ئێمەى موسڵمان چۆن بە شێوازێکی تەواو و دروست لە هەردوو بڕگەى شایەتومان ( شهادة أن لا إله إلا الله، وأن محمداً رسول الله ) تێبگەین؟
هەردوو بڕگەى شایەتومان بریتیە لە : ( شهادة أن لا إله إلا الله، وأن محمداً رسول الله ) ئەو دوو بڕگەیە كلیلى چوونەژورەوەن بۆناو دینى ئیسلام و ناكرێت بەبێ ئەو دووانە كەسێك بچێتە ناو ئیسلامەوە، هەربۆیە پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرمانى بە موعازى كوڕى جەبەل رضی الله عنه كرد كاتێك ناردى بۆ یەمەن بەوەى كە یەكەم شتێك بانگەوازى بۆ بكات دەبێت "شهادة أن لا إله إلا الله، وأن محمداً رسول الله " بێت(١).
سەبارەت بە بڕگەى یەكەمى كە ((شهادة أن لا إله إلا الله)) یە، ئەوەیە كە مرۆڤ بەزمان و دڵى دان بنێت بەوەدا كە هیچ پەرستراوێك نیە شایستەى پەرستن بێت جگە لەخوا نەبێت بەتەنها. وە ئەم ڕستەیە لە نەفی و ئیسبات پێك دێت، بڕگەى نەفیەكەى (لا إله)یە و بڕگەى ئیسباتەكەشى (إلا الله)یە، وە (الله) بەدەلە لە خەبەرى (لا) كە ئەویش مەحزوفە، واتاكەشى دەبێت بە (لا إله حق إلا الله) واتە هیچ خوایەكى حەق و ڕاستى نیە كە شایستەى پەرستن بێت جگە لە الله، جا ئەوەش ووتن و دان نانە بەو شاهێدیەدا بەزمان پاش ئەوەى دڵ باوەڕى پێ هێنا كە هیچ خوایەكى حەق نیە جگە لە الله نەبێت، ئەمەش خۆى دەبینێتەوە لە عیبادەت كردن بەتەنها بۆ خوا و نەكردن و نەفى كردنى عیبادەت بۆ جگە لەخوا.
وە كە تەقدیرى ووشەى ( حق) دەكەین بە خەبەر، وەڵامى گومانێك ڕوون دەبێتەوە كە زۆرێك لە خەڵكى دەیهێننەوە و دەیڵێن كە ئەویش بریتیە لە: ئێوە چۆن دەڵێن هیچ خوایەك نیە جگە لە الله لەكاتێكدا چەندین خوا هەن كە دەپەرسترێن و تەنانەت خواى گەورە خۆیشی بە خوا ناوى بردوون و ئەو خەڵكانەش كە دەیانپەرستن هەر بە خوا ناویان دەبەن، وەكو دەفەرموێت: ( فَمَا أَغْنَتْ عَنْهُمْ آلِهَتُهُمُ الَّتِي يَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ مِنْ شَيْءٍ لَمَّا جَاءَ أَمْرُ رَبِّكَ )(هود: الآية101)
واتە: هەركە فەرمانى خواى پەروەردگار بەسزادانیان هات ئەوا ئەو پەرستراوانەیان كە هاواریان دەكردنآ و داوایان لێدەكردن كە زەرەر و زیانیان لێدووربخەنەوە سوودى پێ نەگەیاندن.
لە ئایەتێكى تردا دەفەرموێت: ( وَلا تَجْعَلْ مَعَ اللَّهِ إِلَهاً آخَر)(الإسراء: من الآية39) واتە: ئەى مرۆڤــ نەكەى هاوەڵ بڕیار بدەى بۆ پەروەردگارى بەرزوبڵند ، لەپەرەستنەكانیدا.
لە ئایەتێكى تردا دەفەرموێت: (وَلا تَدْعُ مَعَ اللَّهِ إِلَهاً آخَر)(القصص: من الآية88) واتە: لەگەڵ پەرستراوى بەهەق ( اللَّـه ) هیچ پەرستراوێكى تر مەپەرستە ، چونكە هیچ پەرستراوێك نیە شایستەى پەرستن بێت جگە لە ( اللَّـه ).
وەیان دەفەرموێت: ( لَنْ نَدْعُوَ مِنْ دُونِهِ إِلَهاً)(الكهف: الآية14) واتە: هەرگیز پەرستراوێك لە پەرستراوێكى تر جگە لەو ناپەرستین. جا چۆن دەكرێت كە دەڵێین (لا إله إلا الله) و ئیسباتى خوایەتى خوایەكى تریش بكەین؟
وە یان چۆن دەكرێت كە ئیسباتى خوایەتى بۆ جگە لە الله بكەین و لەكاتێكدا پێغەمبەران بە گەلەكانى خۆیانیان ووتوە: ( اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ )(الأعراف: الآية59) . واتە: خوا بەتەنها بپەرستن ، ئێوە هیچ پەرستراوێكتات نیە كە شایستە بێت بیپەرستن جگە لەخواى بەرز و بڵدن نەبێت.
وەڵامیش بۆ ئەم گومانە بەوە چارەسەر دەبێت كە خەبەرى (لا إله) بە وشەى(حەق) دابنێین و ئەوكات دەڵێین: ئەو خوایانەى كە جگە لە الله دەپەرسترێن خوان، بەڵام خواى ناڕەوا و باتڵن و خواى حەق و ڕاستى نیـن، و مافى خوایەتیان بۆ نیە لە هیچ شتێكدا، و بەڵگەش بۆ ئەوە ئەم ئایەتانەیە:
(ذَلِكَ بِأَنَّ اللَّهَ هُوَ الْحَقُّ وَأَنَّ مَا يَدْعُونَ مِنْ دُونِهِ الْبَاطِلُ وَأَنَّ اللَّهَ هُوَ الْعَلِيُّ الْكَبِيرُ) (لقمان:30)
واتە: ئەوەش هەمووی لەگەورەیی هێز و دەسەڵاتی خواى پەروەردگارە ، بۆ ئەوەی بزانن و دانبنێن بەوەی كە تەنها ( اللَّه ) پەرستراوی هەقە لە زات سیفەت و كردەوەكانی ، وە ئەوەی كە جگە لە خواى پەروەردگار دەیپەرەستن هەموو پووچ و باتڵن ، وە ئەوەش كە ( اللَّه ) بەرز وبڵندە بەزات و پلەویایە و دەسەڵاتیەوە ، و لەسەروى هەموو دروستكراوەكانیەتى ، مەزن و گەورەیە لەهەموو شتێك زیاتر ، و هەموو شتێكیش جگە لەو ژێربار و ملكەچى ئەون ، وە هەر تەنها خۆى شایستەى ئەوەیە بەبێ هاوەڵ بپەرسترێت .
وە هەروەها ئایەتى: (أَفَرَأَيْتُمُ اللاَّتَ وَالْعُزَّى) (19) (وَمَنَاةَ الثَّالِثَةَ الأُخْرَى) (20) )أَلَكُمُ الذَّكَرُ وَلَهُ الأُنْثَى) (21) (تِلْكَ إِذاً قِسْمَةٌ ضِيزَى) (22) )إِنْ هِيَ إِلاَّ أَسْمَاءٌ سَمَّيْتُمُوهَا أَنْتُمْ وَآبَاؤُكُمْ مَا أَنْزَلَ اللَّهُ بِهَا مِنْ سُلْطَانٍ) (النجم الايات:19، 23)
واتە: پێم بڵێن ـ ئەی هاوەڵ بڕیاردەران ـ ئەم پەرەستراوانەی كە ئێوە دەیانپەرەستن : لات و عوززا و بتی سآ یەمیان كە ناوى مەناتە ، هیچ سوود و زیانێكیان گەیاندووە تاكو ببنە هاوەڵی خواى پەروەردگار ؟!! ئایە بۆ خۆتان كوڕ هەڵدەبژێرن كە خۆتان پێتان خۆشە ، و بە گومانی خۆتان دەڵێن خواى پەروەردگار كچی هەیە ، كە تەنانەت بۆ خۆشتان پێى ڕازى نین ؟!! بێگومان ئەوە دابەشكردنێكی ستەمكارانەیە . بێگومان ئەم بتانەی كە ئێوە دەیانپەرەستن چەند ناوێكن و هیچ سیفەتێكی كامڵیان تێدا نیە ، بەڵكو تەنها چەند ناوێكن ئێوە و باوباپیرانتان بە پێی هەوا و ئارەزووی پوچەڵتان ناوتان لێناون ، خواى پەروەردگار هیچ بەڵگەیەكی دانەبەزاندووە ئەم ئیدعایەتان پشت ڕاست بكاتەوە .
لە ئایەتێكى تردا دەفەرموێت: (مَا تَعْبُدُونَ مِنْ دُونِهِ إِلاَّ أَسْمَاءً سَمَّيْتُمُوهَا أَنْتُمْ وَآبَاؤُكُمْ مَا أَنْزَلَ اللَّهُ بِهَا مِنْ سُلْطَانٍ)(يوسف:الآية40) واتە: ئێوە ئەو پەرستراوانەی كە جگە لە خوای پەروەردگار دەیپەرستن جگە لە چەند ناوێكى بێ مانا نەبێت هیچ شتێكی تر نین ، ئێوە و باوباپیرانتان بە نەزانى و گومڕایى خۆتان كردووتانن بە پەرسترا و خوای خۆتان ، لە كاتێكدا كە خوای پەروەردگار هیچ بەڵگەیەكى لەسەر ڕاستى و دروستى ئەوانە نەناردووەتە خوارەوە. كەوابوو واتاى (لا إله إلا الله) واتە: (لا معبود حق إلا الله) هیچ پەرستراوێكى حەق نیە جگە لە الله.
بەڵام ماناى بڕگەى دووەم كە (أن محمداً رسول الله)یە، واتە ووتن و دان نان بە زمان و باوەڕبوون بەدڵ بەوەى كە محمدى كوڕى عبدالله ى قورەیشی هاشمى پێغەمبەرى خوایە بۆ هەموو خەڵك لە مرۆڤ و جنۆكە، وەكو دەفەرموێت: (قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعاً الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضِ لا إِلَهَ إِلاَّ هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ فَآمِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ) (لأعراف:158)
واتە: ئەى پەیامبەرى خوا ﷺ : بە هەموو خەڵكى بڵێ : من پەیامبەرى خوام بۆ هەمووتان بەگشتى نەك ئەوەى كە بۆ هەندێكتان پەیامبەربم و بۆ هەندێكتان نە ، ئەو خوایەیەى كە خاوەنى ئاسمانەكان و زەوى و ئەوەى تیایاندایە ، كە نابێت پەرستراوێتى و پەرستش بۆ جگە لەو خوایە بێت ـ بەرز وبڵند و پایەبەرز و شكۆدار بێت ـ ، هەر ئەوە بەتوانا و دەسەڵات بەسەر بەدیهێنانى بەدیهێنراوان و لە ناوبردن و زیندوكردنەوەیان ، دەسا باوەڕ بە خواى پەروەردگار بهێنن و دان بنێن بە تاك و تەنهایەتى ئەودا و بەڕاستى بزانن ، و باوەڕ بهێنن بە پەیامبەرە نەخوێندەوەارەكەى ﷺ و بەڕاستى بزانن ، ئەو پەیامبەرەى كە باوەڕى بە خواى پەروەردگار و ئەوە هێناوە كە لەلایەن پەروەردگاریەوە بۆى هاتووە ، وە بەوەش كە بۆ پەیامبەرانى پێش خۆى دابەزێنراوە ، وە شوێنى ئەم پەیامبەرە بكەون ، و پابەند و بەردەوام بن لە سەر كرداركردن بەوەى كە فەرمانتان پێدەكات لە گوێڕایەڵى كردنى خواى پەروەردگار ، بەئومێدى ئەوەى سەربخرێن و موەفەق بن بۆ گرتنەبەرى ڕێگاى ڕاست .
لە ئایەتێكى تردا دەفەرموێت: (تَبَارَكَ الَّذِي نَزَّلَ الْفُرْقَانَ عَلَى عَبْدِهِ لِيَكُونَ لِلْعَالَمِينَ نَذِيراً). (الفرقان:1)
واتە: پێز و بەرەكاتى ئەو خوایە گەورەتر و خێراتى زیاتر بێت ، و سیفەتەكانى ئەو خوایە تەواوتر و كامڵتربن كە قورئانى جیاكارى نێوان هەق وناڕەوایى ناردۆتە خوارەوە بۆ سەر بەندەى خۆى موحەممەد ﷺ ، بۆ ئەوەى بۆ مرۆڤ وجنۆكەكان ببێتە پەیامبەر و نێردراو ، و ترسێنەریان بێت لە سزاى خوا.
وە ناوەرۆكى ئەم شایەتى دانەش ئەوەیە كە هەرچی هەواڵێكى دابێت تۆ بەڕاستى بزانیت و باوەڕت پێى هەبێت و هەرچى فەرمانێكى كردبێت جێ بەجێى بكەیت و هەرچى نەهیەكیشی كردبێت نەیكەیت و لێى دووربكەویتەوەو بە پێى شەرعەكەى ئەویش نەبێت خواپەرستى نەكەیت.
وە هەروەها ئەم شایەتیدانە ئەوەش لەخۆ دەگرێت كە نابێت باوەڕت وەها بێت كە پێغەمبەرى خوا ﷺ مافى هەیە لە پەروەردگارێتى و هەڵسوكەوتدا لە گەردووندا یان مافى پەرستنى هەبێت بەڵكو ئەو تەنها بەندەیەكەو ناپەرسترێت و پێغەمبەرێكیشە كە درۆ ناكات و هیچ زیان و سوودێكى بەدەست نیە نە بۆخۆى و نەبۆ جگە لەخۆى مەگەر خوا ویستى لەسەر هەبێت، وەكو دەفەرموێت:
(قُلْ لا أَقُولُ لَكُمْ عِنْدِي خَزَائِنُ اللَّهِ وَلا أَعْلَمُ الْغَيْبَ وَلا أَقُولُ لَكُمْ إِنِّي مَلَكٌ إِنْ أَتَّبِعُ إِلاَّ مَا يُوحَى إِلَيَّ )(الأنعام: الآية50).
واتە: ئەى پەیامبەرى خوا ﷺ بەو هاوەڵبڕیاردەرانە بڵێ : بێگومان من بانگێشى ئەوە ناكەم كە موڵكدارێتى خەزێنەكانى ئاسمانەكان و زەویم هەبێت ، و هەڵسوكەوتى پێوە بكەم ، وە بانگێشى ئەوە ناكەم كە غەیب و پەنهانیەكان دەزانم ، وە ناشڵێم من فریشتەم ، بەڵكو من تەنها نێردراوێكم لەلایەن خواى پەروەردگارەوە ، و شوێنى ئەوە دەكەوم كە بۆم سروش دەكرێت ، و پەیامەكەى بەخەڵك ڕادەگەیەنم. وە ئەو تەنها بەندەیەكى فەرمانپێكراوە و شوێنى ئەوە دەكەوێت كە پێى دەوترێت: (قُلْ إِنِّي لا أَمْلِكُ لَكُمْ ضَرّاً وَلا رَشَداً) (الجن:21) (قُلْ إِنِّي لَنْ يُجِيرَنِي مِنَ اللَّهِ أَحَدٌ وَلَنْ أَجِدَ مِنْ دُونِهِ مُلْتَحَداً) (الجـن:22)
واتە: ئەى پەیامبەرى خوا ﷺ ـ پێیان بڵێ : لەتوانام نیە هیچ زیانێكتان لەسەر لابەرم ، وە ناشتوانم هیچ سودێكتان پێبگەیەنم ، پێیان بڵێ ـ : تەنانەت منیش هیچ كەسێك پەنام نادات و ڕزگارم ناكات لە سزاى خوا ئەگەر سەرپێچی بكەم ، وە جگە لەخوا هیچ پەناگەیەك شك نابەم پەناى بۆ بەرم تا لەسزاى خوا ڕزگارم بێت.
وقال –سبحانه-: (قُلْ لا أَمْلِكُ لِنَفْسِي نَفْعاً وَلا ضَرّاً إِلاَّ مَا شَاءَ اللَّهُ وَلَوْ كُنْتُ أَعْلَمُ الْغَيْبَ لاسْتَكْثَرْتُ مِنَ الْخَيْرِ وَمَا مَسَّنِيَ السُّوءُ إِنْ أَنَا إِلاَّ نَذِيرٌ وَبَشِيرٌ لِقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ) (الأعراف:188). واتە: ئەى پەیامبەرى خوا ﷺ پێیان بڵێ : من تواناى بەدەست هێنانى خێر و چاكەم نیە بۆ خۆم و ناشتوانم شەڕ و خراپە ـ ئەگەر بەسەرم بێت ـ لە خۆم لابدەم و دووربخەمەوە ، جگە لەوەى كە خواى پەروەردگار ویستى لەسەرە ، خۆ ئەگەر پەنهانیەكانم زانیبا ئەوا ئەو هۆكارانەم ئەگرتەبەر كە بەرژەوەندى و قازانجەكانم بۆ زیاتر ئەكەن ، و خۆم ئەپاراست لە شەڕ و خراپە پێش ئەوەى ڕووبدات ، من جگە لە پەیامبەرێك نەبێت كە خواى پەروەردگار بۆ ئێوەى ناردبێت هیچى تر نیم ، لە سزاى خواى پەروەردگار ئاگەدارتان ئەكەمەوە و دەتانترسێنم لێى ، و موژدەى پاداشتیى چاكیش بە خەڵكانێك دەدەم كە باوەڕئەهێنن بەوەى كە من پەیامبەرى خوام ، وكردەوە بە شەرعەكەى ئەكەن. ئا ئەمەش ماناى هەردوو بڕگەى شایەتیە (أن لا إله إلا الله، وأن محمداً رسول الله) .
لەمەوە ئەوە تێدەگەیت كە هیچ كەسێك شایستەى پەرستن نیە نە پێغەمبەر و نە هیچ یەكێكى تر جگە لەو لە دروستكراوەكان، وەپەرستن تەنها مافى خوایە بەتەنها.
(قُلْ إِنَّ صَلاتِي وَنُسُكِي وَمَحْيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ) (162) )لا شَرِيكَ لَهُ وَبِذَلِكَ أُمِرْتُ وَأَنَا أَوَّلُ الْمُسْلِمِينَ) (الأنعام، الآيتان 162، 163) واتە: ئەى پەیامبەرى خوا ﷺ بەو هاوەڵبڕیاردەرانە بڵێ : بێگومان نوێژەكانى من وسەربڕینەكانم بۆ خواى پەروەردگارە بەتەنها ، نەوەك بۆ بت وپەرستراوە ناڕەواكان بێت ، یان بۆ مردووان وجنۆكە وجگە لەوانە بێت كە ئێوە بۆیانى سەردەبڕن ، وە ژیان ومردنیشم تەنها بۆ ( الله ) یە كە پەروەردگارى جیهانیانە . ئەو خوایە هیچ هاوەڵ و هاوبەشێكى نیە نە لە پەرستراوێتیدا و نەش لەپەروەردگارێتى و لە ناو وسیفاتە بەرز و جوانەكانیدا ، وە ئابەو یەكخوپەرستیە ڕوون وپاكە پەروەردگارم فەرمانى پێكردووم ، و منیش یەكەم كەسێكم كە دان بەوەدا بنێم وملكەچ بم بۆى لەم ئوممەتەدا .
وە مافی پێغەمبەرى خوا ﷺ ئەوەیە لەو مەنزڵ و پێگەیە دایبنێیت كە خوا لێی داناوە كە ئەویش بریتیە لە بەندە و نێردراوى خوا صلوات الله وسلامه عليه .
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –
(١) أخرجه البخاري، كتاب المغازي، باب بعث أبي موسى ومعاذ إلى اليمن (4347) . ومسلم، كتاب الإيمان، باب الدعاء إلأى الشهادتين وشرائع الإسلام (19)