دەوترێت نابێت بەو بەردانەى كە هاوێژراون دووبارە شەیتان رەجم بكرێتەوە ئایا ئەو قسەیە تەواوە؟ وە بەڵگە چییە لەسەرى؟
وەڵام: ئەم قسەیە ڕاست نییە، چونكە ئەوانەى كە ئەو قسەیە دەكەن سێ هــۆكار باس دەكەن كە ئەمانەن:
1- دەڵێن: ئەو بەردانەى كە هاوێژراون وەكو ئاوى بەكارهاتوو وایە لە پاكبونەوەى واجبدا، وە ئاوى بەكارهاتویش لە پاكبونەوەو غوسلى واجبیشدا پاكە بەڵام پاككەرەوە نییە.
2- وەكو عەبدێك وایە كە ئازادبكرێت، و دووبارە ئازاد ناكرێتەوە لە كەفارەت و جگە لەویشدا.
3- ئەگەر بڵێین دروستە بەردى هاویشتراو دووبارە بەكاربهێنرێتەوە ئەوا دەبێت ئەوەش بڵێین كە دروستە هەموو حاجیەكان بەیەك بەرد شەیتان رەجم بكەن، تۆ بەم بەردە شەیتان رەجمت كرد، پاشان بیهێنەوە و دووبارە بیهاوێژەوە، پاشان بیهێنەوە دیسان بیهاوێژەوە هەتا حەوت جارەكە تەواو دەبێـت، پاشان كەسێكى تر هەمان شت دووبارە بكاتەوە هەتا حەوت جارەكەى خۆى تەواو دەبێت. جا ئەمە ئەو سێ هۆكارە بوون كە ئەوان دەیكەن بەبەڵگە بۆ خۆیان ولەڕاستیشدا ئەم هۆكارانە لەكاتى وردبوونەوە لێیان دەركەون كە هەموویان ناتەوان و لاوازن.
یەكەم: ئێمە دەڵێین لە بنچینەدا ئەو حوكمە مەنع و نەكردنە، كە بریتیە لەوەى ئاوى بەكارهاتوو لە غوسڵى واجبدا پاكە بەڵام پاككەرەوە نییە، چونكە بەڵگە نییە لەسەر ئەوە، وە ناتوانرێت وەصفی پاكێتى ئاو كە ئەصلە بیگۆڕین بۆ شتێكى تر ئیلا بەبەڵگە نەبێـت، بۆیە بینا لەسەر ئەمە كەواتە ئاوى بەكارهاتوو لە پاكبونەوەى واجبدا پاكە وپاككەرەوەیشە، جا ئەگەر ئەو حوكمە ئەصلەى كە قیاسى لەسەر دەكرێت پوچەڵ بكرێتەوە ئەوا حوكمى لاوەكی وفەرعیش نامێنێت وپوچەڵ دەبێتەوە.
دووەم: بریتیە لە قیاس كردنى بەردى هاویشتراو بە بەندەى ئازادكراو، ئەمەش لەڕاستیدا قیاسێكە لەگەڵ جیاوازیەكى زۆردا، چونكە بەندە كە ئازاد كرا ئیتر ئازادە و بەندە نییە و ئازادیش دووبارە ئازاد ناكرێت، بەپێچەوانەى بەردەوە كە بهاوێژرێت هەر بەبەردى دەمێنێتەوە دواى هاویشتنەكەش، و ئەو مانایەى لەدەست نەداوە كە دووبارە بەكاربهێنرێت بۆ هاویشتن، بۆیە ئەگەر ئەو بەندەیەى كە ئازاد كراوە دووبارە بكرێتەوە بەبەندە بەهۆكارێكى شەرعى ئەوا دروست بوو جارێكى تر ئازاد بكرێتەوە.
سێ یەمیش ئەوەیە كە دەڵێن هەموو حاجیەكان بەیەك بەرد شەیتان رەجم بكەن، ئەوا دەڵێین: ئەگەر ئەوە توانرا ئەوا با بكرێت و هیچی تێدا نییە، بەڵام ئەوە كارێكى مەحاڵە، چونكە كەس ئەو كارە ناكات لەبەر ئەوەى بەردى پێویست هەیە ولەبەردەستە بۆ شەیتان رەجم.
وە بینا لەسەر ئەوە ئەگەر بەردێك یان زیاتر لەدەستت كەوتە خوارەوە لە ناوچەى شەیتان رەجمدا ئەوا لەو بەردانەى ناو دەستت ببە لەبرى ئەوە و بیهاوێژە ئیتر با گومانى زۆریشت وەها بێت كە هاوێژرابێت یان نا.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -
