەتەواوى پەیوەستە بە پلەوپایەكەیەوە لەگەڵ بێ ئاگابوون لە هۆكارساز كە خواى گەورەیە ئەوا جۆرێكە لەشیرك، بەڵام ئەگەر پێى وابێت كە پلەوپایە هۆكارە وخواى گەورە هۆكارسازە ئەوا دژو پێچەوانەى تەوحید نیە وتەنانەت پێغەمبەرى خوایش    هۆكارى بەكار هێناوە هاوكات لەگەڵ دڵ پەیوەست بوونى بە خواى گەورەوە – عز وجل - .
 


سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –

سەردان: ١,٩٥٢ بەش: شیرک و جۆرەکانى