پیاوێك لەرۆژى عەرەفەدا نەخۆش كەوت ولەمینا نەمایەوە وشەیتان رەجم و تەوافى ئیفازەشی نەكرد ئایا چی لەسەرە؟
ئەگەر ئەو كەسە بەجۆرێك نەخۆش كەوتبوو كە ناتوانێت حەجەكەى تەواو بكات و لەسەرەتا ئیحرامەكەشیەوە ووتویەتى: " ئەگەر شتێك هاتە رێگەم لەكاتى حەجەكەمدا ئەوا ئەو شوێنە كاتى لەئیحرام دەرچوونم بێت". ئەوا لە ئیحرام دەردەچێت و هیچی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر ئەو حەجە حەجى فەرز بێت ئەوا لەساڵى ئایندەدا ئەنجامى دەدات، بەڵام ئەگەر لەسەرەتاوە بەمەرجى نەگرتبێت ئەوا لەسەر وتەى ڕاست وپەسەندى زانایان ئەوەیە ئەگەر نەیتوانى حەجەكەى تەواو بكات بۆى هەیە لە ئیحرام دەربچێت بەڵام واجبە لەسەرى هەدیەك سەرببڕێت لەبەر ئایەتى: (وَأَتِمُّوا الْحَجَّ وَالْعُمْرَةَ لِلَّهِ فَإِنْ أُحْصِرْتُمْ فَمَا اسْتَيْسَرَ مِنَ الْهَدْيِ ) واتە: وە حەج وعومرە بەتەواوى بەجێبگەیەنن ، بە خاڵصى بۆ خواى پەروەردگار . جا ئەگەر دواى ئیحرام بەستن ڕێگریەك هاتە پێش وەكو دوژمن یان نەخۆشى لەوەی حەج وعومرەكەتان تەواو بكەن ، ئەوە پێویستە لەسەرتان ئەوەندەى پێتان دەكرێت لەوشتر یان لەمانگا یان لەمەڕ سەر ببڕن بۆ نزیكبونەوە لەخواى بەرز و بڵند و پایەبەرز. جا لە ئایەتەكەدا وشەى: (أُحْصِرْتُمْ) هەیە وڕاستتر ئەوەیە كە رێگرى دوژمن و جگە لەویش دەگرێتەوە و هەر رێگریەك هاتە پێش لە تەواوكردنى حەجەكە.
بۆیە لە ئیحرام دەردەچێت و (هەدی یەك) سەردەبڕێت و لەوە زیاتر هیچی لەسەر نییە، ئیلا ئەگەر حەجى فەرزى نەكردبێت ئەوا ساڵى ئایندە دەیكاتەوە. بەڵام ئەگەر ئەم نەخۆشە بەڕێـوەبوو لەحەجەكەیدا و لە موزدەلیفە وەستا وبەڵام لە مینا نەمایەوە ئەوا لەم حاڵەتەدا حەجەكەى صەحیح وتەواوە ولەسەرى كەوتووە، بەڵام بۆ هەر واجبێك كە نەیكردووە ئاژەڵێك دەبێت سەرببڕێت واتە ئاژەڵێك لەبرى شەومانەوە لە مینا و ئاژەڵێك لەبرى شەیتان رەجمەكە.
بەڵام تەوافی ئیفازە دەمێنێتەوە وئەگەر خوا شیفاى دا ئەوا دەیكات، چونكە تەوافی ئیفازە كۆتا كاتەكەى لەسەر وتەى ڕاستى زانایان بریتیە لە كۆتایی مانگى زى الحجە و ئەگەر بەهۆى عوزرەوە بوو ئەوا هەتا عوزرەكە نامێنێت.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -
