حوکمی کەسێک بە ئیحرامەوە لەحەج جیماعی کرد بە نەزانین: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی کەسێک بە ئیحرامەوە لەحەج جیماعی کرد بە نەزانین
پرسیار: حوكمى ئەو كەسە چییە كە بەئیحرامەوە لە حەج جیماعى كرد بەنەزانینى بە حوكمى جیماع لەو كاتەدا؟

وەكو ئاشكرایە كە جیماع یەكێكە لە حەرامكراوەكانى كاتى ئیحرام، وەكو خواى گەورە فەرموویەتى: (الْحَجُّ أَشْهُرٌ مَعْلُومَاتٌ فَمَنْ فَرَضَ فِيهِنَّ الْحَجَّ فَلا رَفَثَ وَلا فُسُوقَ وَلا جِدَالَ فِي الْحَجّ) (البقرة: 197) واتە: كاتى حەج چەند مانگێكى دیاریكراوە : كە بریتین لە : شەوال ، زولقەعیدە ، و دەڕۆژى زولحیججە ، جا هەر كەس لەو مانگانەدا حەج لەسەر خۆى پێویست بكات ، بە ئیحرام بەستن ئیتر جووت بوون و پێیشەكیە گوفتارى و كرداریەكانیشى لەسەر حەرام دەبێت ، وە دەرچون لە تاعەتى خواى لەسەر حەرام دەبێت وەك بڕوا سەرپێچیەكان ئەنجام بدات ، هەروەها دەمەدەمكردنى لەسەر حەرام دەبێت كە دەبێتە مایەى ڕق وتوڕەیى.
جا جیماع كردن لە گەورەترینى حەرامكراوەكانى ئیحرامە، ئەگەر كەسێك جیماعى كرد و لە ئیحرامدا بوو یان ئەوەتا پێش لە ئیحرام دەرچوونى یەكەمە یان پاش لە ئیحرام دەرچوونى یەكەمە، وە ئەگەر پێش لە ئیحرام دەرچوونى یەكەم بوو ئەوا كۆمەڵێك حوكم لەسەر جیماعەكەى دروست دەبێت لەم شیوەیەى خــوارەوە:
یەكەم: بەتاڵ بوونەوەى حەجەكەى بەشێوەیەك كە شوێنى حەجى سوننەت و فەرزیش ناگرێــتـەوە.
دووەم: تـــاوان.
سێ یەم: بەردەوام بوون لەسەرى، واتە لەگەڵ ئەوەى كە بەتاڵیشە هەر دەبێت لەسەرى بەردەوام بێت وەكو حەجێكى تەواو لە هەموو حوكمەكانیدا.
چوارەم: واجبێتى قەزاكردنەوەى لەساڵى ئایندەدا، ئیتر ئەو حەجە فەرز بێت یان سوننەت، ئەگەر حەجى فەرزبوو ئەوا واجبێتى قەزاكردنەوەى ئاشكرایە كە ئەم حەجەى بەهۆى جیماع كردنەوە لەسەرى نەكەوت وبەتاڵ بوویەوە، ئەگەریش هى سوننەت بوو ئەوا حەجى سوننەتیش واجبە بەردەوام بێت كەچووە ناویەوە تەواوى بكات لەبەر ئایەتى: 
(وَأَتِمُّوا الْحَجَّ وَالْعُمْرَةَ لِلَّه) (البقرة:196) واتە: وە حەج وعومرە بەتەواوى بەجێبگەیەنن ، بە خاڵصى بۆ خواى پەروەردگار .
وە خواى گەورە پەیوەست بوونى بە حەجەوە بە فەرز ناوناوە وەكو دەفەرموێت: (الْحَجُّ أَشْهُرٌ مَعْلُومَاتٌ فَمَنْ فَرَضَ فِيهِنَّ الْحَج) (البقرة: 197) واتە: كاتى حەج چەند مانگێكى دیاریكراوە : كە بریتین لە : شەوال ، زولقەعیدە ، و دەڕۆژى زولحیججە ، جا هەر كەس لەو مانگانەدا حەج لەسەر خۆى پێویست بكات. بۆیە دەڵێین واجبە ئەو كەسە حەجەكەى بەكۆتا بگەیەنێت و تەواوى بكات هەرچەندە فاسدیش بێت ئیتر فەرز بێت یان سوننەت.
خاڵى پێنجەم: ئەوەیە كە وشترێك سەرببڕێت وەكو كەفارەتێك بۆ ئەو كارەى كە كردوویەتى و دابەشى بكات بەسەر هەژاراندا وە ئەگەریش لەبرى ئەو وشترە حەوت مەڕ سەرببڕێت هەر دروستە و دەبێت. ئەمەش حوكمى جیماعە لەپێش لە ئیحرام دەرچوونى یەكەم.
بەڵام ئەگەر جیماعەكە لە پاش لە ئیحرام بەستنى یەكەم بوو ئەوا تاوان و فەسادى تەنها ئیحرام بەستنەكەى دەكەوێتە سەر، وەلەسەریەتى شەكێك سەرببڕێت و بەسەر هەژاراندا دابەشی بكــات یان خواردنى شەش هەژار بدات بۆ هەر كەسێك نیو صاع لە گەنم یان جگە لەو، یاخود سێ رۆژ بەرۆژو بێت و لەنێوان ئەم سێ هەڵبژاردەدا خۆى سەرپشكە، ودووبارە سەرلەنوێ ئیحرام دەبەستێت و دەڕوات بۆ نزیكترین میقات و لەوێ ئیحرام دەكات بۆ ئەوەى بە ئیحرامەوە تەوافى ئیفازە بكات، زانایان بەم شێوەیە باسیان كردووە.
ئەگەر ووترا: كەى لە ئیحرام دەرچونى یەكەمە؟ 

دەڵێین: لە ئیحرام دەرچوونى یەكەم بە شەیتان رەجمى عەقەبە دەبێت لەرۆژى جەژن و سەرتاشین یان كورت كردنەوەى، جا ئەگەر مرۆڤ شەیتان رەجمى عەقەبەى كرد لەرۆژى جەژن یان سەرى تاشی یان كورتى كردەوە ئەوا لە ئیحرام دەرچوونى یەكەمى دەست پێ دەكات و هەموو حەرامكراوەكانى بۆ حەڵاڵ دەبێت جگە لە ئافرەت نەبێت(جیماع).
عائیشە رەزاى خواى لێ بێت دەڵێت: (( كنت أطيب النبي لإحرامه قبل أن يحرم ولحله قبل أن يطوف بالبيت))(1). واتە: من بۆنى خۆشم لە پێغەمبەر دەدا ـ ـ  پێش ئەوەى ئیحرام ببەستێت و هەروەها لە ئیحرام دەرچوونى یەكەمى پێش ئەوەى تەوافی كەعبە بكات. جا ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى كە لە ئیحرام دەرچوونى تەوافی بەدوادا دێت، و ئەوەش دەخوازێت كە سەرتاشین پێش لە ئیحرام دەرچوون بووە وەكو كەمێك پێش ئێستا باسمان كرد بەوەى كە لە ئیحرام دەرچوونى یەكەم بە شەیتان رەجمى عەقەبە دەبێت لە رۆژى جەژندا یان سەرتاشین یان كورت كردنەوەى، جا جیماع كردن لە پێش ئەوە ئەو پێنج خاڵەى ئاماژەمان پێى كرد لەسەرى دروست دەبن، وە ئەگەریش جیماعەكە لەپاش ئەوەبوو ئەوا وەكو وتمان تاوانى تێكچونى ئیحرامەكەى لەسەرە بەبێ بەتاڵ بوونەوەى حەجەكەى، بەڵام فیدیەى لەسەر واجبە یان خواردن دان بە هەژار یان سێ رۆژ بەرۆژو بوون ئیتر لە مەككە بێ یان لەشوێنى تر وە بەشوێن یەكدا بێت یان بەجیاجیا هەر دروستە، وە ئەگەریش كەسەكە نەیزانى ئەو كارە حەرامە ئەوا هیچی لەسەر نییە ئیتر پێش لەئیحرام دەرچوونى یەكەم بێت یان دواى، لەبەر ئەوەى خواى گەورە فەرموویەتى: ( رَبَّنَا لا تُؤَاخِذْنَا إِنْ نَسِينَا أَوْ أَخْطَأْنَا) (البقرة:286)   فقال الله قد فعلت، واتە: پەروەردگارا سزامان مەدە ئەگەر شتێكمان لەبیرچوەوە لەوەى فەرزت كردوە لەسەرمان ، یان هەڵەمان كرد و شتێكمان كرد كە یاساغیت لێكردوە. خواى گەورەش فەرمووى: ئەوا كردم.
خواى گەورە دەفەرموێ
: (وَلَيْسَ عَلَيْكُمْ جُنَاحٌ فِيمَا أَخْطَأْتُمْ بِهِ وَلَكِنْ مَا تَعَمَّدَتْ قُلُوبُكُمْ وَكَانَ اللَّهُ غَفُوراً رَحِيماً) (الأحزاب: 5). واتە: وە گوناهبار نابن لەوەى كە بەهەڵە ئەنجامتانداون و بە ئەنقەست نەبووە ، بەڵكو تەنها خواى پەروەردگار لێتاندەگرێت ئەگەر ئەوە بە ئەنقەست ئەنجامبدەن . وە خواى پەروەردگاریش لێبوردەیە بۆ ئەو كەسانەى هەڵەیانكردووە ، و بەڕەحم و بەبەزەییە بۆ ئەو كەسەى كە تەوبەى لە گوناهەكانى كردووە.
ئەگەر وترا: ئەگەر كەسەكە زانى كە جیماع كردن لە ئیحرامدا حەرامە بەڵام نەیزانى هەموو ئەو شتانەى لەسەر واجب دەبێت، و ئەگەر بیزانیبایە ئەو شتانەى لەسەر دروست دەبن ئەوا جیماعى نەدەكرد ئایا عوزرى هەیە؟
وەڵام: ئەمە عوزر نییە، چونكە نەزانین ئەوەیە كە كەسەكە نەزان بێت بە حوكمەكە و نەزانێت ئەو شتە حەرامە، بەڵام نەزانین بەوەى دروست دەبێت لەسەر ئەو كارە عوزر نییە، بۆیە ئەگەر پیاوچاكێك بزانێت كە زینا حەرامە و باڵغ و ژیریش بێت و مەرجەكانى پیاوێتى و هاوسەردارى لەسەرى بێت ئەوا رەجم كردن لەسەرى واجب دەبێت، وە ئەگەریش بڵێت من نەمزانى كە حەدى ئەم كارە رەجـمـم كردنە و ئەگەر بمزانیبایە حوكمەكەى رەجم كردنە ئەوا زینام نەدەكرد، پێى دەڵێین: ئەمە عوزر نییە بۆت و دەبێت بەردباران بكرێیت، با حەدو سزاى زیناش نەزانى.
هەر بۆیە كاتێك ئەو پیاوەى كە لەرۆژى رەمەزاندا جیماعى كرد هات بۆ لاى پێغەمبەرى خوا
ـ ـ  وپرسیارى لێكرد كە چى لەسەرە، پێغەمبەرى خوا ـ ـ  كەفارەتى لەسەر ئیلزام كرد لەكاتێكدا ئەو پیاوە نەزان بوو بە دەرئەنجامى ئەو كارەى كەچى لێ دەكەوێتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە مرۆڤ ئەگەر تاوانێكى كرد و حەرامێكى شكاند ئەوا شوێنەوارى ئەو تاوانەى لەسەر دروست دەبێت ئەگەریش ئەو شوێنەوارانە نەزانێت لەكاتى ئەنجامدانى تاوانەكەدا.

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -  


(1) أخرجه البخاري: كتاب الحج/ باب الطيب  عند الإحرام (1539) . ومسلم : كتاب الحج/ باب الطيب للمحرم عند الإحرام (1189).

سەردان: ٣ بەش: حەج و عومرە