ئافرەتێك لە حەیزدایە و تەوافی ئیفازەى نەكردوە و لەدەرەوەى سعودیە نیشتەجێیە و كاتى گەڕانەوەى هاتووە و ناشتوانێت دوابكەوێت و هاتنەوەشی مەحاڵە بۆ سعودیە جارێكى تر ئایا چی بكــات؟
ئەگەر كارەكە بەو شێوەیەیە كەباسى كرد، واتە تەوافی ئیفازەى نەكرد و كەوتە حەیزەوە و ناشتوانێت لە مەككە بمێنێتەوە و ناشتوانێت دووبارە بۆى بگەڕێتەوە ئەوا لەم حاڵەتەدا ئەو ئافرەتە دوو شتى بۆ دروستە بیكات:
1- یان ئەوەتا دەرزى بەكاربهێنێت بۆ وەستاندنى خوێنەكەى و تەواف بكات ئەگەر زیانى بۆى نەبوو دەرزیەكە.
2- وە یان ئەوەتا بیبەستێت بەبەستەرێك كە رێگرى بكات لە هاتنى خوێن بۆ ناو مزگەوت و لەبەر پێویستى تەواف بكات، وە ئەم بوچونەش پەسەندكراوە و هەڵبژاردەى شێخى ئیسلام ابن تیمیەیە رحمەالله.
وە پێچەوانەى ئەو كارەش یەكێك لەم كارانە دەبێت:
1- یان ئەوەتا بە ئیحرامەكەیەوە بمێنێتەوە بەشێوەیەك كە دروست نییە بۆ مێردەكەى نزیكى بكەوێتەوە یان ئەگەر هاوسەرگیرى نەكردووە گرێبەست نەكات.
2- وە یان ئەوەتا بە ئابڵوقەدراو هەژماردەكرێت و ئاژەڵێك سەردەبڕێت و لە ئیحرامەكەى دەردەچێت، ولەم حاڵەتەدا ئەو حەجەى بۆ ناژمێردرێت.
وە هەردوو كارەكەش قورس وگرانە، یەكەمیان بریتی بوو لە مانەوەى بە ئیحرامەكەیەوە، و دووەمیان بریتی بوو لە لەدەست چوونى حەجەكەى بۆە وتەى پەسەند ئەوە دەبێت كە شێخى ئیسلام –رحمەالله- بۆى چووە بۆ وەها حاڵەتێكى پێویستى وخواى گەورەش فەرموویەتى:( وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ) (الحج: 78) واتە: خواى گەورە بەخششى خۆى پێكەرەم كردوون بەوەى شەریعەتەكەى نەرم ولێبوردە كردوون ، كە هیچ تەنگوچەڵەمە و بارگرانى و ناڕەحەتى لە داواكارى و ئەحكامەكانى تێیدا لەسەر شانتان دانەناوە.
وە هەروەها دەفەرموێت: ( يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ ) (البقرة: 185). واتە: خواى بەرز و بڵند و پایەبەرز ئاسانكارى بۆ دەوێن لەشەریعەتەكانیدا ، و مەشەقەت و ناڕەحەتى بۆ ناوێن.
بەڵام ئەگەر ئافرەتەكە دەتوانێت سەفەر بكات و كە پاك بوویەوە بگەڕێتەوە ئەوا ئاساییە سەفەرەكەى بكات، كە پاك بوویەوە بگەڕێتەوە و تەوافی كەعبە بكات ولەم ماوەیەشدا بۆ مێرد حەڵاڵ نییە، چونكە لە ئیحرام بەستنى دووەم دەرنەچووە.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -
