گەر بەم شێوەیە حەیوانی قوربانی بكڕی ئەوا قوربانیەكەت دروست نیە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
گەر بەم شێوەیە حەیوانی قوربانی بكڕی ئەوا قوربانیەكەت دروست نیە
پرسیار:

جۆرە كڕین و فرۆشتنێك سەری هەڵداوە بە گۆشتی قوربانیەوە، كە شێوازەكەی ئەمەی خوارەوەیە:

كەسێك لەگەڵ فرۆشیاردا ڕێكدەكەویت لەسەر نرخێك بۆ هەر كیلۆیەك لە گۆشتی (صافی) ئاژەڵی قوربانیەكە، پاشان لەلایەن گۆشتفرۆشەكەوە ئاژەڵەكە سەردەبڕدرێت، دواتر دەكێشرێت و كڕیاریش پارەی گۆشتەكە دەدات بە فرۆشیار.

واتە كڕیار گۆشتی كڕیوە بۆ قوربانی نەك حەیوانێكی تایبەتی دیاری كردبێ و سەری بڕیبێ جا ئایا ئەم شێوازە لە كڕینی گۆشتی قوربانی دروستە یان نا؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

ئەم كارە دروست نییە، ئاژەڵی سەربڕاو لەبری ئاژەڵی قوربانی نابێت، چونكە ئەم جۆرە سەربڕینە بۆ دەستكەوتنی گۆشتەكەیە نەوەك بۆ عیبادەت.

هەر كەسێك لە كاتی كڕینی حەیوان بۆ قوربانی بە فرۆشیارەكە بڵێ من گۆشتی صافیم دەوێ و لە سەر نرخێ ڕێكبكەون ئەوا دروست نیە بەڵكو دەبێ حەیوانێك بەتایبەت دیاری بكات و بۆی سەرببڕێ نابێ بڵێ من تەنها گۆشتی صافیم دەوێ و بەڵكو دەبێ حەیوانێك دیاری بكات و سەری ببڕێ و هەموو گۆشت و چەوری و دوگ و سەروپێ هەموی دەبێتە موڵكی. بۆ گوێزەبانە و نەزریش بە هەمان شێوەیە .

كەواتە : شێوازی شەرعی و دروست ئەوەیە كە تۆ ئەو حەیوانە هەر بە زیندویەتی بكڕی و بیكێشی پاشان سەری ببڕی نەك داوا لە فروشیاری حەیوانەكە بكەی كە گۆشتی حەیوانەكەت بە كیلۆ پێ بفرۆشێ كە زۆر جار كەسەكە سەروپێ و هەندێ لە چەوری و ... ناوێ و تەنها داوای گۆشتی صافی دەكات كە ئەمەش دروست نیە.

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.


ئەم كارە دروست نییە، ئاژەڵی سەربڕاو لەبری ئاژەڵی قوربانی نابێت، چونكە ئەم جۆرە سەربڕینە بۆ دەستكەوتنی گۆشتەكەیە نەوەك بۆ عیبادەت، لە خوارەوە زیاتر ڕوون دەكرێتەوە:

یەكەم: پێویستە بزانرێت كە قوربانی عیبادەتێكی سەربەخۆیە وەكو هەر عیبادەتێكی تر، وەكو نوێژ و ڕۆژوو، مەرجە تێیدا كەسەكە نیەتی خواپەرستی هەبێت و ئیخلاصی هەبێت، هەروەكو چۆن دەبێت پابەندبێت بەو شێوازەی كە شەرع دیاری كردووە، وەكو خوای گەورە لەگەڵ نوێژدا هێناویەتی و دەفەرموێت: {قُلْ إِنَّ ‌صَلَاتِي ‌وَنُسُكِي وَمَحْيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ (١٦٢) لَا شَرِيكَ لَهُ وَبِذَلِكَ أُمِرْتُ وَأَنَا أَوَّلُ الْمُسْلِمِينَ (١٦٣)} [سورة الأنعام]، وقوله سبحانه: {فَصَلِّ لِرَبِّكَ ‌وَانْحَرْ (٢)} [سورة الكوثر].

ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە كە ئەم مانایە بوونی نییە یان لاوازە لە مێشكی زۆرێك لە موسڵماناندا، بەم چاو و نیەتەوە سەیری قوربانی ناكەن، بەڵكو وەكو هەر خێر وصەدەقەیەكی تری ئاسایی تەماشای دەكەن و وا دەزانن بۆ دڵخۆشی جەژن و تێركردنی هەژارانە.

دووەم: ئەگەر ئەوەی پێشوومان زانی، پێویستە ئەوەش بزانین كە عیبادەتی قوربانی بریتییە لە نزیكبوونەوە لە خوا بە ڕشتنی خوێنی ئاژەڵێك لە جۆری وشتر یان مانگا یان مەڕ و بزن. شێوەكەشی ئەوەیە كەسێك ئەو ئاژەڵەی كە هەیەتی و موڵكی ئەوە سەری ببڕێت. ئەمە سادەترین شێوازێتی، ئیتر خودی گۆشتەكە و سوودبینین لێی و دڵخۆشبوونی هەژاران و خۆئامادەكردن بۆ چەژن و مانا و دەرهاویشتەكانی تری هەموو لەخۆدەگرێت. 

سێیەم: ئەگەر ئەو دوو خاڵەی پێشوو زانرا، دەبێـت ئەوە بزانرێت و ڕوون بێتەوە كە كڕینی گۆشتی ئاژەڵی قوربانی دوای سەربڕینی، پێچەوانەی مەبەستی خوایە لە شەرعاندنی دروشم و عیبادەتی قوربانی، وە ئەو كارە نییە كە موسڵمان دەیەوێت بە ڕشتنی خوێنی ئاژەڵێك لە خوا نزیك بێـتەوە و دڵ و دەروونفراوانی تێدانییە، چونكە كڕینی گۆشت بە كیلۆ لەڕاستیدا ڕژدی و ڕەزیلی لەخۆدەگرێت و هەستدەكرێت ئەو مامەڵەیە زیاتر پەیوەندی بە مادە و پارە و نرخەوە هەیە، سوودی دونیایی پێش دەخرێت تاوەكو پاداشتی قیامەت. 

چوارەم: یەكێك لە مەرجەكانی قوربانی ئەوەیە، كەسەكە دەبێت خاوەنی ئاژەڵەكە بێت بەتەواوی، بۆیە ئەوەی لە پرسیارەكە هاتووە بریتی نییە لەمە، بەڵكو كڕینی گۆشتە نەوەك ئاژەڵ بە ساغی، لەمەشدا دوو سەرپێچی شەرعی تێدایە:

یەكەم: كەسەكە نیەتی قوربانی هەیە بە ئاژەڵێك كە هێشتا هی خۆی نییە و بەڵكو هەر ئاژەڵ نییە و گۆشتە، لەم حاڵەتەشدا قوربانی بە شتێكەوە كە موڵكی كەسەكە نەبێت دروست نییە.

دووەم: فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵی قوربانی، لەكاتێكدا كڕینی گۆشتی ئەو ئاژەڵی قوربانیە حەرامە و دروست نییە. ئەو ئاژەڵە كراوەتە قوربانی و بەخشیش نەوەك گۆشتەكەی كاڵایەك بێت بۆ كڕین و فرۆشتن.   

پێنجەم: بەم ڕوونكردنەوەیەی كە درا، جیاوازی نێوان حوكمی فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵێك كە بۆ خوا سەربڕدرابێت و ئاژەڵێكیش تەنها بۆ خواردن سەربڕابێت دەركەوت و ڕوون بوویەوە، سەربڕین بۆ خواردن بواری زیاتر و فراوانترە، چونكە لە بنچینەدا مامەڵە و عادات حەڵاڵ و ڕێگەپێدراون بەپێچەوانەی عیباداتەوە كە لە ئەسڵدا ڕێگەپێنەدراوە مەگەر بەو شێوازە نەبێت كە شەرع دایناوە.

تێبینی :

كەواتە : شێوازی شەرعی و دروست ئەوەیە كە تۆ ئەو حەیوانە هەر بە زیندویەتی بكڕی و بیكێشی پاشان سەری ببڕی نەك داوا لە فروشیاری حەیوانەكە بكەی كە گۆشتی حەیوانەكەت بە كیلۆ پێ بفرۆشێ كە زۆر جار كەسەكە سەروپێ و هەندێ لە چەوری و ... ناوێ و تەنها داوای گۆشتی صافی دەكات كە ئەمەش دروست نیە.

سەردان: ٢٦٠ بەش: قوربانى كردن