چۆنێتی دەركردنی زەکاتى کاڵای بازرگانى (عُروض التِّجارةِ)
زەکاتى کاڵای بازرگانى (عُروض التِّجارةِ)
زانایان بۆ چوونى جیاوازیان هەیە سەبارەت بە کاڵاى بازرگانى بەڵام بۆچوونى پەسەند لەلاى زۆرینەى ڕەهای زانایان لە کۆن و نوێدا بریتی یە لەوەى کە زەکاتى تێدایە بەڵکو کۆمەڵیک لە زانایان کۆدەنگی نەقڵ دەکەن .
کاڵاى بازرگانى بریتیە لە : هەر شتێک دانرابێت بۆ کڕین و فرۆشتن لە سەیارە و خانوو و زەوی و خۆراک و مۆبایل و کۆمپیوتەر و کەرەستەی بیناسازی و پارچەی ئۆتۆمبیڵ .... هتد .
مەرجەکانى زەکات لە کاڵاى بارزگانیدا :
١. بگات بە ئەندازەى واجب بوونى زەکات .(گەشتن بە نصابی زەکات )
٢. ساڵێک بەسەر خاوەندارێتیدا تێپەڕ ببێت .
٣. بە نیەتى کڕین و فرۆشتن دانرابێت .
چۆنیەتى دەرکردنى زەکاتى کاڵاى بازرگانى :
ئەو کەسەی کاڵاى بازرگانى هەیە لە کاتى سوڕانەوەی ساڵدا شتومەکەکانی جرد دەکات بەنرخى فرۆشتنى ئەو رۆژە و بڕی(٤٠/١) لێ دەردەکات .
لە کاتى جەرد کردندا بۆ دەرکردنى زەکات : نرخی فرۆشتنى ڕۆژ هەژماردەکات نەوەک ئەو نرخەى کە پێی کڕییووە.
پاشان :
ئەگەر بە کۆ کڕین و فرۆشتنى دەکرد (جوملە فرۆش) بوو ئەوا بە نرخی کۆ هەژماری دەکات .
وە ئەگەر تاک کڕین و فرۆشتنى دەکرد (مفرد)بوو ئەوا بە نرخی تاک هەژماری دەکات .
وە ئەگەر بە تاک و بەکۆ کڕین و فرۆشتنى دەکرد ئەوا کامیان زۆرترین مامەڵەیەتى ئەوەیان هەژمار دەکات .
پاش جەرد کردنى هەموو ئەو کاڵایانەى کە بۆ کڕین و فرۆشتن دانراوە و هەژمارکردنى بە نرخی فرۆشتنى ڕۆژ ئەوا بڕی (٤٠/١) لێ دەردەکات .
بەم شێوەیە : بڕی پارە ÷٤٠ = ئەندازەی زەکات.
بۆ نموونە :
بە دۆلار : ١٠٠ وەرەقە ÷٤٠ = ٢,٥
واتا لە یەک دەفتەر ٢,٥ نیووە زەکاتەکەیەتى .
بەدینار : ١ ملیۆن ÷٤٠ = ٢٥ هەزار
واتا لە یەک ملیۆن دینار ٢٥ هەزار زەکاتەکەیەتە .
چەند تێبینیەک :
١. مەبەست لە کاڵاى بازرگانى بریتیە لە هەموو ئەو کاڵایانەى کە بارزگانى و کڕین و فرۆشتنى پێوە دەکرێت نەوەک کەرەستەی بنچینەیى فرۆشگا :
بۆنموونە لە مارکێتێکدا : ڕەفەکان و ساردکەرەوە و قەپان بە کاڵاى بازرگانى دانانرێت .
٢. کە باسی زەکات دەکرێت لە ( خانوو یان زەویدا یان باخ ) مەبەست لێی بریتیە لە ئەوەى کە دانراوە بۆ کڕین و فرۆشتن وەکو ئەوەى لە نوسینگەکانى خانووبەرە کڕین و فرۆشتنى پێوە دەکرێت نەوەک ئەوەی کە تایبەتیە و کەسەکە بۆ خودی خۆی بەکار دەهێنێت .
٣. مەبەست لە زەکاتی ( ئۆتۆمبێل ) لە کاڵای بازرگانیدا بریتیە لە ئەو ئۆتۆمبێلانەى کە کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت وەکو ئەوەى لە پێشانگاى ئۆتۆمبێلدا (مەعەرەزی سەیارە) کڕین و فرۆشتنى پێوە دەکرێت نەوەک ئەو ئۆتۆمبێلانەى کە تایبەتى و کەسین .
٤. زەوی یان خانوو یان سەیارە ئەگەر بۆ بەکرێدان بوو نەوەک کڕین و فرۆشتن ئەوا زەکات لەسەر داهاتەکەیەتى ئەگەر کۆ بوویەوە و گەشت بە نصابی زەکات و پاشان ساڵێکى بەسەردا بڕوات .
والله أعلم .
